|
|
|
|
سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ و کاردانه‌وه‌کان
سه‌لاحه‌ددین عه‌بباسیی aso999@hotmail.com
رۆژی-١٧-ی فێوریه‌ی-٢٠٠٨-(٢٧-ی رێبه‌ندانی-١٣٨٦) "ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی" هه‌رێمی کۆسۆڤۆ یه‌کلایه‌نه بڕیاری راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمه‌که‌یان ده‌رکرد که هه‌ر ئه‌و رۆژه له‌لایه‌ن "هاشم تاچی"ی سه‌رۆکوه‌زیرانه‌وه راگه‌یه‌ندرا. هه‌رێمی کۆسۆڤۆ زیاتر له-٩٥%-ی خه‌ڵكه‌که‌ی له نه‌ته‌وه‌ی"ئه‌لبان"ه و که‌وتۆته باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئوروپا. تا کۆتاییهاتنی شه‌ڕی سارد و شکستی به‌ره‌ی ڕۆژهه‌ڵات به ڕابه‌رایه‌تیی یه‌کێتیی سۆڤیه‌تی پێشوو، کۆسۆڤۆ هه‌رێمێکی "خودموختار"ی کۆماره‌کانی یوگۆسلاڤیی بوو. پاش له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شانی یوگۆسلاڤیی، کۆسۆڤۆ (هه‌رچه‌ند سه‌ربه‌خۆیی خۆی ڕاگه‌یاند، به‌ڵام هیچ وڵاتێك دانی پێدا نه‌نا) وه‌ك ناوچه‌یه‌کی "خودموختار" له چوارچێوه‌ی "کۆماری سربستان" که میراتگری کۆماری یوگۆسلاڤیی بوو، مایه‌وه. نێوه‌ڕاستی ساڵه‌کانی نه‌وه‌دی سه‌ده‌ی بیسته‌می زایینیی و دوای دامرکانه‌وه‌ی شه‌ڕی خوێناویی و ماڵوێرانکه‌ری "کڕوات" و "سربه‌کان" له دژ‌ی خه‌ڵکی بۆسنی و کوشتن و ئاواره‌کردنی سه‌دان هه‌زار له خه‌ڵکی بۆسنی و خاپوورکردنی ئه‌و وڵاته، شه‌ڕێكی دیکه‌ی خوێناویی هه‌ر له‌لایه‌ن سڕبه‌کانه‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره له دژ‌ی خه‌ڵکی کۆسۆڤۆ، سه‌ری هه‌ڵدا. له ماوه‌ی که‌متر له دوو ساڵدا ئاگری ئه‌و شه‌ڕه به‌جۆرێك په‌ره‌ی سه‌ند که تێیدا هه‌زاران که‌س له خه‌ڵکی مافخواز و بێتاوانی ئه‌لبانی کۆسۆڤۆ له‌لایه‌ن سربه ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌کانی سربستان و به به‌رچاوی خه‌ڵکی جیهانه‌وه، بوونه قوربانیی و، هه‌رێمه‌که‌شیان کرایه سووتمانی شه‌ڕێکی بێ‌ئامان. کوشتاری به‌کۆمه‌ڵی خه‌ڵکی کۆسۆڤۆ یه‌کێك له دوا ئاڵقه‌کانی زنجیره‌ی تراژیدییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م بوو که له ساڵی-١٩٩٩-دا به کوژرانی ده‌یان هه‌زار و ئاواره‌بوونی سه‌دان هه‌زار له خه‌ڵکی هه‌ژار و بێتاوانی کۆسۆڤۆ کۆتایی پێهات. له‌وکاته‌وه هه‌رێمی خودموختاری کۆسۆڤۆ له‌لایه‌ن هێزێکی هاوبه‌شی په‌یمانی ناتۆ، یه‌کیه‌تیی ئوروپا و رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه پارێزراوه.
