|
|
|
|
په‌یامی قورئان ئازادكردنی عه‌قڵه
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عبدالکریم سروش
وه‌رگێڕانی: شۆرش shorsh1359@hotmail.com
له‌م گفتوگۆیه‌دا سروش باس له به‌شدارییکردنیان له سێمیناری "ئیسلام و دێموکراسیی" که له سه‌ره‌تای مانگی جۆزه‌ردان له زانکۆی ئه‌مستردام به هاوکاریی زانکۆی ئامستردام، دامه‌زراوه‌ی-ISIM- که ده‌رباره‌ی ئیسلام له دنیای سه‌رده‌مدا لێکۆڵینه‌وه ده‌کات – و بڵاوکراوه‌یZEM ZEM- -به‌ڕێوه‌چوو و ئه‌و باس و گفتوگۆیانه‌ی له‌و سیمیناره‌دا خرانه‌ڕوو، ده‌کات. به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م گفتوگۆیه تایبه‌ته به ڕه‌خنه‌کانی یوسف ئه‌بازه‌ری که ئه‌م دواییانه له سروش گرتبووی سه‌باره‌ت به ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ی سروش ڕووه‌و عیرفان کردوویه‌تی. ئه‌م گفتوگۆیه له‌لایه‌ن مه‌تین غه‌ففاری‌یه‌وه ئه‌نجام دراو‌ه و له ماڵپه‌ڕی تایبه‌تی دکتۆر سروش دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
له سه‌ره‌تای مانگی جۆزه‌رداندا ئێوه به‌شداریی سیمینارێكتان كرد له‌ژێر ناونیشانی "ئیسلام و دێموكراسیی". كێبوون ئه‌وانه‌ی له‌و سیمیناره‌دا به‌شدار بوون و چ باس و خواسێكی تێدا خرایه‌ڕوو؟
له‌و سیمیناره‌دا ده‌بوو سێ كه‌س وه‌ك وتووێژكار به‌شدارییان كردبا. من، به‌ڕێز طارق رمضان ، به‌ڕێز صادق جلال‌العظم و به‌رێز نصر حامد ابوزيد چوار به‌شداری سه‌ره‌کیی ئه‌و سیمیناره بووین كه دیاره به‌ڕێز ابوزید به‌هۆی نه‌خۆشکه‌وتنێکی له‌ناكاو نه‌یانتوانی به‌شداریی بكه‌ن.
سێمیناره‌که به‌شێوه‌ی وتووێژ بوو. دکتۆر آصف بيات، به‌ڕێوه‌به‌ری زانستیی دامه‌زراوه‌ی-ISIM-ئه‌رکی به‌ڕێوه‌بردنی سیمیناره‌که‌یان له‌سه‌رشان بوو و پرسیاره‌کانیان ده‌خسته ڕوو. سه‌رجه‌می ئاماده‌بووان له‌م دانیشتنه‌دا، جگه له چه‌ند که‌سێکی موسوڵمان، هه‌موویان هۆڵه‌ندیی بوون. زۆر باش پێشوازیی له دانیشتنه‌كه كرا و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك به‌هۆی بچوكیی شوێنی دانیشتنه‌كه نه‌یانتوانی به‌شدار بن. سیمیناره‌كه، كه به‌ڕێز به‌یات به‌ڕێوه‌ی ده‌برد، به‌م شێوه‌یه بوو كه هه‌ر جاره‌ی پرسیارێكی هاوبه‌ش ده‌خرایه ڕوو و هه‌ر یه‌كێك له ئێمه، واته سێ كه‌سه‌كه، وه‌ڵامه‌كانی خۆمان ده‌دایه‌وه و زۆرجاریش له‌نێوان خۆماندا گفتوگۆ دروست ده‌بوو. یه‌كه‌مین پرسیارێك كه خرایه ڕوو ئه‌وه‌بوو كه په‌یوه‌ندیی هه‌ریه‌ك له ئێمه له‌گه‌ڵ قورئاندا چییه؟ هه‌روه‌ك ده‌زانن به‌ڕێز صادق‌العظم ئه‌گه‌رچی له خێزانێكی موسوڵماندا له‌دایكبووون، به‌پێی قسه‌ی خۆی، كه‌سێكی ئاتێئیست- ئومانیستن. له‌به‌ر ئه‌وه وه‌ڵامی ئه‌وان ئه‌وه‌بوو كه قورئان وه‌كو كتێبێكی ئه‌ده‌بیی و كلاسیك وه‌ك كتێبه‌كانی هۆمێر یان شكسپیر ده‌خوێنمه‌وه. ئه‌وان ئه‌وه‌شیان گوت كه قورئان كتێبێكی به‌ڕێزه به‌ڵام كۆمه‌ڵێك قسه‌ی به ده‌وره‌وه هه‌ڵده‌به‌ستن. وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك كه‌س ئایه‌ته‌كانی قورئان به‌رده‌وام ده‌خوێننه‌وه به‌و هیوایه‌ی پێویستییه‌كانیان جێبه‌جێ ببێ. له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه ڕه‌فتاری له‌و جۆره ماقووڵ نی‌یه. من گوتم من عه‌ره‌ب نیم و له‌وانه‌یه له‌ڕووی چێژه‌وه ئه‌و ده‌ركه‌ی عه‌ره‌بێك له سه‌بک و شێوه‌ی قورئان هه‌یه‌تی من نه‌مبێ، به‌ڵام هاونشینیی من له‌گه‌ڵ قورئان یه‌كجار زۆر بووه، زۆر بۆی گه‌ڕاومه‌وه و ته‌نانه‌ت چه‌ندین جار قورئانم له‌گه‌ڵ چوار ئینجیله‌كه و ته‌وڕات به‌راورد كردووه و كه‌ڵكی زۆرم لێ وه‌رگرتووه. به هه‌ر ستانداردێك بێ، قورئان چ له‌ڕووی شێوه‌ی پێكهاته و چ له‌ڕووی كاریگه‌رییه‌ك كه به‌درێژایی مێژوو به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێكی زۆره‌وه هه‌یبووه، کتێبێکی ئاسایی نی‌یه. له‌وێدا من گوتم په‌یامی قورئان ئازادكردنی عه‌قڵه، كه پرسیان مه‌به‌ستتان چییه؟ گوتم مه‌به‌ست ئازادیی سیاسیی نی‌یه به‌ڵكو مه‌به‌ست ئازادیی عه‌قڵه له نه‌خۆشییه ڕۆحییه‌كانی وه‌ك لووتبه‌رزیی، خۆبه‌زلزانیی و خۆویستیی و وێنه‌ی ئه‌وانه. مرۆڤێك كه خاوه‌نی عه‌قڵێكی ئازادی ئاوایه، هه‌م ده‌توانێ به ڕاستیی/ دروستیی بیركاته‌وه و هه‌م ده‌توانێ وه‌ك مرۆڤێكی ئازاد له كۆمه‌ڵگادا کاریگه‌ر بێ. به‌ڕێز طارق رمضان له وه‌ڵام به‌م پرسیاره‌دا شتێکی وایان نه‌گوت ته‌نها سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که له‌کاتی تێگه‌یشتن له قورئان ده‌بوو-Context-واتا هه‌لومورجی مێژوویی هاتنه‌خواره‌وه‌ی قورئان له‌به‌رچاو بگیردرێ، چه‌ند خاڵێکیان خسته‌ڕوو. دوای ئه‌وه بوو كه پرسیاره‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تیی به‌ره‌و بابه‌تی تایبه‌تی ئیسلام و دێمۆكراسیی ڕۆیشتن. به‌ڕێز صادق‌العظم له زۆرینه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌دا ڕۆڵێكی وای نه‌بوو چونكه پرسه‌كه پرسی ئه‌و نه‌بوو و هه‌وڵیانده‌دا وه‌ڵامی كورت بده‌نه‌وه. من له‌وێدا گوتم ده‌ربڕینی دێمۆكراسیی ئیسلامیی هیچ كاتێك به‌كارناهێنم به‌ڵكو هه‌میشه باسی ئه‌وه ده‌كه‌م كه ئایا موسوڵمانان ده‌توانن له كۆمه‌ڵگایه‌كی دێمۆكراتیكدا له‌ژێر سێبه‌ری حكوومه‌تێكی دێموكراتیك بژین یان نا؟ وه‌ڵامی من ئه‌رێ بوو. به‌ڕای من به‌بێ ئه‌وه‌ی بمانهه‌وێ ڕه‌گه‌زه تایبه‌تیی و بنه‌ڕه‌تیه‌كانی دێمۆكراسیی له ڕێوشوێنه ئیسلامییه‌کانه‌وه ده‌ربێنین-كه كارێكی هه‌ڵه‌یه- ده‌توانین به‌م جۆره له پرسه‌كه بڕوانین كه زۆربه‌ی ڕه‌گه‌زه‌كانی حكوومه‌تێكی دێمۆكراتیك له‌گه‌ڵ هزری ئیسلامییدا دژایه‌تییان نی‌یه. بۆ نموونه پرسی لێكجیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان ئه‌گه‌رچی له ڕێوشوێنه سه‌ره‌تاییه ئیسلامییه‌كاندا بوونی نه‌بووه به‌ڵام هیچ زانایه‌كی موسوڵمان فتوای به‌دژی نه‌داوه و، به‌ئاسانیی ده‌توانرێ له كۆمه‌ڵگایه‌كی دینییدا قبووڵ بكرێ. پرسی به‌رپرسیارێتیی فه‌رمانڕه‌وا سیاسییه‌کان-accountability-یاخود هه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێکی به‌هێز و سه‌ربه‌خۆی یاسادانانیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه. دیاره به ڕوانگه‌یه‌کی له‌م جۆره ناتوانرێ دێمۆکراسییه‌کی مۆدێڕن و ته‌واو دروست بکرێ به‌ڵام مه‌گه‌ر له هیچ شوێنێکی جیهان دێموکراسیی ته‌واو جێگیر کراوه؟. ڕاسته، لێره‌دا ده‌بوو پرسی دیكه‌ش خرابایه ڕوو كه له سه‌رووی هه‌موویان پرسی مافه‌كانه كه وێڕای ئه‌ركه‌كان ده‌بوو له‌به‌رچاو بگیرایه. له‌باره‌ی ئه‌ویشه‌وه من چه‌ند ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كم پێشكه‌ش كرد. به‌ڕێز طارق رمضانیش له‌م بوارانه‌دا چه‌ن شتێكیان گوت. ئه‌و، هه‌م جه‌ختی له‌سه‌ر چیڕۆكی ماف و ئه‌ركه‌كانی موسوڵمانان كرده‌وه و هه‌م ئه‌وه‌ی كه دێمۆكڕاسیی ته‌نها یه‌ک شێوه‌ی نی‌یه. دێمۆكڕاسیی له هۆڵه‌ندا یان ئه‌مریكا به شێوه‌یه‌کی جیاواز به‌دی هاتووه. صادق العظم ئاماژه‌ی به سێكۆلاریزم و ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌سته‌وه‌گرتنی بزووتنه‌وه‌ی سێكۆلار له توركیا، كرد، ئه‌و سێكۆلاریزاسیۆنه‌ی كه له سه‌رده‌می ئه‌تاتوركدا جێگیر بوو. من له‌م باره‌وه گوتم كه له سه‌ره‌وه‌ڕا به‌سه‌ردابڕینی سێكۆلاریزم کارێکی ناڕه‌وا و سه‌رنه‌كه‌وتوویه. ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌رنج له ده‌ركه‌وتنی سێكۆلاریزم له ئه‌ورووپا بده‌ین، ده‌بینین که ئه‌م كاره به ئامۆژگاریی و تۆبزیی كه‌سێك یاخود ده‌سته‌یه‌ك جێبه‌جێ نه‌بووه به‌ڵكو یه‌كه‌م: به‌هۆی كاریگه‌ریی به‌ریه‌ككه‌وتنی دین و زانست له‌وكاتدا، دین بووه یاریكه‌رێكی لاواز و بێ‌توانا له كۆمه‌ڵگا و سیاسه‌تدا. كه‌س بڕیارێكی ده‌رنه‌كرد كه ده‌بێ دین له سیاسه‌ت جیابێته‌وه به‌ڵكو ئه‌م جیابوونه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی سروشتیی ڕوویدا، دووه‌م: به‌هۆی په‌یدابوونی درزێك له مه‌سیحیه‌تدا(به‌تایبه‌ت دوای ده‌ركه‌وتنی پرۆتستانتیزم) دین چیدی ئه‌و پێگه‌ی پێشووی نه‌مابوو و نه‌یده‌توانی ئه‌و ڕۆڵه بگێڕێ كه له ڕابردووی خۆیدا ده‌یگێڕا. دڵنیام ئه‌گه‌ر دینی مه‌سیحیه‌ت دووباره به‌هێزبێته‌وه پێده‌نێته‌وه سه‌ر سه‌كۆی كۆمه‌ڵگا و سیاسه‌ت له خۆرئاوا. هه‌روه‌ك نیشانه‌گه‌لێك هه‌ن نیشانی ده‌ده‌ن كه دین له گه‌ڕانه‌وه‌ی دووباره‌ی دایه بۆسه‌ر سه‌كۆ. له جیهانی