|
|
|
|
سته‌م له ته‌رازووی ئیسلامدا
سه‌ردار شه‌مامی عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب:« ئه‌وه له که‌یه‌وه ئه‌و خه‌ڵکه‌تان کردۆته به‌نده‌ی ئه‌ڵقه به‌گوێی خۆتان، له کاتێکدا ئه‌وانه ئازاد‌و سه‌ربه‌ست له دایک بوون؟!» پێشه‌کی: له باری زمانه‌وانیوه سته‌م واته دانانی هه‌ر شتێک له غه‌یری جێگه‌ی تایبه‌ت به خۆی یان، پێشێل کردنی مافی ڕه‌وای تاقم و که‌سانێک بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تاقم و که‌سانێکی تر. هه‌رچه‌ند که مرۆڤ بونه‌وه‌رێکی به ئاوه‌ز و تێگه‌یشتوو‌یه و هه‌وڵ ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێک له جێگه‌ی خۆیدا دابنێ، به‌ڵام هه‌موو کات سێبه‌ری سه‌ربزێوی و یاخیگه‌ری ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانی خۆی و گه‌لی پێوه‌ندیدار به خۆی هه‌وڵی داوه و مافی که‌سانێکی تری پیشێل کردوه. مرۆڤ هه‌ڵگری هه‌وێنی چاکه و خراپه‌یه[ فألهمها فجورها و تقواها( شمس / 8) ] یانی هه‌م چاکه‌ی له‌ده‌ست دێ و هه‌م خراپه؛ جا له به‌ر ئه‌وه‌ی جیهان له‌به‌ر چاوان بریقه‌دار و خۆشه‌ویسته و به خۆشیه‌کانی مرۆڤ فریو ده‌دا، هه‌موو کات لایه‌نی خراپه‌کاری به سه‌ر لایه‌نی چاکه‌کاریدا سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست دێنێ و مرۆڤه‌کان به‌ره‌و هه‌ڵه و هه‌ڵدێر ده‌با و له‌سه‌ر راسته شه‌قام، نایانهێڵێته‌وه؛ مرۆڤ بۆ ورووژاندنی لایه‌نی چاکه‌کاریی پێویستی به جیابوونه‌وه له زه‌وی هه‌یه و ده‌بێ به‌رز بێته‌وه بۆ ئاسمان و په‌یامی ئاسمانی له‌گه‌ڵ لایه‌نی دنیایه‌که‌یدا تێکهه‌ڵکێش بکات و ئۆگرێتی لایه‌نی دنیایی پێ هاوسه‌نگ بکا. به درێژایی مێژوو تاقمی زۆردار بۆ به‌رز ڕاگرتنی لایه‌نی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، هه‌وڵی داوه تاقمی بێهێز بچه‌وسێنێته‌وه، خوای باڵاده‌ستیش هه‌ر به درێژایی مێژوو بۆ خاشه‌بڕکردنی ده‌ستی زۆردار له‌سه‌ر بێده‌سه‌ڵات و بێهێزه‌کان پێغه‌مبه‌رانێکی ڕه‌وانه کردوه تاکوو ژیارێکی پڕ له ته‌بایی و خۆشه‌ویستی له نێو کۆمه‌ڵگه‌دا دروست بکه‌ن و ژینی پڕ له مه‌ینه‌ت و په‌ژاره و چه‌وساندنه‌وه بنه‌بڕ بکه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ش کاتێک بۆ ژیان و به‌سه‌رهاتی پێغه‌مبه‌ران ده‌ڕوانی، ده‌بینی ته‌نیا گه‌لی چه‌وساوه و ژێرده‌ست پێشوازیان له بانگه‌وازی پێغه‌مبه‌ران کردوه و ته‌نیا چه‌وسێنه‌ران و سته‌مکاران بوون که به‌رهه‌ڵستی بانگه‌وازی پێغه‌مبه‌رانیان کردۆته‌وه. ئه‌و واتایه‌ی که پێویسته لێره‌دا