کاردانه‌وه‌کان ڕاگه‌یاندنی یه‌كلایه‌نه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ وه‌ك" کۆمارێکی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد و دێموکڕات" له‌لایه‌ن پارلمانی ئه‌و هه‌رێمه‌وه، ڕووداوێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو نه‌بوو، به‌ڵکو له‌مێژبوو باسی لێده‌کرا و تاڕاده‌یه‌کی زۆر ئاماده‌یی بۆ کرابوو و، دۆستان و نه‌یارانی ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ش هه‌ر که‌س به‌پێی مه‌یل و به‌رژه‌وه‌ندیی و روانگه‌کانی، خۆیان بۆ ڕۆژێکی ئاوا ئاماده‌کردبوو. له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، بارانی هه‌ڵوێسته‌کان، هه‌ر له به‌فه‌رمیی ناسین و پشتیوانیی لێکردنه‌وه تا له‌دژوه‌ستان و ڕه‌تکردنه‌وه و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه و ترساندنیش، دابارین. یه‌که‌م ده‌وڵه‌ت که پێشوازیی له‌و هه‌نگاوه‌ی کۆسۆڤۆییه‌کان کرد و سه‌ربه‌خۆییه‌که‌یانی به ڕه‌سمیی ناسیی، وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بوو. سه‌رۆکی ئه‌مریکا، “جۆرج بۆش"، له یه‌که‌م کاردانه‌وه‌دا به ڕاشکاویی پیرۆزبایی له خه‌ڵکی کۆسۆڤۆ کرد و ڕاشیگه‌یاند که به‌م زووانه وڵاته‌که‌ی په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسیی له سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تیی له‌گه‌ڵ کۆماری کۆسۆڤۆ ده‌ست پێده‌کا. هاوکات گوتی: "مێژوو نیشانیده‌دا که ئه‌م هه‌نگاوه‌ی کۆسۆڤییه‌کان کارێکی ڕاستبوو و ئاشتیی و ئارامیی بۆ "باڵکان" به‌دیاریی دێنێ". پێشتریش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا، "کۆندۆلیزا ڕایس"، به په‌یامنێرانی ڕاگه‌یاند که وڵاته‌که‌ی "به ڕه‌سمیی دانی به سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ وه‌ك ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی" دا هێناوه و به‌و بۆنه مێژووییه‌وه پیرۆزبایی لێکردن.
یه‌کێتیی ئوروپاش، هه‌رچه‌ند له گرتنی هه‌ڵوێستێکی پته‌و و یه‌کگرتوو که جێی ڕه‌زامه‌ندیی هه‌موو یان زۆربه‌ی ئه‌ندامانی بێ سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، به‌ڵام بڕیارێکی هاوبه‌شی ده‌رکرد که تێیدا ئازادیی هه‌ڵوێست و بڕیاردان له‌و باره‌وه‌ی بۆ ئه‌ندامه‌کان به‌جێ هێشت. له ریزی پێشه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆیان به‌فه‌رمیی ناسیی هه‌ریه‌ك له زلهێزه‌کانی ئاڵمان، فه‌ڕانسه، ئینگلیستان و چه‌ند وڵاتی دیکه ده‌بینرێن، به‌ڵام ئیسپانیا و ڕۆمانیا به‌توندیی دژ‌ی ئه‌و بڕیاره "یه‌کلایه‌نه"ی په‌رله‌مانی کۆسۆڤۆ وه‌ستان و به نایاساییان له‌قه‌ڵه‌مدا. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسپانیا "میگێل مۆراتینۆس" له‌م باره‌وه گوتی: " ئیسپانیا ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییه‌کی یه‌کلایه‌نه، که یاسای نێوده‌وڵه‌تیی پشتیوانیی لێ ناکا، ناسه‌لمێنێ". هاوکات، ژماره‌یه‌ك له وڵاتانی دیکه، چه‌ندین رێکخراوی جیهانیی وه‌ك "کۆنگره‌ی وڵاتانی ئیسلامیی" و ته‌نانه‌ت به‌شێکی زۆر له هه‌رێمه خودموختار و فیدڕاڵ و نیمچه‌سه‌ربه‌خۆکانی جیهان، پێشوازییان له‌و بڕیاره‌ی کۆسۆڤۆ کرد و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و وڵاته‌یان به‌ڕه‌سمیی ناسیی. بێگومان، له به‌ره‌ی دژ‌ی ئه‌و بڕیاره‌شدا له ڕیزی پێشه‌وه کۆماری سربستان دێت که ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ، کۆسۆڤۆ هه‌ر به به‌شێك له خاکی خۆی ده‌زانێ. له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی و دواتریش به به‌ڕه‌سمیی ناسینی ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه له‌لایه‌ن ئه‌مریکا و به‌شێك له وڵاتانی ئوروپا، ناڕه‌زایه‌تیی و توڕه‌یی و هه‌ڕه‌شه‌کانی سربستان گه‌یشتنه چڵه‌پۆپه. ده‌موده‌ست سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند که ئه‌وان "هه‌رگیز دان به سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ دا نانێن" و پارله‌مانیش به په‌سندکردنی بڕیارێك ئه‌و بڕیاره‌ی کۆسۆڤۆی "ڕه‌تکرده‌وه". هاوکات سڕبه‌کان له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستی ئه‌مریکادا کاردانه‌وه‌یان نیشاندا و باڵوێزی خۆیان له‌و وڵاته بانگکرده‌وه و سه‌رۆك وه‌زیران(فۆسیلاڤ کۆستانیچا)ش گوتی: ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌مریکا "درێژه‌ی ئه‌و دوژمنکارییه‌یه که په‌یمانی ناتۆ به بۆردومانکردنی سڕبستان له ساڵی-١٩٩٩-ده‌ستی پێکردووه". ڕووسیه به‌نۆره‌ی خۆی له‌سه‌ر بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ هه‌ڵوێستی وه‌رگرت و وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌کرا ئه‌و بڕیاره‌ی به نایاسایی و هه‌ڵوه‌شاوه ڕاگه‌یاند. ڕوسیه هه‌ر زوو هه‌ڵوێستی ئه‌مریکای له‌قاودا و به "هه‌ڕه‌شه" و "گاڵته‌کردن" به یاسای نێوده‌وڵه‌تیی ناوبرد و، داواشی له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان کرد بڕیاری یه‌کلایه‌نه‌ی کۆسۆڤۆ به پووچ و نایاسایی له قه‌ڵه‌م بدا. به‌ڵام "بانکی موون"ی سه‌رۆکی ئه‌م ڕێکخراوه به‌ئارامیی، "نا"یه‌کی به داواکه‌ی روسیه گوت و، گوتی "ده‌بێ به وریایی و واقیعبینییه‌وه له‌گه‌ڵ که‌ش و دۆخی تازه مامه‌ڵه بکه‌ین و خۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی ڕووده‌دا، بگونجێنین". به‌هه‌مان شێوه، به‌ڵام به پله‌ی جۆراوجۆر، قوبرس، سلۆڤینیا، چیك، سریلانکا، چین، ئیندۆنیزی و زۆر له‌و وڵاتانه‌ی که‌مینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، دینیی یان مه‌زهه‌بییان تێدایه و خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌که‌ن، هه‌ریه‌که‌یان دژ‌ی بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ وه‌ستان و به نایاسایی و دژ‌ی بڕیاره نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و پێچه‌وانه‌ی یاسای نێونه‌ته‌وه‌ییان ناوبرد
"کۆسۆڤۆکان" و "سڕبستانه‌کان" بڕیاری ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ نه‌ك هه‌ر بۆ خه‌ڵکی کۆسۆڤۆ و سڕبه‌کان جێگه‌ی بایه‌خ و گرنگییپێدانه، به‌ڵکو بۆ هه‌موو ده‌وڵه‌ت و هه‌رێمه هاوشێوه‌کانی وه‌ك ئه‌وان له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، جێگه‌ی په‌ندلێوه‌رگرتن و سه‌رنج و دڵخۆشیی و سڵه‌مینه‌وه و لێوردبوونه‌وه‌یه. وه‌ک دیتمان، ڕاگه‌یاندنی ئه‌و بڕیاره هه‌موو لایه‌کی شڵه‌ژاند و ئه‌زموونێکی نیشاندا که له‌وانه‌یه له شوێن و کاتی دیکه‌شدا دووباره بکرێته‌وه و له‌وه‌شه‌وه که‌شێك له "پاشاگه‌ردانیی سیاسیی" پێكبێنێ. لێره‌دا هه‌ندێك تێبینیی و وردبوونه‌وه له کاردانه‌وه و هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌ت و لایه‌نه هاوشێوه‌کانی وه‌ك کۆسۆڤۆ و سڕبستان گرنگ و پڕ بایه‌خن.