ئیسلامییدا، به پێچه‌وانه‌ی مه‌سیحیه‌ت، له سه‌رده‌می مۆدێرندا هیچ دابڕان و له‌تبوونێكمان نه‌بووه، دابڕانی نێوان شیعه و سوننیی وه‌ک دوو ده‌سته‌ی گرنگ له جیهانی ئیسلامییدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌كانی پێشوو. كێشه و به‌ربه‌ره‌كانی نێوان زانست و دینیش به‌و جۆره كه له خۆرئاوادا ڕوویدا له‌نێو ئێمه‌دا نه‌هاته دی. ئه‌مڕۆكه گه‌ڕانه‌وه‌ی دین بۆ سه‌ر سه‌كۆ شێوه‌یه‌كی توندوتیژی وه‌رگرتووه و سه‌ری له گێڕانه‌وه بونیادگه‌راكانی جیهانی ئیسلامی‌دا ده‌رهێناوه. ئه‌م سه‌رده‌مه تێده‌په‌ڕێ و ده‌ربڕینی بوونی دینی شێوه‌ی ناتوندوتیژ به‌خۆوه ده‌گرێ. ده‌بێ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه تیۆر دابڕ‌ێژین. له شوێنێكی دیكه‌دا به‌ڕێز صادق العظم بۆ ئه‌وه‌ی تۆمه‌تی بونیادگه‌رایی له داوێنی موسوڵمانان پاك كه‌نه‌وه ئه‌و بۆچوونه‌ی خسته‌ڕوو كه له‌وانه‌یه بتوانی بڵێی موسوڵمانان له بیستوچوار كاتژمێردا ته‌نها چه‌ند كاتژمێرێكان موسوڵمانن. وه ڕووی له من كرد‌و گوتی ئایا شتێكی ئاوا ده‌لوێ؟ من وه‌ڵامم دایه‌وه ئه‌گه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕدارێكی ڕاستگۆ بێ، له‌وێوه كه دینداریی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه گریمانه‌یه‌كی بوونناسیی، مرۆناسیی و مه‌عریفه‌ناسیی بینا ده‌كرێ، ناتوانرێ چه‌ند كاتژمێرێك دیندار بی و چه‌ن كاتژمێرێكی دیكه دیندار نه‌بی. به‌ڕێز صادق العظم گوتی: كه‌واتا ئێوه بۆچوونی ئه و كه‌سانه‌تان قبووڵ نی‌یه كه پێیانوایه دینداریی شێوازێكی ژیانه-form of life-موسوڵمانان كاتی وا هه‌یه موسوڵمانن و كاتی وا هه‌یه موسوڵمان نین و كۆمه‌ڵه كارێكی بونیادگه‌رایانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن. وه‌ڵامم دایه‌وه و گوتم ئه‌وانه هه‌ڵه ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌و به‌ڵگه ساده‌یه كه زۆرینه‌ی موسوڵمانان ئه‌و ده‌قه ئیسلامییانه ده‌خوێننه‌وه و كاری بونیادگه‌رایانه‌ش ناكه‌ن. پرسیارێكی دیكه ئه‌وه بوو كه ئه‌گه‌ر موسوڵمانان له مێژووی خۆیاندا بخوێننه‌وه كه پێغه‌مبه‌ر فه‌رمانی كوشتنی كه‌سێكی داوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له دین هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه، ئایا شوێن پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یان ده‌كه‌ون؟ به‌ڕێز طارق رمضان كه پرسیاره‌كه‌ی لێكرابوو وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه و گوتی: پرسه‌كان نابێ له‌و جۆره پرسیارانه‌دا کورتکه‌ینه‌وه. دیاره ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه له من كرابایه ده‌مگوت به‌ڵێ له سه‌دا سه‌د، ڕه‌فتاری پێغه‌مبه‌ر بۆ موسوڵمانان سه‌رمه‌شقه به‌ڵام ئێمه له مێژوودا ڕووداوێكی وامان پێ شكنایه كه پێغه‌مبه‌ر له‌به‌ر له‌دینوه‌رگه‌ڕانی كه‌سێك فه‌رمانی كوشتنی ئه‌و كه‌سه‌ی دابێ، وێڕای ئه‌وه‌ش له‌و بارانه‌دا ده‌بێ زه‌مینه‌ی مێژوویی و هه‌لومه‌رجی ده‌ركردنی بڕیاره‌كه له‌به‌رچاو بگیردرێ. لێره‌دا به‌ڕێز صادق‌العظم هاته ناو باسه‌كه‌وه و گوتی موسوڵمانان ئه‌گه‌ر بیانهه‌وێ دێمۆكڕاسیی جێگیر بكه‌ن ده‌بێ ده‌ست له به‌شێك له بنه‌ما دینییه‌كانیان هه‌ڵگرن؛ بۆ نموونه كۆیلایه‌تیی وه‌لانێن و یاساكانیان سه‌باره‌ت به ئه‌هلی زیممه بگۆڕن. من ڕوونم كرده‌وه که به‌ڕێز صادق‌العظم ڕاست ده‌كه‌ن كه هه‌م باسی كۆیلایه‌تیی له قورئاندا هه‌یه و هه‌م پرسی ئه‌هلی زیممه له فیقهی ئیسلامییدا هه‌یه كه ده‌بێ جێی سه‌رنج بن به‌ڵام وه‌ك بۆخۆشیان ده‌زانن، هیچ یه‌كێك له‌و دووانه، له بنه‌ما ئیسلامیه‌كان نین. چونکه ده‌سته‌واژه‌ی-Principle of Islam-یان به‌کار هێنا، ئه‌مانه له ئه‌حکام و شه‌ریعه‌ته‌کانن و ته‌نانه‌ت به‌شێکیش نین له پێویستییه‌کانی دین. ئه‌وه‌شم زیادکرد که ئه‌گه‌رچی کۆیلایه‌تیی له ئیسلامدا هه‌یه به‌ڵام به‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ر و ئیسلامدا بڕا. هه‌لومه‌رجێك له جیهاندا هه‌بوو تێیدا هه‌موو له‌شكره‌كان كۆیله‌یان له یه‌كتری ده‌گرت و موسوڵمانانیش ناچاربوون كه كارێكی ئاوا بكه‌ن. هه‌روه‌ك