ئاماژه‌ی بۆ بکه‌م ئه‌مه‌یه که نه‌ته‌وه له ڕوانگه‌ی ئیسلامه‌وه جێی ڕێزه و تێکۆشان له پێناو سه‌ربه‌رزی گه‌لدا پیرۆز‌ه! هه‌ر بۆیه‌ش هه‌موو پێغه‌مبه‌ران زۆر به سه‌ربه‌رزیه‌وه ڕوویان کردوه‌ته نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان و وتوویانه (یا قوم) گه‌لۆ! ئه‌ی خزمینه! ... یان هه‌ر بۆیه‌ش خوا پێغه‌مبه‌رێکی وه‌ک مو‌سا ده‌نێرێ بۆ ئه‌وه‌ی که نه‌ته‌وه‌که‌ی له ده‌ست زوڵم و زۆری فیرعه‌ونه خۆ‌ویسته‌کانی میسر ڕزگار بکات. پێویسته ئه‌مه‌ش بزانین که گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهات و وته‌ی پێغه‌مبه‌رانی پێشوو ته‌نیا بۆ په‌ند و ئامۆژگاری لایه‌نگرانی ئایینی ئیسلامه؛ یانی بۆ ئه‌وه‌یه که په‌یڕه‌وانی ئایینی ئیسلام له به‌سه‌رهاتی پێغه‌مبه‌ران که‌ڵک وه‌رگرن و له ڕووداوه جۆراوجۆره‌کانی دنیادا هه‌ڵوێستێکی پێغه‌مبه‌رانه به‌رامبه‌ر به لایه‌نی ڕووبه‌ڕوویان بگرن و به‌رهه‌ڵستی هه‌موو چه‌شنه خراپه‌کاریه‌ک بده‌نه‌وه؛ خوای باڵاده‌ست پاش گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی مو‌سا و فیرعه‌ون ده‌فه‌رموێ: إِن في ذلك لعبرة لمن يخشى (﴿ نازعات / 26﴾) به ڕاستی ئا له‌و به‌سه‌رهاته‌دا په‌ند و ئامۆژگاری هه‌یه بۆ هه‌ر که‌سێک له خوا بترسێ. به‌م بۆنه‌وه تێکۆشان بۆ ڕزگاری گه‌ل له ده‌ست زوڵم و زۆر کارێکی پێغه‌مبه‌رانه‌یه و هه‌ر موسوڵمانێک له به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی سته‌مدا به‌رپرسیاره و ده‌بێ به‌رهه‌ڵستی زۆری زۆرداران بکات و گیانی له‌و پێناوه‌دا به‌خت بکا.
قوڕئان دژی سته‌مه: کاتێک که لاپه‌ڕه‌کانی قوڕئانی پیرۆز و فه‌رمووده‌کانی پێغه‌مبه‌ری ئازیز هه‌ڵده‌ده‌یته‌وه بۆت ڕوون ده‌بێته‌وه که له بنه‌ڕه‌تدا په‌یامی ئایینی ئیسلام ڕزگاری مرۆڤایه‌تییه له چه‌وساندنه‌وه و، سۆز و عیشق و ره‌حم و به‌زه‌ییه سه‌باره‌ت به مرۆڤ و نه ته‌نیا به مرۆڤ به‌ڵکوو بگره سه‌باره‌ت به ته‌واوی گیانله‌به‌ران ره‌حم و به‌زه‌یی هه‌یه. قوڕئانی پیرۆز دژی هه‌ر چه‌شنه سته‌م و زوڵم و زۆرێکه و ددان به هیچ جۆره سته‌مێک دا ناهێنێ و بۆ سڕینه‌وه‌ی زوڵم و زۆری زۆرداران ته‌واوی تواناکانی خۆی ده‌خاته گه‌ڕ و بڕواداران هان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی که ده‌سته‌مۆی هیچ زوڵم و زۆرێک نه‌بن و به هیچ مه‌رجێک له ئاست سته‌می سته‌مکاران به قڕوقه‌پی نه‌مێننه‌وه. خوای باڵا ده‌ست ده‌فه‌رموێ: وما لكم لا تقاتلون في سبيل الله والمستضعفين من الرجال والنساء والولدان الذين يقولون ربنا أخرجنا