● ئیسپانیا، که ده‌یان ساڵه ڕووبه‌ڕووی کێشه‌ی سه‌ربه‌خۆییخوازانی هه‌رێمی "باسك" بۆته‌وه، ده‌موده‌ست دژ‌ی سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ وه‌ستا و له به‌رامبه‌ریشدا بزوتنه‌وه‌ی "ئێتا" ی سه‌ربه‌خۆییخواز پشتیوانیی له راگه‌یاندنی ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه کرد. ● تایوان که له‌مێژه له هه‌وڵی جیابوونه‌وه له چین دایه، پشتگیریی له بڕیاری کۆسۆڤۆییه‌کان کرد و ڕایگه‌یاند که "کۆماری تایوان به‌ڕه‌سمیی دانی به سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆدا هێناوه“.ئه‌مه ده‌سه‌ڵاتدارانی چینی زۆر تووڕه‌کرد و له هه‌مان کاتیش‌دا "ناڕه‌زایه‌تیی قووڵ" ی خۆی له بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ ده‌ربڕی، چونکه، به وته‌ی ئه‌وان، ئه‌و هه‌ڵوێسته "کاردانه‌وه‌ی نه‌رێنیی و ترسناك"ی ده‌بێ. جێگه‌ی ئاماژه‌پێکردنه که چین له چه‌ندین لاوه هه‌ڕه‌شه‌ی جیابوونه‌وه‌ی لێ ده‌کرێ له‌وانه: تایوان، تورکستانی ڕۆژهه‌ڵات، ”تیبێت“ له ڕۆژئاوا و هۆنگ کۆنگ. ● تورکیه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ده‌یان ساڵه به کوشتن و بڕین وه‌ڵامی داوا ڕاوه‌کانی کورد له‌و به‌شه‌ی مافه‌کانی زیاتر له-٢٠-ملێون کورد وه‌ستاوه، به‌ڵام یه‌کێك له‌و وڵاتانه بوو که هه‌ر له یه‌که‌م ساته‌کاندا پیرۆزبایی به خه‌ڵکی کۆسۆڤۆ گوت و به ڕه‌سمیی و له ڕێگه‌ی ره‌وانه‌کردنی نوێنه‌ر و به نووسراوه سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆیان به ره‌سمیی ناسیی. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ڕژیمی تورکیه‌ش ڕوونه که بۆچییه؟ یه‌که‌م له‌به‌ر په‌یوه‌ندیی مێژوویی و کلتووریی و ته‌نانه‌ت ده‌گوترێ" نه‌ته‌وه‌یی"تورکه‌کان به خه‌ڵکی کۆسۆڤۆ و ئه‌لبانه‌کان و دواتریش هاندانێکه بۆ چه‌ند سه‌د هه‌زار تورکی "قوبرس" تا ئه‌وانیش له‌داهاتوودا چاو له کۆسۆڤۆییه‌کان بکه‌ن. له به‌رامبه‌ردا یۆنان، که خاوه‌نی قوبرسه و له‌مێژساڵه له‌گه‌ڵ کێشه‌ی تورکه‌کانی ئه‌و دورگه‌یه و تورکیه به‌ره‌وڕووه، سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆی به نایاسایی ناساند و به هۆی ئاژاوه و پاشاگه‌ردانیی ناوزه‌دکرد. ● هه‌ریه‌ك له هه‌رێمه‌کانی " ئه‌بخازیا" و "ئۆسیتیا" که به کرده‌وه سه‌ربه‌خۆن به‌ڵام تائێستا له‌لایه‌ن وڵاتان و ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه دانیان پێدا نه‌نراوه، ئه‌وانیش به‌نۆره‌ی خۆیان پێشوازییان له بڕیاری کۆسۆڤۆ کرد و ڕاشیانگه‌یاند که ئه‌وانیش له داهاتوویه‌کی نزیکدا بڕیارێکی له‌و جۆره ده‌ده‌ن و له "جۆرجیا" جوێ ده‌بنه‌وه، به‌ڵام جۆرجیا ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی ڕه‌تکرده‌وه. ● پاش ڕاگه‌یاندنی یه‌کلایه‌نه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ، بانگی سه‌ربه‌خۆیی "فه‌له‌ستین"یشی گرته‌وه. یه‌کێك له ڕاوێژکاره به‌رچاوه‌کانی سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستین، "مه‌حموود عه‌بباس"، دوای ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ، ئاشکرای کرد که ئه‌گه‌ر گفتوگۆکانی ئاشتیی هه‌روا ڕابوه‌ستن و هێزی داگیرکه‌ری ئیسرائیلیش له داگیرکاریی و سته‌م و خوێنڕێژییه‌کانی به‌رده‌وام بێ، ئه‌وه فه‌له‌ستینیه‌کانیش بیر له یه‌کلایه‌نه ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی فه‌له‌ستین ده‌که‌نه‌وه.
