|
|
|
|
خه‌زه‌ڵوه‌ری دوای ته‌مه‌نێک تێکۆشان
عبدالرحیم معرفتی کوردستان نیشتمانی که‌ونارای کورد به درێژایی مێژووی پڕ له ژانی خۆی گه‌لێک رۆڵه‌ی به‌وه‌ج و هه‌ڵکه‌وتوو و نیشتمانپه‌روه‌ری له داوێنی خاوێنی خۆیدا په‌روه‌رده‌کردوون و پێشکه‌ش به نه‌ته‌وه‌ی چه‌وساوه و قه‌ت نهساوهی کوردی کردوون. کۆڕی کاروانی کوڕانی کوردپه‌روه‌ر و کوردستاندۆست، کۆمای ئه‌و ڕۆڵه تێکۆشه‌رانه‌ی له مه‌کۆی کۆڵنهدهراندا کۆکردۆته‌وه و کووره‌ی خه‌باتی کوردانه‌ی پێ نێڵداوه و کڵپه‌ی گڕی ئاگری شۆڕشی ڕزگارییخوازانه‌ی کورد و کوردستانی بڵێسه‌دارتر کردووه. هه‌ر ڕێبوارێک له‌و کاروانه، هه‌ر شاسوارێک له‌و سوارانه، هه‌ر ڕۆڵه‌یه‌ک له‌و کوردانه، دڵسۆزانه و لێبڕاوانه، پیشه‌یان قوربانی دانه، بۆ ئه‌م گه‌ل و نیشتمانه. ئه‌ستێره‌یه‌کی گه‌ش و پڕشنگداری ئاسمانی تێکۆشانی بێ وچانی خاکی پاکی نیشتمان و، شاسوارێکی شایسته و لێوه‌شاوه‌ی کاروانی کۆڵنه‌دان و به‌رخودان ڕۆڵه و، ڕێبه‌رێکی چازان و پیتۆڵ و سیاسه‌توان، که به بێ گوێدان به هه‌ر چه‌شنه تاڵیی و سوێریی و کوێره‌وه‌ریی و ره‌نج و مه‌ینه‌تێکی ژیان، هاته مه‌یدان و به دڵ و گیان، خۆی ته‌رخان کرد بۆ سه‌رهه‌ڵدان، فیداکاریی به ژیان و گیان؛ مامۆستا و سه‌رکرده‌ی به ئیمان ( مامۆستا مه‌لا خدر عه‌بباسی)یه که هه‌ر له قۆناغی منداڵیی و دوای ته‌واوکردنی قۆناغه‌کانی خوێندنی ئایینی له حوجره‌کانی کوردستان و سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی لاوی‌دا، هه‌ستی به ژێرده‌ستیی نیشتمانه‌که‌ی و چه‌وساوه‌یی گه‌له‌که‌ی کرد و لیبڕاوانه بڕیاری دا و چاکی مه‌ردایه‌تی کرد به‌لاداو قۆڵی خه‌باتی لێهه‌ڵماڵی و له‌پێناو ئازادیی زێدی باب و باپیرانی و رزگاریی نه‌ته‌وه‌که‌یدا تاوی دایه خه‌باتێکی شێلگیرانه و وه‌ک سه‌ردارێکی هه‌ڵکه‌وتوو وپێشهوایهکی نه‌سره‌وتوو،له پێشه‌وه‌ی کاروانی خه‌باتگێڕانی کوردستاندا به هۆشیارییه‌وه هه‌نگاوی ده‌نا و به بیر و ژیریی و زاناییه‌وه رێچکه‌ی خه‌باتی دیاری ده‌کرد و به ئامۆژگاریی و رێنماییه‌کانی ته‌می تاریکیی و تنووکیی به‌ر ده‌م رێبوارانی رێگای پڕ که‌ند و کۆسپی شۆرشی ره‌وای کوردستانی ده‌ڕه‌وانده‌وه. رێبه‌ری شه‌هید مامۆستا مه‌لا خدر عه‌بباسی وه‌ک مامۆستا و خه‌مخۆر که به بیری کوردانه و باوه‌ڕی موسڵمانانه فرچکی گرتبوو و له سروشتی پاکی کوردستان و هه‌ناوی کۆمه‌ڵانی هه‌راوی به باوه‌ڕی گه‌له‌که‌ماندا پێگه‌یشتبوو، له