من هذه القرية الظالم أهلها واجعل لنا من لدنك وليا واجعل لنا من لدنك نصيرا ﴿ نسا‌ء/ 75﴾ ، ئه‌ی ئیمانداران! ئه‌وه چیتانه و بۆچی ناجه‌نگن له پێناوی ڕه‌زامه‌ندی خوادا و ڕزگارکردنی لاوازکراو و چه‌وساوه‌کان، له‌و پیاوان و ئافره‌تان و منداڵانه‌ی که ده‌ڵێن: په‌روه‌ردگارا تۆ ڕزگارمان بکه له‌م شاره‌ی که خه‌ڵکه‌که‌ی سته‌مکارن و له‌لایه‌ن خۆته‌وه پشتیوان و یارمه‌تی ده‌رێکمان بۆ بنێره. پێویسته ئه‌وه‌ش بزانین که به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی سته‌م له روانگه‌ی ئایینی ئیسلامه‌وه ته‌نیا بۆ ڕزگاری گه‌لی موسڵمان نییه، به‌ڵکوو بۆ ته‌واوی مرۆڤه‌کانه به هه‌ر بیر و بڕوایه‌که‌وه که هه‌یانه؛ وه‌ک خوا ده‌فه‌رموێ: ولولا دفع اللـه الناس بعضهم ببعض لهدمت صوامع وبيع وصلوات ومساجد يذكر فيها اسم اللـه كثيرا ﴿حج /40﴾. خۆ ئه‌گه‌ر خوا خه‌ڵکی نه‌دا به یه‌کدا و حه‌ق دژی به‌تاڵ نه‌وه‌ستێ، هه‌رچی شوێنی خواپه‌ره‌ستی جووله‌که و گاور هه‌یه له خه‌ڵوه‌تگه و کڵێسا و که‌نیسه، هه‌روه‌ها مزگه‌وتانیش که ناوی خوای زۆر تێدا ده‌برێت، هه‌مووی کاول ده‌کرێت. که دیاره لێره‌دا فه‌رمان به موسڵمان ده‌درێ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستی هه‌موو چه‌شنه کاولکردنێک ببنه‌وه و دژی ڕابوه‌ستن. له ئا‌یه‌تێکی تردا قوڕئانی پیرۆز چه‌وسێنه‌ران به سزا و ئازاری پاشه‌ڕۆژ ده‌ترسێنێ و هه‌قستێنی چه‌وسێنراوان به کارێکی باش پێناسه ده‌کات: والذين إِذا أَصابهم البغي هم ينتصرون ( شوری/ 39) هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی که ده‌ستدرێژیان کرایه سه‌ر، ده‌سته‌وسان ناوه‌ستن و به‌رگری له خۆیان ده‌که‌ن. یان: ولمن انتصر بعد ظلمه فأولئك ما عليهم من سبيل *إنما السبيل على الذين يظلمون الناس ويبغون في الارض بغير الحق أولئك له‌م عذاب ألیم ﴿ شوری /41- 42﴾، له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی مافی خۆی ده‌ستێنێ، دوای ئه‌وه‌ی که سته‌می لێکراوه، ئه‌وانه لێپرسراو نابن، ئه‌گه‌ر له سنوور لانه‌ده‌ن... * بێگومان ته‌نیا ئه‌وانه به‌رپرس ده‌بن که سته‌م له خه‌ڵکی ده‌که‌ن و ده‌ستدرێژیی ده‌که‌ن به ناهه‌ق له زه‌ویدا، ئا ئه‌وانه سزا و ئازاری به ئێشیان بۆ هه‌یه. یان: ولا تحسبن الله غافلا عما يعمل الظالمون إنما يؤخرهم ليوم تشخص فيه الأبصار (ابراهیم/ 42) وا گومان مه‌به که خوا بێ ئاگایه له‌و کار و کرده‌وه‌یه‌ی سته‌مکاران ده‌یکه‌ن، به‌ڕاستی خوا سزاکه‌یان دوا ئه‌خات بۆ ڕۆژێک که چاوه‌کانیان تیایدا ئه‌بڵه‌ق ده‌بن.