ده‌زانی ئیختیاری كۆیله‌گرتن دراوه‌ته ده‌ست فه‌رمانده‌ی له‌شكر و له ئایه‌تێكدا له سووره‌ی موحه‌ممه‌ددا هاتووه كه فه‌رمانده‌ی هێزه‌كان ده‌توانێ دیله‌كان ببه‌خشێت یان بیانگۆڕێته‌وه به دیله موسوڵمانه‌كانیان. سه‌باره‌ت به ئه‌هلی زیممه‌ش ئه‌گه‌رچی هه‌میشه موسوڵمانان له‌گه‌ڵیان خۆشڕه‌فتار بووون به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه مافی یه‌كسان له‌گه‌ڵ موسوڵمانانیان نه‌بووه نكوڵیی لێ ناكرێ. به‌ڵام ڕوونم كرده‌وه كه مه‌نتیقی ئه‌م كاره تا ڕادده‌یه‌ك ده‌توانرێ ڕوون بكرێته‌وه. ئه‌مڕۆ چه‌مكێك به ناوی شارۆمه‌ندیی[یاخود هاووڵاتیی] بوونی هه‌یه. ئه‌گه‌ر تۆ هاووڵاتیی هۆڵه‌ندا بی كۆمه‌ڵه مافێكت هه‌یه كه من هاووڵاتیی هۆڵه‌ندا نیم ئه‌و مافانه‌م نی‌یه و له به‌شێك له مافه‌كانی مرۆڤ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له هۆڵه‌ندادا نه‌هاتوومه دنیا، بێبه‌شم. له ڕابوردووشدا موسوڵمان‌بوون له وڵاته ئیسلامییه‌كاندا وه مه‌سیحیبوون له وڵاته مه‌سیحیه‌كاندا هه‌مان پێوه‌ری هاووڵاتیبوون بوو. ئێمه ناڵێین ئه‌مڕۆکه ده‌بێ کار به‌و رێسا فیقهیانه هه‌ر بکرێ. ئه‌و ڕێسایانه ده‌بێ ئیجتیهادیان تێدا بكرێ. به‌ڵام ده‌توانرێ مه‌نتیقی ئه‌و شتانه له ڕابوردوودا ده‌رك بكرێ. به‌ڕێز طارق رمضانیش وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكیان دایه‌وه. باسه‌كه تا كۆتایی كۆڕه‌كه به‌و شێوه به‌رده‌وام بوو. له كۆڕه‌كه‌دا من گاڵته‌یه‌كیشم له‌گه‌ڵ به‌ڕێز جلال‌العظم كرد. ئه‌و گوتی له ئیسلامدا ژن ناتوانێ پێشنوێژ بێ منیش گوتم ئه‌گه‌ر تۆ حه‌زت له نوێژكردنه من پێشنوێژی ژنیشت بۆ دابین ده‌كه‌م تا له‌و ڕووه‌وه له ئازاردا نه‌بی. نۆره گه‌یشته پرسیاری ئاماده‌بوان كه ده‌بێ بڵێم پرسیاری قووڵ نه‌بوون و زۆرتریشیان ڕوویان له به‌ڕێز رمضان بوو.
هه‌ڵسه‌نگاندنی ئێوه بۆ به‌شداره‌كانی دیكه به‌تایبه‌ت به‌ڕێز طارق رمضان كه ئێستا له ئه‌وروپادا زۆر جێگه‌ی سه‌رنجه، چی بوو؟ ئایا د‌ه‌تانناسی و ئایا ئێستا كه ئێوه له ئه‌وروپان، به‌دواداچوون بۆ باسه‌كانی ئه‌و ده‌كه‌ن یان نا؟
من به‌ڕێز طارق رمضان-١٠-ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌م هۆڵه‌ندایه بینی. سێمینارێك بوو به‌ڕێزان ئه‌بوزه‌ید و نورخالس مه‌جید و موحه‌ممه‌د شه‌ره‌فی له تونس به‌شدارییان تێدا كرد. یه‌كه‌مین جار من ئه‌وم له‌وێ بینی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كیش له‌نێوانماندا ڕوویدا. له مێزگردێكدا كه من و ئه‌و ئاماده بووین، له باره‌ی باسی دینداریی و ئازادیی مه‌زهه‌بیی. وێنای من وابوو كه دوای-١٠-ساڵ ئه‌و زۆر پوخته‌تر بووه و زۆرتری سه‌رنجه‌كان بۆلای ئه‌و ڕاكێشراون و له‌و سه‌رنجانه‌دا، پرسی ڕێگریكردنی له چوونی ئه‌وان بۆ ئه‌مریكا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه، بێ كاریگه‌ریی نه‌بووه. به‌ڕێز طارق رمضان ئێستا زۆر جێگه‌ی سه‌رنجی موسوڵمانانی ئه‌وروپایه و زۆرینه‌ی كاری ئه‌وان ئێستا بۆ گرێدانی پێناسی ئیسلامی و پێناسی ئه‌وروپییه. له یه‌كێك له گرنگترین كتێبه‌كانیدا به ناوی «موسوڵمانان له ئه‌وروپادا» ئامۆژگاریی موسوڵمانان ده‌كا كه له ئه‌وروپادا، ئه‌وروپاییانه كار بكه‌ن، له دێمۆكراسیی و ده‌رفه‌تی ئه‌وروپایی كه‌ڵك وه‌رگرن ئه‌ویش نه‌ك بۆ له‌سه‌ركارلادانی ئه‌و ڕژێمانه به‌ڵكو بۆ هێنانه‌دی و جێبه‌جێکردنی دادگه‌ریی زیاتر و دروستكردنی كه‌شێك بۆ خستنه‌ڕووی بیروبۆچوونه‌كانی خۆ و نیشاندانی ڕووخساری میهره‌بانیی ئیسلام به‌بێ ده‌ستبردن بۆ هیچ جۆره توندوتیژییه‌ك. گرنگترین پرسی ئه‌و – به‌و جۆره‌ی من له خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی تێده‌گه‌م – خستنه‌ڕووی پرسه سیاسیی- كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كه‌مینه موسوڵمانه‌كانه له ئه‌وروپادا به له‌به‌رچاوگرتنی چاره‌سه‌ری پرسی دووانه‌یی پێناس. ئامانجی ئه‌و ئاشتكردنه‌وه‌ی پێناسی دینیی و پێناسی ئه‌ورووپیی موسوڵمانانه له ئه‌وروپادا، به جۆرێك كه ئه‌وان له دژایه‌تییه‌كی ده‌روونییدا نه‌ژین و بتوانن له‌گه‌ڵ پاراستنی پێناسی دینییدا له ناوخۆی كۆمه‌ڵگای ئه‌وروپیدا تێكه‌ڵاو