|
|
|
|
په‌یامی کومیته‌ی ناوه‌ندیی به بۆنه‌ی جێژنی پیرۆزی قوربانه‌وه
به نێوی خودای به‌خشنده‌ی میهره‌بان هاونیشتمانانی خۆشه‌ویست! خه‌ڵکی خه‌باتگێڕ و خۆڕاگری کوردستان! وا ئه‌مساڵیش خودای گه‌وره گه‌ره‌کی بوو گه‌ڕی گه‌ردوون له گه‌ڕانی بێوه‌ستانی ساڵ و مانگانیدا به گه‌وره‌ترین و پیرۆزترین رۆژی ساڵ شادمان کاته‌وه و دڵمان ئاوه‌دان بکاته‌وه و سووکنایی به ده‌روونمان بدا. سوپاس بۆ یه‌زدان که ئه‌مجاریش مه‌ودای داین شاهیدی گه‌ڕانه‌وه‌ی جێژنی پیرۆزی قوربان بین و به فه‌ڕی فراوانی فره شاد بین. ئه‌م رۆژه پیرۆزه مێژووییه گرنگییه‌کی گه‌وره و گرانی له دیرۆکی دێرینی مرۆڤایه‌تییدا هه‌یه و بیره‌وه‌ری گه‌وره‌ترین فیداکاریی و قوربانییدانی مرۆڤه و جه‌ژنی زاڵبوونی ویست و ئیراده‌ی به‌شه‌ره به سه‌ر حه‌زه‌کانیدا و ساڵیادی خۆبه‌خشیی و رزگاریی و سه‌رفرازیی مرۆڤه، رۆژی دڵنه‌رمیی و چاوپۆشیی و رووخۆشیی و دڵخۆشیی و ئاشتیی و ته‌بایی و برایه‌تییه، ده‌رفه‌تێکی شیاوه بۆ ته‌کاندنی ته‌می غه‌می دڵه‌کان و نه‌هێشتنی غه‌وری غه‌زه‌ب و غه‌ڵه‌تان و، هه‌لێکی ره‌خساوه بۆ وه‌لانانی گه‌ردی گوناهـ و تاوان و ده‌رسێکی باییداره بۆ هه‌مووان که دێڕ به دێڕ و سه‌ر و ژێری وانه‌ی پڕ خێر فێری به‌ره‌ی مرۆ ده‌کا. جه‌ژنی قوربان، جه‌ژنی گه‌لانی موسڵمانی جیهان و بیره‌وه‌ریی گه‌وره‌ترین قوربانییدانی مرۆڤه له‌پێناوی پیاده‌کردنی په‌یامی په‌روه‌ردگار و، په‌یڕه‌وییکردنه له فه‌رمانی خودا و به‌گژداچوونه‌وه‌ی حه‌زه ناحه‌زه‌کان و ئاره‌زووه ناپه‌سه‌نده‌کانه، جه‌ژنی گه‌لانی چه‌وساوه و له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه جێژنی گه‌لی موسڵمانی کورده و بانگه‌وازی باوکانی کوردستان ده‌کا که ئیبراهیم ئاسا له‌پێناوی ئازادیی و رزگارییدا جگه‌رگۆشه‌کانیان پێشکه‌شی کۆڕی تێکۆشان بکه‌ن و له‌و رێبازه پیرۆزه‌دا به بایی گیانیان قوربانیی بده‌ن، ئه‌م جه‌ژنه ئیلهامبه‌خشی دایکانی کوردستانه و داوایان لێده‌کا چه‌شنی هاجه‌ره‌ی خۆڕاگر له به‌رامبه‌ر گه‌وره‌ترین کۆست و کۆسپدا ئارامبگرن و به پشوودرێژیی و باوه‌ڕی به‌تینیان تین بده‌نه به‌ر جه‌سته‌ی شۆڕش و به په‌روه‌رده‌ی دروست و کوردانه‌ی رۆڵه‌کانیان نه‌وه‌یه‌کی نوێی نه‌سره‌وتوو بکه‌نه دیاریی زێد و واری زێده‌ئازیزیان و وزه و وره‌ی رابوونی ره‌وای کوردی پێ به‌هێزبکه‌ن، لاوانی خاوه‌ن ئیمانی کوردستان هانده‌دا که ئیسماعیلانه ئاماده‌ی قوربانییدان بن و به‌سه‌خاوه‌ته‌وه له‌پێناو ئامانجه به‌رزه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌یاندا گیانی شیرینیان قوربانیی بکه‌ن تا به‌ختیاریی و ئاسووده‌یی بۆ گه‌له‌که‌یان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن. له‌م رۆژه گه‌وره و مێژووییه‌دا سڵاو بۆ باوه‌ڕ و خه‌بات و قوربانییدان و خۆڕاگریی شۆڕشگێڕانی راسته‌قینه‌ی رێگه‌ی خۆشبه‌ختیی مرۆڤ ده‌نێرین و هه‌ر به‌م بۆنه پیرۆز‌ه‌وه‌شه‌وه گه‌رمترین پیرۆزبایی کومیته‌ی ناوه‌ندیی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان ئاڕاسته‌ی موسڵمانانی جیهان به گشتیی و گه‌لی موسڵمانی خه‌باتگێڕی کوردستان و تێکۆشه‌رانی خۆڕاگری رێکخراوه‌که‌مان به تایبه‌تیی ده‌که‌ین و له خودای گه‌وره داواکارین سه‌رکه‌وتوو و به‌ختیار و سه‌رفرازیان بکا.
رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان کومیته‌ی ناوه‌ندیی
٢٧-سه‌رماوه‌زی-١٣٨٦-ی کۆچیی - هه‌تاویی ١٨⁄١٢⁄٢٠٠٧-ی زایینیی
|
| |||||||||||||||||||||||||||||||||
|
|
|
|
All rights reserved khabat.org © 2002 - 2007