پێغه‌مبه‌ر و یارانی دژی سته‌من: به‌م پێیه کاتێک بۆ ژیان و به‌سه‌رهاتی پێغه‌مبه‌ر و یارانی ده‌ڕوانین، ده‌بینین که بۆ سڕینه‌وه‌ی سته‌م له‌سه‌ر گۆی زه‌وی هه‌وڵ و ده‌ورێکی به‌رفراوانیان گێڕاوه و له ئاست هیچ زاڵمێک سه‌ری به‌رزیان دا نه‌نه‌واندوه. ئه‌گه‌ر بخوازین بۆ ئه‌م به‌شه ئاماژه به ژیانی پێغه‌مبه‌ر بکه‌ین ئه‌شێ بڵێین هه‌موو ژیانی پێغه‌مبه‌ر بۆ ڕزگاری چه‌وساوه‌کان و لێقه‌وماوه‌کان - ژن، کۆیله، هه‌ژار و نه‌داره‌کان – له ده‌ست زلهێزه خۆ‌ویسته‌کان بووه. په‌یمانی جوامێران (حلف الفضول) له ژیانی پێغه‌مبه‌ردا باشترین به‌ڵگه‌یه له سه‌ر دژایه‌تیکردنی بۆ سته‌مکاران و چه‌وسێنه‌ران؛ ئه‌م په‌یمانه له سه‌ر ئه‌وه دامه‌زرا که: دادپه‌روه‌ریی بڵاو بکه‌نه‌وه و نه‌یه‌ڵن زوڵم و سته‌م له وڵاتیانا بکرێ و یارمه‌تی سته‌ملێکراو بده‌ن و مافی بۆ بسێننه‌وه و ده‌ستی زاڵم ببه‌ستن. موحه‌ممه‌د له‌م په‌یمان به‌ستنه‌دا به‌شدار بوو، کاتێک له مه‌دینه ده‌وڵه‌تی دامه‌زراند و هێز و توانایی به‌ده‌ست هێنا، ئاوه‌های ده‌فه‌رموو: له‌گه‌ڵ مامه‌کانما له ماڵی عه‌بدوڵڵای کوڕی جودعان حازری (حلفالفضول) بووم و ئه‌و په‌یمانه به سامانی جیهان ناگۆڕمه‌وه و ئه‌گه‌ر ئێسته‌ش گاس بکرێم بۆ په‌یمانێکی وه‌ها ئامه‌ده‌م بۆ هاوبه‌شیی تێیدا. ئه‌م فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر یانی: ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تانی دنیا په‌یمانم له‌گه‌ڵدا ببه‌ستن بۆ ڕووخاندنی کۆشک و قه‌ڵای هه‌رچی زاڵمه؛ ئه‌وا من ئاماده‌م هاوبه‌شییان له‌گه‌ڵدا بکه‌م. پێغه‌مبه‌ر (د.خ) نه ته‌نیا بۆ خۆی دژی زاڵم ڕاده‌وه‌ستا و یارمه‌تی مه‌زڵوومی ده‌دا به‌ڵکوو یارانی تێکۆشه‌ریشی بۆ ته‌مبێکردنی زاڵم هه‌موو سنوورێکیان ده‌به‌زاند و ده‌ستی یارمه‌تیان به هه‌موو سته‌ملێکراوێک ده‌دا. شایه‌تی و به‌ڵگه له ژیانی یارانی پێغه‌مبه‌ر (دخ) سه‌باره‌ت به دژایه‌تیکردنی زوڵم و سته‌م زۆر له‌وه زیاتره که من بمهه‌وێ له‌م چه‌ند بڕگه‌دا کوورتی بکه‌مه‌وه، به‌ڵام وه‌ک فارس ده‌ڵێن- مشت نمونه‌ی خروار است- ئاماژه به ڕووداوێک له ژیانی جێگری دووهه‌می پێغه‌مبه‌ر؛ عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب ده‌که‌م: عه‌مری کوڕی عاس ناوی