ببن. ده‌زانی كه چیرۆكی تێکه‌ڵاوبوون-integration-یه‌كێك له پرسه گرنگه‌كانه له ئه‌وروپادا. بۆ نموونه هه‌ر ئه‌م زانكۆی ئه‌مستردامه خۆلێكی بۆ په‌روه‌رده‌كردنی ئیمام-Imamtraining-كردۆته‌وه. ئیمام واته ڕێبه‌ره دینییه‌كان و كه‌سانێك كه بتوانن پێشنوێژیی جه‌ماعه‌ت بن و وه‌ڵامی پرسیاره دینییه‌كانی دینداران بده‌نه‌وه. ئامانجی خولی زانكۆی ئه‌مستردام ئه‌وه‌یه كه فه‌رهه‌نگی ئه‌وروپایی فێری ڕێبه‌ره دینییه‌كان بكات؛ به جۆرێك كه ئه‌م ڕێبه‌ره دینییانه به جۆرێك ئه‌ركه‌كه‌یان به‌جێ بگه‌یه‌نن كه موسوڵمانان شێوازێكی میانه‌ڕه‌و بگرنه‌به‌ر و بۆ لای توندوتیژیی ڕانه‌كێشرێن. دیاره من له‌وێدا بۆ ئه‌وروپاییه‌كانم ڕوون ده‌كرده‌وه كه چیرۆكه‌كه دوو لایه‌نه‌یه. ئێوه ته‌نها له موسوڵمانان چاوه‌ڕوانی میانه‌ڕه‌ویتان نه‌بێ، ئێوه‌ش ده‌بێ له به‌رابه‌ر ئه‌واندا ڕه‌فتاری میانڕه‌وانه‌تان هه‌بێ. ناتوانی بوروژێنی و چاوه‌ڕوان بی نه‌وروژێن. ڕاگه‌یاندن و بڵاڤۆكه ئه‌وروپییه‌كان ده‌بوو له ئاست به‌ها ئیسلامییه‌كاندا ڕێزی ته‌واو له‌به‌رچاو بگرن.
به‌شێك له هۆڵه‌ندییه‌كان پێیان گوتم گێڕانی ئه‌م سێمیناره كارێكی ده‌گمه‌ن بوو كه به‌شێكی زۆر له ئاماده‌بووان هۆڵه‌ندیی بوون و به‌هیچ جۆر ماندووبوونی خۆیان، له‌و باسانه‌ی ده‌خرانه ڕوو، نیشان نه‌ده‌دا. جۆرێك ئاره‌زوو بۆ ناسینی ئیسلام له ئه‌وروپادا په‌یدا بووه. دیاره ئه‌وه بڵێم كه هه‌موویان به به‌ڵگه‌ی تیۆلۆژیك حه‌زیان له‌و باسانه نی‌یه. ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه له ڕۆژنامه‌كاندا ده‌نوسرێن بووه‌ته هۆی ئاره‌زوومه‌ندییه‌كی گشتیی بۆ ناسینی ئیسلام. بڵاوكراوه‌كان زۆر وه‌دوای ئه‌و باسانه ده‌كه‌ون. ئه‌و به‌دواداچوونه له هۆڵه‌ندادا زیاتره وه‌ک له شوێنه‌كانی دیكه‌ی ئه‌ورووپا. هۆڵه‌ندا كه سه‌رجه‌می دانیشتووانی-١٦-ملیۆن که‌سه-١-ملیۆن موسوڵمانی هه‌یه. ( به‌راوردی بكه له‌گه‌ڵ ئینگلستان كه له به‌رامبه‌ر-٦٠-ملیۆن كه‌س دانیشتوان ته‌نها-٢-ملیۆن پێڕه‌وی ئیسلامن). موسوڵمانان له‌م وڵاته‌دا ئادابی موسوڵمانیی به ته‌واویی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن؛ به جۆرێك كه حیجابی ژنانی موسوڵمان له ڕێڕه‌وه گشتییه‌كانی هۆڵه‌ندادا ته‌واو هه‌ستی پێ ده‌كرێ و هۆڵه‌ندییه‌كانیش ئه‌وه‌یان په‌سه‌ند كردووه و هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ ژنه موسوڵمانه‌كاندا زۆر به‌ڕێزه‌وه‌یه و له ڕوویه‌كی دیكه‌شه‌وه موسوڵمانان به ته‌واویی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای هۆڵه‌ندیدا تێكه‌ڵ بووون. به ڕای من له‌م جۆره كۆمه‌ڵگایانه‌دا هه‌م موسوڵمانان و هه‌م ده‌وڵه‌ته‌كان ئه‌ركه له‌سه‌ریان كه كه‌شی لێكتێگه‌یشتن و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن بڕه‌خسێنن؛ كه‌شێك كه كه‌س تێیدا هه‌ست به ناڕه‌حه‌تیی نه‌كا. ده‌وڵه‌ته ئه‌وروپییه‌كان به تایبه‌ت ئه‌م مانایه زیاتر له‌به‌رچاو ده‌گرن تا كێشه له كۆمه‌ڵگادا دروست نه‌بێ. لێره‌دا دیاره ده‌بێ ئاماژه به خاڵێكی تیۆریك بكه‌م. به شێوه‌یه‌كی گشتیی كه‌ما‌سی‌یه‌كانی لیبرالیزم به‌دیاركه‌وتوون. یه‌كێك له پێشگریمانه‌كانی لیبرالیزم و سێكۆلاریزم ئه‌وه بوو كه هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ دیندا ده‌لوێ (ده‌گونجێ) چونكه دینه‌كان، ورده ورده لاوازتر ده‌بن. به‌ڵام ئه‌مڕۆ دینه‌كان و له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ئیسلام، به‌هێز بوون و ئه‌م به‌هێزبوونه یه‌كێك له لاوازییه‌كانی لیبرالیزم و سێكۆلاریزمی ئاشكرا كردووه. ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه كه چۆنچۆنیی ده‌توانرێ له نێوان دینه به‌هێزه‌كاندا، پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان جێگیر بكرێ؟ له‌به‌ر ئه‌وه به‌هۆی په‌یدابوونی ئه‌م پرسه تیۆریكه‌وه ده‌بینین كه هه‌م، بیریاران له‌ڕووی تیۆریكه‌وه و هه‌م سیاسه‌تمه‌داران له‌ڕووی كرده‌ییه‌وه تێده‌كۆشن پرسه‌كه چاره‌سه‌ر كه‌ن. له‌م ڕووه‌وه ئه‌م جۆره سێمینارانه‌ی كه به‌شێك له‌وانه به پاڵنه‌ری ته‌واو خێرخوازانه ڕێك ده‌خرێن به‌رهه‌می زۆر باشیان ده‌بێ.