به‌ریه‌ککه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان بێگومان راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ، وه‌ك رووداوێکی گرنگی سیاسیی، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیی و ناوچه‌یی بێ گرفت و کێشه نه‌بووه و نابێ. هه‌ڵوێستی هێزه لایه‌نگر و دژه‌کانی ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه خاڵیی له گیانی سیاسه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییخوازیی و سوودپه‌رستانه‌ی ده‌وڵه‌تان(به تایبه‌تیش ده‌وڵه‌ته زلهێز و به‌هێزه‌کان) نییه. هێندێك له چاودێرانی سیاسیی له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ یه‌کلایه‌نه راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆدا، سیاسه‌ت و به‌رنامه و به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزه‌کانی وه‌ك ئه‌مریکا و رووسیه نه‌ك هه‌ر به دوور نابینن، به‌ڵکو پێیانوایه شوێنه‌واره‌کانی شه‌ڕی سارد و رووبه‌ڕووبوونه‌وه سه‌ربازیی و دیپلۆماتییه کۆن و نوێکانی ئه‌و دوو زلهێزه به تایبه‌تیی و هه‌ردوو به‌ره‌ی رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات به گشتیی، له ئافراندن، هاندان و پشتیوانییکردنی ئه‌و جۆره بارودۆخانه‌دا ده‌وری سه‌ره‌کیی و چاره‌نووسساز ده‌بینن. هه‌ڕه‌شه و هه‌ڵوێسته تونده‌کانی سڕب و رووسه‌کان له دژ‌ی داننان به سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ له‌لایه‌ن وڵاتانی وه‌ك ئه‌مریکا، ئاڵمان، فه‌ڕانسه، ئینگلیس و هێندێك وڵاتی تری ئوروپایی، نابێ گرنگییان پێ نه‌درێ. هه‌ر وه‌ك پشتیوانییکردنی "به‌ره‌ی رۆژئاوا" له سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ و ئاگادارکردنه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ لایه‌ن و ده‌وڵه‌ته ناڕازیی و دژه‌کانی ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه، گرنگیی سیاسیی تایبه‌ت و گه‌وره‌یان هه‌یه. له‌م باره‌وه راپۆرتی رۆژنامه‌ی "فاینانشیاڵ تایمز" جێگه‌ی سه‌رنجه. ئه‌و رۆژنامه‌یه دوای ئاشکرابوونی هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌ته باڵاده‌سته‌کانی دنیای ئه‌مڕۆ، له‌مه‌ڕ سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ، نووسیی: سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ و جیابوونه‌وه‌ی له "سڕبستان" و کێشه و ملبه‌ملێکانی ناوچه‌ی "باڵکان"، گه‌وره‌یی و بارستایی جیاوازییه‌کانی نێوان به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه‌کانی وڵاتانی ئه‌ندامی "یه‌کیه‌تیی ئوروپا"ی ده‌رخست. رۆژنامه‌که له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا نموونه‌ی ئه‌و جه‌نگانه‌ی هێناوه‌ته‌وه که له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی رابردوو، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی، له‌نێوان کۆماره‌کانی "یۆگوسلاڤیی" ، روویاندا. هه‌ڵوێستی توندی رووسیه و راگرتنی ناردنی نه‌وت بۆ ئاڵمان، له‌لایه‌ن کۆمپانیای "لۆك ئاویل"ی رووسیی، که سێیه‌کی نه‌وتی ئاڵمان دابین ده‌کا، ده‌بێ له‌به‌رچاو بگیرێ. ئه‌و جۆره هه‌ڵوێست و بڕیارانه‌ی رووسیه له‌وانه‌یه سه‌ره‌تایه‌کی ئه‌و سیاسه‌ته بێ که رۆژنامه‌ی "ده‌یلی تێله‌گراف" به "دیپلۆماسیی وزه‌ی ژانهێنه‌ر" ناوی ده‌با و له‌وانه‌یه له داهاتوودا زیاتر په‌یڕه‌ویی لێبکرێ.