ئه‌و فه‌رمانده به‌هێزه‌یه که توانی وڵاتی فه‌له‌ستین و میسر و لیبیا بێنێته ژێر ڕکێفی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه‌وه و له هێز و زوڵم و زۆری ڕۆمه‌کان پاکیان بکاته‌وه. ئه‌م فه‌رمانده تێکۆشه‌ره به فه‌رمانی ئه‌میری موسڵمانان ده‌بێته والی و کاربه‌ده‌ستی وڵاتی میسر که دانیشتوانی هه‌ندێکیان موسڵمان بووبوون و هه‌ندێکیش له سه‌ر ئایینی «قبط» مابوونه‌وه. ڕۆژێک مه‌حه‌ممه‌دی کوڕی عه‌مر له‌گه‌ڵ دانه‌یه‌ک له قیبتیه‌کان به ئه‌سپ کێبه‌رکێ ده‌که‌ن، قیبتیه‌که پێشی کوڕه‌که‌ی عه‌مری دایه‌وه، ئه‌ویش چونکه خۆی به کوڕی والی ده‌زانی، پێی ناخۆش بوو پێشی بدرێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه به قه‌مچی کابرای داگرت و ده‌یگوت: ها بیگره له کوڕی گه‌وره‌ماڵان. قیبتیه‌که که ناوبانگی دادپه‌روه‌ریی خه‌لیفه‌ی بیستبوو هاواری برده به‌ر عومه‌ر و وتی: ئه‌ی ئه‌میری ئیمانداران! په‌نام پێ هێناوی له ده‌ست زوڵم؛ پاشان به وردی به‌سه‌رهاته‌که‌ی بۆ گێڕایه‌وه؛ عومه‌ر فه‌رمانی دا په‌یکێک بۆ عه‌مر بنێرن که له گه‌ڵ مه‌حه‌ممه‌دی کوڕیدا، خێرا خۆیان بگه‌یه‌ننه مه‌دینه. کاتێک که عه‌مر و کوڕه‌که‌ی گه‌یشتنه لای عومه‌ر، عومه‌ر قه‌مچیه‌که‌ی دایه ده‌ست قیبتیه‌که و فه‌رمووی کوڕی گه‌وره‌ماڵانی پێ دابگره و تۆڵه‌ی خۆتی لێ بکه‌وه! پاش ئه‌وه‌ی به ته‌واوه‌تی تۆڵه‌ی خۆی له مه‌حه‌ممه‌دی کوڕی عه‌مر کرده‌وه، عومه‌ر ڕووی کرده قیبتیه‌که و فه‌رمووی: قه‌مچیه‌که‌ت ئاراسته‌ی سه‌ره ڕووتاوه‌که‌ی عه‌مریش بکه، چوونکه کوڕکه‌ی به پشتیوانی باوکی توانیویتی ده‌ستدرێژیی بکاته سه‌ر تۆ؛ قیبتیه‌که وتی: ئه‌ی ئه‌میری ئیمانداران! کوره‌که‌ی لێمی داوه وا تۆڵه‌ی خۆشم لێکرده‌وه. عومه‌ر وتی: به خوا ئه‌گه‌ر ئه‌ویشت به قه‌مچی دابگرتایه‌ته‌وه، ده‌ستمان نه‌ده‌گرتی، هه‌تا خۆت وازت لێ نه‌هێنابایه. پاشان خه‌لیفه ڕووی له عه‌مر کرد و ئه‌و فه‌رمووده شیرینه‌ی به گوێدا دا که ئێستاش هه‌ر ده‌وترێته‌وه و بۆته درووشمی ڕاسته‌قینه‌ی مافی مرۆڤ، که ووتی: ئه‌رێ عه‌مر! «متی إستعبدتم الناس و قد ولدتهم أمهاتهم أحرارا» ئه‌وه ئه‌و خه‌ڵکه‌تان که‌ی کردۆته به‌نده‌ی ئه‌ڵقه له‌گوێی خۆتان، له کاتێکدا ئه‌وانه به ئازاد و سه‌ربه‌ست له دایک بوونه؟.