به‌ڕێز دكتۆر سروش! ئاماده‌بوونتان له‌م سێمیناره‌دا هاوكاته له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبه نوێیه‌كه‌تان له ئێران‌دا به ناوی «ئه‌ده‌بی هێز، ئه‌ده‌بی دادگه‌ریی» ئه‌و جۆره ڕێكه‌وتانه ئه‌م گومانه به زه‌یندا دێنن كه دكتۆر سروش دوای ماوه‌یه‌كی زۆر دووركه‌وتنه‌وه له باسه‌كانی هزری سیاسیی سه‌رله‌نوێ گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌و باسانه. به ڕای ئێوه ئه‌م بۆچوونه له‌باره‌ی ئێوه‌وه ڕاسته؟
من هیچكاتێك له هزری سیاسیی دوور نه‌بوووم. یه‌كێك له پرسه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی من هه‌میشه سیاسه‌ت بووه. دواجار سیاسه‌ت به مانای سیاسه‌تی ڕۆژانه نا به‌ڵكوو تیۆری سیاسه‌ت وه سیاسه‌تی تیۆریی. ئه‌گه‌ر بۆ به‌رهه‌مه‌كانی من بگه‌ڕێیه‌وه ئه‌م ره‌گه‌زه له سه‌رجه‌میاندا ده‌بینی. له‌وانه‌یه ئێستا تۆختر بووبێ. دیاره ئه‌مه، تا ڕاده‌یه‌ك بۆ پرسی بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبه‌كانیش ده‌گه‌ڕێته‌وه. چاپی كتێب له‌وانه‌یه ئه‌و تێبینی‌یه بێنێته پێش كه که‌ڵکه‌ڵه‌ی نووسه‌ر له‌و بواره‌دا زیاتر بووه. ئێستا من هاوكات له چه‌ند بواردا كار ده‌كه‌م. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه له بواری سیاسه‌تدا به تایبه‌ت له‌باره‌ی دادگه‌رییه‌وه لێ ورد ده‌بمه‌وه، له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق و فه‌لسه‌فه‌ی دینییشدا سه‌رگه‌رمی كاری هزرییم كه خوا پشتیوانبێ به‌رهه‌می ئه‌مانه‌ش بڵاوبێته‌وه.
پێموایه وێڕای سه‌رنجدانی هه‌میشه‌ییتان له سیاسه‌ت ، گۆڕانێكیش له هزری ئێوه‌دا ڕوویداوه. ئه‌گه‌ر كاتێك ڕه‌خنه‌گرتن له ئایدیۆلۆژیا چه‌قی ئه‌ندێشه‌ی سیاسیی ئێوه بووبێ ئێستا زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌خلاق له سیاسه‌تدا كه‌وتوه‌ته چه‌قی ئه‌ندێشه‌ی سیاسیی ئێوه‌وه.
به‌ڵێ، له سه‌دا سه‌د ڕاسته. زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌خلاق له سیاسه‌تدا یان هه‌بوونی سیاسه‌تی ئه‌خلاقیی، چه‌ندوچۆنی ئه‌م كاره و له بنه‌ڕه‌تدا هه‌بوونی پێوه‌ری ئه‌خلاقیی بۆ سیاسه‌ت ئێستا که‌ڵکه‌ڵه‌ی منه. كتێبی «ئه‌ده‌بی هێز، ئه‌ده‌بی دادگه‌ریی»ش به ته‌واویی نیشانی ده‌دا كه من ڕووم كردۆ‌ته ئه‌م لایه. من باسی دادگه‌ریی(عه‌داله‌ت) م زۆر پێ عه‌زیزه و پێم وایه ئه‌و باسانه‌ی كه ئێمه له‌باره‌ی ئازادییه سیاسییه‌كان و مافه‌كانی مرۆڤ كردوومانن هه‌موویان به‌سه‌ر جاده‌ی دادگه‌رییدا تێده‌په‌ڕن. ئه‌م باسه دوو ڕه‌هه‌ندی هه‌ن، ڕه‌هه‌ندێكی ئه‌خلاقیی و ڕه‌هه‌ندێكی سیاسیی. ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیهه‌وێ گرێیه‌ك وه نێوانی سیاسه‌ت و ئه‌خلاق بدا ئه‌و گرێیه به‌ده‌ستی دادگه‌ریی لێده‌درێ. چونكه دادگه‌ریی، هه‌م سه‌رئاڵقه‌ی به‌ها سیاسییه‌كان و هه‌م سه‌رئاڵقه‌ی به‌ها ئه‌خلاقیه‌كانه.
كۆمه‌ڵێك له ڕۆشنبیران و زانكۆییه‌كان ڕه‌خنه له ڕووكردنه عیرفانی ئه‌م دواییانه‌ی ئێوه ده‌گرن. به گومانی ئه‌م كۆمه‌ڵه له ڕوناكبیران، سروش به‌هۆی خستنه‌ڕووی باسه سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له ده‌یه‌ی-٧٠-دا كۆمه‌ڵه ڕێگایه‌كی كردبۆوه كه ئه‌مڕۆ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه كه‌وتووه‌ته داوی عیرفان ئه‌م ڕێگایانه‌ی به ناته‌واویی به‌جێ هێشتوون. له سایتی تایبه‌تیی خۆشتاندا بینیم كه وتاره ڕه‌خنه‌ئامێزه‌كه‌ی به‌ڕێز ئه‌بازه‌ریتان داناوه و پێموایه ئه‌وه به‌و مانایه‌یه كه ئه‌و جۆره ڕه‌خنانه له‌به‌رچاو ده‌گرن.