راپه‌ڕینه‌کانی دژی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆریی دوو هه‌زار و پێنجسه‌د ساڵه‌ی پاشایه‌تی ئێران‌دا رۆڵێکی چالاک و رێبه‌رانه‌ی هه‌بوو و له رێکخستن و ئاراسته کردنی خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان به‌ره‌و گۆڕه‌پانی رابوون و به‌رخودان دژی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نه‌گریسه، هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی دا و شوێنپه‌نجه‌ی ئه‌م قۆناغه پڕ تێکۆشانه‌ی له مێژووی پڕ سه‌روه‌ریی گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ماندا وه‌ک خۆرێکی تیشکاوێژ ده‌دره‌وشێته‌وه. دوای سه‌رکه‌وتنی راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێران و تێکڕووخانی کۆشکی ملهوڕیی و دیکتاتۆریی پاشایه‌تی و هه‌ڵاتنی خۆری ئازادیی، ده‌رووی چالاکیی و تێکۆشانی سیاسیی له سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا ئاوه‌ڵاتر بوو و له کوردستانیش ئه‌م ده‌رفه‌ته ره‌خسا و عاشقانی تامه‌زرۆی به‌ختیاریی و ئازادیی کورد و ئاوه‌دانیی کوردستان له ئاسۆی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیدا تروسکه‌ی هیوایان به‌دیکرد و له پێناو خزمه‌ت به گه‌ل و وڵات‌دا که‌وتنه‌خۆ و به هه‌ستکردن به به‌رپرسیارییه‌وه له هه‌وڵی قۆستنه‌وه‌ی هه‌لی هه‌ڵکه‌وتوودا بوون و له چوارچێوه‌ی پارت و رێکخراوه تێکۆشه‌ره سیاسییه‌کاندا بۆ وه‌دیهێنانی ئاواته له‌مێژینه‌کانی گه‌لی سته‌مدیده‌ی کورد تێده‌کۆشان. مامۆستا خدریش که ته‌مه‌نێک له پێناو ئه‌و ئاوات و ئامانجه‌دا خه‌باتی کردبوو و له‌م رێگا سه‌خته‌دا گه‌لێک دژواریی و چه‌رمه‌سه‌ریی و ده‌ربه‌ده‌ریی و گرتن و زیندان و ئه‌شکه‌نجه به‌رۆکیان گرتبوو و به باوه‌ڕی قایم و پۆڵایینی خۆی خۆڕاگریی نواندبوو و بارستایی ئه‌و بارگرانییه نه‌یتوانیبوو چۆکی پێدادا، سروشتیی بوو که ده‌بوو له‌و قۆناغه ناسکه‌دا ئه‌رکی ئایینیی و نه‌ته‌ویی خۆی ئه‌نجام دابا و له‌م ده‌رفه‌ته زێڕینهشدا خه‌می داهاتووی گه‌له‌که‌ی خواردبا. بۆیه چالاکانه هاته مه‌یدان و وێڕای کۆمه‌ڵێک له رۆڵه زانا و رووناکبیره خاوه‌ن باوه‌ڕه‌کانی کورد، رێکخراوی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی و ئیسلامیی کوردستانیان پێک هێنا. مامۆستای رێبه‌ر له‌م هه‌نگاوه مێژووییه‌دا رۆڵی دامه‌زرێنه‌رانه‌ی هه‌بوو و له دیاریکردنی رێباز و دروشم و باوه‌ڕی ئه‌و