خاڵی کۆتایی: له کۆتاییدا ده‌مهه‌وێ بڵێم، پێویسته هه‌موو ئه‌وه بزانین که چه‌مکی «قیتال» واته شه‌ڕکردن له ئایینی ئیسلامدا ته‌نیا بۆ ڕزگاریی گه‌لی چه‌وسێنراوه له‌ده‌ست چه‌وسێنه‌ران و سته‌مکاران بووه. وه‌ک خوای دلۆڤانی به‌هێز ده‌فه‌رموێ: اذن للذین یقاتلون بأنهم ظلموا و أن الله علی نصرهم لقدیر ﴿حج/39﴾، مۆڵه‌ت دراوه به‌و ئیماندارانه‌ی شه‌ڕیان پێ ده‌گێڕن، که بجه‌نگن و به‌رهه‌ڵستی بکه‌ن چونکه به‌ڕاستی سته‌ملێکراون، بێگومان خوا ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه که سه‌ریان بخات و سه‌رکه‌وتنیان پێ ببه‌خشێ. قیتال یانی له به‌ینبردنی ئه‌و ئاسته‌نگ و کۆسپانه‌ی ده‌خرێنه سه‌ر ڕێگه‌ی پێشکه‌وتووی مرۆڤه‌کان؛ یانی خه‌بات له پێناو دڕاندنی ئه‌و په‌رده و سه‌رپۆشانه‌ی ده‌کێشرێن به‌سه‌ر مێشک و بیری مرۆڤه‌کان، بۆ ئه‌وه‌ی مافی ڕه‌وای خۆیان نه‌ناسن و له پێناویدا تێنه‌کۆشن. جا بۆیه ڕوو ده‌که‌مه ئه‌و تاقمه له ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌م که هه‌قیان بۆ ڕوون نه‌بۆته‌وه و ده‌ڵێم: بێ ئاگایانه دژایه‌تی ئایینی ئیسلام مه‌که‌ن، بۆ سڕینه‌وه‌ی تێمه‌کۆشن چوونکه: یه‌که‌م: ئایینی ئیسلام پشتگیریی له نه‌ته‌وه ده‌کا و پوتانسیه‌لێکی له‌بڕان‌نه‌هاتووی له پێناو خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیی له ڕابردوو و داهاتوو هه‌بووه و هه‌یه‌تی. دووهه‌م: هه‌وڵ و ته‌قه‌للایه‌کی بێ که‌ڵک و بێ ئاکامه. سێهه‌م: به‌شێکی زۆر له وزه‌کان له شتی بێ که‌ڵک دا ده‌فه‌وتێن. چوواره‌م: بێحوڕمه‌تیی کردنه به مێژووی چه‌ندین سه‌ده‌ی گه‌لی کورد و هه‌موو خه‌باتکارانی موسوڵمانی پێشه‌نگی کوردایه‌تیی.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی بێستان
|
| ||||||||||||||||||||||||||||||||||
|
|
|
|
All rights reserved khabat.org © 2002 - 2008