له‌و باره‌وه باسوخواسێكی زۆر هه‌یه. من وتاره‌كه‌ی ئه‌وم بینی و هه‌ندێك له دۆستانیش باسی هاوشێوه‌ی باسه‌كه‌ی ئێوه‌یان له‌گه‌ڵدا كردم. من گومانم بۆ ئه‌وه ده‌چێ كه به‌ڕێز ئه‌بازه‌ری به‌شێك له وتاره‌كانی منیان نه‌بینیوه. ئه‌گه‌ر چاوت له «ئه‌خلاقی خودایان» كردبێ د‌ه‌وێدا وتارێكم به ناوی «زه‌ینی شێواو، پێناسی شێواو» هه‌یه كه تێیدا گوتوومه دوو ده‌سته هێزمان هه‌یه: هێزی لێوردبوونه‌وه(دیققه‌ت) و هێزی سهرلێسوڕمان(حیره‌ت). له هه‌ر شارستانیه‌ت و فه‌رهه‌نگێكدا ئه‌م دوو كۆمه‌ڵه هێزه ده‌بوو هاوسه‌نگ بن. له نێو هێزه‌كانی لێوردبوونه‌وه بیركاریی، فیقهـ ، ژیربێژیی و زانستم به نموونه هێناونه‌وه له نێوان هێزه‌كانی سهرلێسوڕمان ته‌سه‌ووف، عیرفان و شێعرم به نموونه هێناونه‌وه و گوتوومه كه له نێو ئێمه ئه‌م هاوسه‌نگییه تێكچووه. به‌م پێیه خودی من ئه‌و پرسه‌م له‌به‌رچاو گرتووه كه نابێ گرنگیی زیاتر له ڕاده‌ی خۆی به یه‌كێك له‌مانه بدرێ. من له‌و كه‌سانه بووم و هه‌م كه سه‌باره‌ت به گرنگیی هزری زانستیی سه‌رنجم هه‌بووه و سه‌رنجی خه‌ڵكی دیكه‌شم بۆ ڕاكێشاوه. چونكه ده‌زانم كه ماوه‌یه‌كه لێی بێئاگاین و باشه كه دووباره خۆی پێوه خه‌ریك كه‌ین. له‌م ڕووه‌وه‌یه كه ده‌ڵێم ڕه‌خنه‌كه‌ی به‌ڕێز ئه‌بازه‌ری به‌هۆی له‌به‌رچاونه‌گرتنی به‌شێك له به‌رهه‌مه‌كانی من بووه و من ئه‌م مانایه‌م له‌یاد بووه. دیاره من هه‌رچۆنێك بێ له‌م بابه‌ته بێ‌ئاگا نیم كه جیهانی ئێمه جیهانێكه تێیدا فه‌رمانی باڵا(امر متعالی) نامۆ بووه و ئێمه ده‌بێ وه‌بیر خه‌ڵكی بێنینه‌وه و باشترین سه‌رچاوه‌یه‌ك كه ده‌توانین له‌م بواره‌دا بمانبێ، هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه عیرفانییانه‌ی ئێمه‌یه كه من له‌نێو ئه‌وانه‌دا زیاتر له‌گه‌ڵ مه‌سنه‌ویدا ئاشناترم. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌م پرسه زیندوو بكه‌مه‌وه. سه‌رنجدانی من له عیرفان ڕوویه‌كی دیكه‌ی نی‌یه. دیاره وتاره‌كه‌ی به‌ڕێز ئه‌بازه‌ریم لا نی‌یه ده‌نا چه‌ند شوێنێكی دیكه‌شم له‌بیر بوو ده‌مویست ئاماژه‌یان پێ بكه‌م كه له‌وانه‌یه كاتێكی دیكه ئه‌م كاره هه‌ر بكه‌م.
یه‌كێك له خاڵه‌كانی ئه‌م باسه جه‌خدكردنی به‌ڕێز ئه‌بازه‌ری بوو له‌سه‌ر ئیمكانی كرانه‌وه‌ی فیقهـ . ئێوه كۆمه‌ڵه باسێكتان له‌باره‌ی فیقهه‌وه هه‌بوو كه به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیی فیقهـ كاریگه‌ریی زیاتری هه‌بوو تا باسه‌كانتان له‌باره‌ی عیرفانه‌وه كه زیاتر تایبه‌تمه‌ندیی فه‌ردیی هه‌یه.
ئه‌وه‌ی به‌ڕێز ئه‌بازه‌ری له‌باره‌ی فیقهه‌وه گوتبووی ئه‌مه نه‌بوو. ئه‌وه‌ی من له‌و ووتاره به‌بیرم دێ ئه‌وه‌بوو كه ڕه‌خنه‌ی له هێرشكردنه سه‌ر فیقهـ ده‌گرت. به‌پێی گومانی ئه‌و به‌هۆی عیرفانه‌وه ئه‌وپه‌ڕی ده‌توانی به‌ندیخانه ئاساییتر بكه‌ی له كاتێكدا به‌هۆی بڕیارێكی فیقهییه‌وه ده‌توانی كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك له زیندان ئازاد بكه‌ی. پێموایه مه‌به‌ستیان ئه‌وه بووه كه فیقهـ ، ئیمكاناتی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌یه كه به‌هۆی ئیجتیهاد تێداكردنی ده‌توانێ ببێته ڕێخۆشكه‌ری چاره‌سه‌ری پرسه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ڵام عیرفان ئه‌م توانایه‌ی نی‌یه... من به‌ڵگه هێنانه‌وه‌كه‌ی ئه‌وم زۆر لاواز یان بڵێم شاعیرانه هاته به‌رچاو. ئاخر ئه‌مه چ به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌یه‌كه؟ من له پێگه‌ی ده‌مه‌ته‌قێ(جدل) دا به ئاسانیی ده‌توانم بڵێم كه به فتوایه‌كی فیقهیی ده‌توانرێ كه‌سێك بنێریه زیندان و ته‌نانه‌ت بن تیغیش. له به‌رامبه‌ردا ئه‌گه‌ر عیرفان ته‌نها ئه‌م چاكی‌یه‌ی هه‌یه كه به‌ندیخانه ئاساییتر بكا لانی كه‌م ئه‌و زه‌ره‌ده‌ی نی‌یه كه كه‌س به كوشتن بدا. ئه‌وه له پێگه‌ی ده‌مه‌ته‌قێوه؛ به‌ڵام به‌جیددی بڵێم، من له‌و قسه‌یه حاڵی نابم كه عیرفان، شتێكی فه‌ردی‌یه. مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه و ئه‌و عیرفانه‌ی كه به كه‌ڵك تاك دێ به كه‌ڵك كۆمه‌ڵیش دێ. مه‌گه‌ر ناڵێن ته‌سه‌ووف بوو به‌هۆی هه‌ره‌سی كۆمه‌ڵگای