هێندێك شاره‌زای سیاسیی له‌و باوه‌ڕه‌دان که ئه‌گه‌ری به‌ئه‌ندامبوونی کۆسۆڤۆ له رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا زۆر که‌مه، ئه‌ویش به له‌ربه‌چاوگرتنی هه‌ڵوێستی رووسیه و، ته‌نانه‌ت چینیش، له‌مه‌ڕ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و وڵاته‌وه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه هه‌ندێك له ئه‌ندامه به‌هێز و بڕیارده‌ره‌کانی یه‌کیه‌تیی ئوروپاش، که هه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا هاوپه‌یمان و دۆستن و هه‌م له‌گه‌ڵ روسییه ناته‌بایی و دژایه‌تییان هه‌یه، پێ ده‌چێ جۆرێك مامه‌ڵه‌ی سیاسیان کردبێ. ئه‌ویش به‌وه‌ی که ئه‌وان پشتیوانیی له به‌ئه‌ندامبوونی "سڕبستان" له یه‌کیه‌تیی ئوروپادا (که ساڵانێکی زۆره له هه‌وڵی به‌ئه‌ندامبوونی دایه) بکه‌ن و له به‌رامبه‌ردا سڕبه‌کان سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ قبووڵ بکه‌ن. زۆر جار و له زۆر رووداو و سیاسه‌تی جیهانیی و ناوچه‌ییدا به ئاشکرا شاهیدی هه‌ڵوێست و ویست و به‌رژه‌وه‌ندیی و سیاسه‌ته دژبه‌یه‌که‌کانی ئه‌مریکا له‌لایه‌ك و یه‌کیه‌تیی ئوروپا (یا لانیکه‌م هه‌ندێك له ئه‌ندامه به‌هێزه‌کانی) بووین و هه‌ین. هه‌ر بۆیه پشتیوانییکردنی ئه‌مریکا له سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ، ئه‌ویش ئاوا زوو و راشکاوانه و به" ته‌حه‌ددا"وه، ئه‌و بۆچوونه به‌هێز ده‌کا که پێیوایه ئه‌مریکا به‌و هه‌ڵوێستانه ده‌یه‌وێ ڕێ له به‌هێزتربوونی یه‌کیه‌تیی ئوروپا و ئه‌ندامه‌کانی بگرێ. به واتایه‌کی تر ئه‌مریکا به پشتیوانییکردن له "جوداییخوازان"ی ئوروپا، ده‌یه‌وێ رێ له قوتبوونه‌وه‌ی ركه‌به‌ر و زلهێزی داهاتوو، واته یه‌کیه‌تیی ئوروپا، بگرێ. وه‌ک ئاشکرایه، سڕبه‌کان له به‌شی باکووری کۆسۆڤادا زۆرینه‌ن. راگه‌یاندنی "سڕبستان" به‌وه‌ی که له وه‌ڵامی سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆدا ئه‌وانیش سنووره‌کانی خۆیان له‌گه‌ڵ باکووری ئه‌و وڵاته‌دا ده‌که‌نه‌وه و له 'به‌ڕێوه‌بردن"ی ناوچه‌که‌یاندا هاوکاریی به کرده‌وه ده‌که‌ن، بۆخۆی جۆرێك هه‌ڕه‌شه‌یه. به واتایه‌کی دیکه ئه‌وان ده‌بنه هانده‌ر و پشتیوانی سه‌ربه‌خۆیی به‌شی باکووری کۆسۆڤۆ له‌و وڵاته تازه سه‌ربه‌خۆبووه‌دا. هه‌موو ئه‌مانه به‌هێزکردنی ئه‌و بۆچوونه‌ن که ده‌ڵێ: ئه‌مریکا به پشتیوانییکردن له سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ ده‌یه‌وێ به دروستکردنی دۆست و لایه‌نگری تازه له رۆژهه‌ڵاتی ئوروپا و له هه‌مان کاتدا نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌کیی و ئاڵۆزیی له‌و به‌شه‌ی جیهاندا، هه‌م نه‌یاره ئوروپاییه‌کانی (له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه رووسییه) لاواز و بێهێز بکا هه‌میش "تسویه حساب"ه کۆن و نوێکانی له‌گه‌ڵ دۆست و نه‌یارانیدا بکا.
تێبینیی: ئه‌م بابه‌ته له ژماره (٩٧)ی گۆڤاری تێکۆشان دا بڵاوکراوه‌ته‌وه
|
| ||||||||||||||||||||||||||||||||||
|
|
|
|
All rights reserved khabat.org © 2002 - 2008