رێکخراوه‌دا، پێشه‌وایه‌کی رێنیشانده‌ر بوو و هه‌وێنی پڕۆگرامی ره‌سه‌نی رێکخراوه‌که‌ی له هه‌ناوی هه‌ست و هیواکانی کۆمه‌ڵانی هه‌راوی خه‌ڵکی کوردستان هه‌ڵێنجا و نه‌مامی بڕوای ئه‌و رێبازه‌ی به ئاوی شیرینی کوردایه‌تی و ئیسلامه‌تی ئاودا و موژده‌ی له‌دایکبوونی ئه‌م رێکخراوه ره‌سه‌نه به سروشت کوردیی و کوردستانییه، ئاوی گوێچکه‌ی پیر و لاو و تێکڕای کوردستانیانی دایه‌وه و بانگی دامه‌زرانی ئه‌و سازمانه له هه‌موو لایه‌ک ده‌نگی دایه‌وه. مامۆستای شه‌هید له ده‌سته‌ی رێبه‌رایه‌تی خه‌باتدا حه‌کیمانه ره‌فتاری ده‌کرد و زانایانه کاری ده‌کرد و به بیری ورد و به‌راوردی به‌جێ به‌رنامه و رێ و شوێنی دیاری ده‌کرد. ئه‌و رێبه‌رێکی به وه‌ج و خاوه‌ن ئه‌زموون و دامه‌زراو بوو، له کاتی گرفت و ته‌نگانه و به‌ڵا و ناخۆشییدا پشوودرێژ و ئارام و خۆڕاگر بوو، به سه‌رکه‌وتن و پێشکه‌وتن له‌خۆبایی نه‌ده‌بوو، له به‌رامبه‌ر هه‌ر رووداو و کار و پێشهاتێکدا هه‌ڵوێستی شیاوی ده‌گرت و له هه‌ڵچوون و بڕیاری به په‌له خۆی ده‌پاراست. وێڕای ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه، مامۆستا نووسه‌رێکی به توانا و رووناکبیرێکی زانا و ئه‌دیب و شاعیرێکی هه‌ست ناسک بوو و له مه‌ودای ته‌مه‌نی سه‌رانسه‌ر تێکۆشانی خۆیدا سه‌دان وتار و شێعر و په‌خشانی له ئه‌رشیفی راگه‌یاندنی خه‌باتدا تۆمارکردوون که هه‌ر کامیان ده‌رسێکی باییدار و به‌رهه‌مێکی بایه‌خداری بۆ نه‌وه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان تێدایه. به ئه‌زموون و زانایی و هۆشیاریی و خۆڕاگریی، مامۆستا خدر توانی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆرشگێڕ به چه‌ندین قۆناغی دژوار‌دا تێپه‌ڕێنێ وگه‌لێک ده‌سکه‌وتی به‌رچاو وه‌ده‌ست بێنێ و له گۆڕه‌پانی سه‌ختی خه‌باتی کوردستاندا رۆڵی چالاکانه ببینێ و له هه‌موو شێوازه جۆراوجۆره‌کانی خه‌باتدا له نێو سه‌ران سه‌رهه‌ڵێنێ و به‌ڵێنی وه‌فاداریی و نیشتمانپه‌روه‌ریی به‌رامبه‌ر به گه‌له‌که‌ی به جێ بێنێ. له خه‌زه‌ڵوه‌ری پاییزی ئه‌م ساڵه‌دا یادی وه‌رینی خه‌زه‌ڵی ته‌مه‌نی پڕ سه‌روه‌ریی و تێکۆشانی شه‌هیدی سه‌رکرده مامۆستا مه‌لا خدر عباسی رێز ده‌گرین و له خوای گه‌وره داواکارین داری ره‌نج و به‌رخودانی وه‌به‌ر بێنێ و موژده‌ی ئازادیی و رزگاریی بۆ گه‌ل و نیشتمان به دیاریی بێنێ.
|
| ||||||||||||||||||||||||||||||||
|
|
|
|
All rights reserved khabat.org © 2002 - 2007