موسوڵمانانی دوای هێرشی مه‌غۆلان. گریمان ئه‌و قسه‌یه‌ش ڕاست بێ ماناكه‌ی ئه‌وه‌یه كه ته‌سه‌ووف بووه هۆی هه‌ره‌سهێنانی تاكه‌كان و ئه‌وكات ئه‌م پرسه ڕه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تیشی په‌یدا كرد. ئه‌گه‌ر ده‌كرێ له كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی عیرفان قسه‌بكرێ ده‌توانرێ له سووده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشی قسه بكرێ. به بۆچوونی من عیرفانێكی ته‌ندروست كه خۆشبینیی و مۆڵه‌تی هاوئاهه‌نگیی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا ده‌دا به تاك ده‌یكاته شارۆمه‌ندێكی جیهانیی، له نێوجه‌رگه‌ی جیهانی گه‌وره‌دا دایده‌نێ، له‌گه‌ڵ سروشت و خۆشی‌دا ئاشتی ده‌كاته‌وه و شتێكی له‌م جۆره ڕه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تیشی هه‌یه و نه‌ک ته‌نها به‌ندیخانه بۆ تاك به‌ڵكو گێتی بۆ كۆمه‌ڵ ئاسایی ده‌كات. ئه‌مه زوڵمه له عیرفان كه بڵێین ته‌نها سوودی فه‌ردیی هه‌یه، ئه‌ویش له ئاستێكی وا نزم كه له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان یان شێعر به‌راورد بكرێ. من به‌داخه‌وه ده‌بێ بڵێم ئه‌وه‌ی به‌ڕێز ئه‌بازه‌ری له‌و باره‌وه گوتوویه‌تی له‌سه‌ر تێگه‌یشتنێكی سه‌ره‌تایی له نێوه‌ڕۆكی عیرفان بینا كراوه. ئه‌مه، تێگه‌یشتنی من له‌م باسه. به‌ڵام تێكگیرانی من له‌گه‌ڵ فیقهدا تێكگیرانێكی مه‌عریفه‌ناسیی و سیاسیی– كۆمه‌ڵایه‌تیی بوو كه خستنه‌ڕووی داستانه‌كه‌ی لێره‌دا نالوێ. من له سه‌ره‌تاوه هه‌مان ده‌ردی غه‌زالییم لێ‌بوو كه ده‌یگوت فیقهـ ئێستا بووه‌ته گرنگترین و شه‌ریفترینی زانسته دینییه‌كان. فیقهـ دیاره به‌ڕێزه و هه‌روه‌ك گوتم له كۆمه‌ڵه‌ی هێزه‌كانی لێوردبوونه‌وه‌یه به‌ڵام له‌نێو زانسته دینییه‌كاندا شوێنێكی بچووكی هه‌یه و به گوته‌ی غه‌زالیی زانستێكی دنیایی‌یه. سێیه‌م فیقهـ، زانستی به‌رنامه‌ڕێژیی نی‌یه وه چه‌ند شتی دیكه‌ش كه ئاماژه‌م پێداون. به‌و هۆیه‌وه كه هه‌ستم ده‌كرد به‌هۆی زاڵبوونی فه‌قیهه‌كان له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، زانستی فیقهیش خه‌ریكه به‌سه‌ر سه‌رجه‌می زانسته دینییه‌كاندا زاڵ ده‌بێ و خوا نه‌خواستا دینێکی ڕووکه‌شیی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا ده‌سه‌ڵات ڕاباوێ. به گومانی من لێره‌دایه كه عیرفان گرنگیی په‌یدا ده‌كا و له ڕووکه‌شیی دین كه‌م ده‌كاته‌وه. لێكدانه‌وه‌ی من بۆ ئه‌م باسه ئه‌وه‌یه كه ڕۆشنبیرانی ئێرانیی له وه‌ڵامدانه‌وه به ته‌نگژه كۆمه‌ڵایه‌تیی و فه‌رهه‌نگییه‌كان هه‌ریه‌كه و به‌دوای په‌یداكردنی وه‌ڵامێكه‌وه‌ن. وا دێته به‌رچاو پێکه‌وه‌هه‌ڵکردنی كۆمه‌ڵایه‌تیی له ئێران‌دا له مه‌ترسییدایه و هه‌ر ڕۆشنبیره و ده‌یهه‌وێ چه‌سپێك بۆ پێكه‌وه‌نووساندنی به‌شه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه وه‌دۆزێ.
به‌لای ئێوه‌وه ئه‌م مادده پێكه‌وه‌نووسێنه‌ره، ئه‌خلاقه و ئه‌ویشتان له گه‌ڕانه‌وه بۆ عیرفان به‌ده‌ستهێناوه. پێموایه كه‌سێكی وه‌ك ئه‌بازه‌ری له‌م باره‌وه چاویان ده یاسا‌وه بڕیوه و پێیانوایه فیقهـ ئه‌و ئیمكانه‌ی هه‌یه ببێته هۆیه‌ک بۆ به‌یاساییکردنی كۆمه‌ڵگا. به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و زانیارییه‌ی سه‌باره‌ت به فیقهـ هه‌تانه پێتان وایه بۆچوونێكی له‌م جۆره ده‌گونجێ یان نا؟
له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه ده‌بێ چه‌مكی ماف بخه‌ینه ناو فیقهه‌وه. ئه‌و كاته‌یه كه ده‌توانین حكومه‌تێكی یاساسالاری دێموكرات دروست كه‌ین. ئه‌مانه شتانێكن من له به‌رهه‌مه‌كانمدا ئاماژه‌م پێداون و لێیان غافڵ نه‌بوووم. له بنه‌ڕه‌تدا كه‌ڵك وه‌رگرتن له ڕه‌گه‌زه فه‌رهه‌نگیی و نه‌ریتی‌یه‌كان كاری من بووه. فیقهێك كه ئه‌و هه‌مووه خزمه‌ته‌ی به‌م شارستانییه‌ته كردووه ناتوانی به شه‌وێكی ماچی كه‌ی و له‌سه‌ر تاقێی دانێی. عیرفانیش هه‌روا. دواجار ئه‌م ڕه‌گه‌زه فه‌رهه‌نگیانه ده‌بێ نه‌خۆشی‌یه‌كانیان بناسی و دووباره بیانهێنییه‌وه سه‌ر سه‌كۆ.
سه‌رچاوه:
|
| |||||||||||||||||||||||||||||||||
|
|
|
|
All rights reserved khabat.org © 2002 - 2007