|
|
|
|
نـــا! بۆ هێرشی سوپای تورکیه بۆسه‌ر باشووری کوردستان
نـاسـر ح. وه‌ک هه‌موو لایه‌ک ئاگادارن ماوه‌یه‌که سوپای ده‌وڵه‌تی تورکیه به هه‌موو هێز و توانا و چه‌کوچۆڵیه‌وه بۆ هێرشکردنه سه‌ر باشووری کوردستان له خۆئاماده‌کردن دایه. بێگومان وه‌ک هه‌میشه بیانوو و پاساوی تورکیه بۆ ئه‌م هێرشانه لێدانی هێزه‌کانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێرشکردنه سه‌ر بنکه و باره‌گاکانی ئه‌و پارته‌یه و هه‌ڵکه‌ندنیانه له خاکی باشووری کوردستان که گوایه ئه‌و هێزانه له خاکی باشووری کوردستانه‌وه هێرش ده‌که‌نه سه‌ر هێزه‌کانی سوپای تورکیه و ئاساییشی وه‌ڵات ده‌شێوێنن. به‌ڵام بۆ هه‌موو که‌س روون و ئاشکرایه که تاقه مه‌به‌ستی تورکیه له‌و هێرشانه دژایه‌تییکردنی کورد و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له باشووری کوردستان و لێدان و لاوازکردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه که ئێستا بۆته تروسکه‌ی هیوای هه‌ڵاتنی هه‌تاوی ئاواته دێرینه‌کانی کورد به‌گشتیی. هه‌روه‌ها مه‌به‌ستی دوژمنکارانه‌ی ئه‌و سوپایه له‌و کرده‌وه‌یه، هێرشکردنه بۆسه‌ر خاکی باشووری کوردستان و زیانگه‌یاندنه به ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و له کۆتاییشدا رووخاندنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته و داگیرکردنی باشووری کوردستانه. ئه‌م له‌شکرکێشیی و هه‌ڕه‌شانه له کاتێکدان که ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و عێڕاق به‌گشتیی و باشووری کوردستان به‌تایبه‌تیی به بڕگه‌یه‌کی هه‌ستیار و چاره‌نووسسازدا تێده‌په‌ڕێ و له‌و شوێنه‌دا چاوه‌ڕوانی هاتنه‌دی به‌شێکی به‌رچاو له ویست و داواڕه‌واکانی کورد له‌و به‌شه‌ی کوردستان ده‌کرێ.
بێگومان مه‌به‌سته دیار و شاراوه‌کانی ئه‌م هێرشه و پاساوه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیه له‌م باره‌وه هه‌رچییه‌ک بێ ئه‌م هێرشه سه‌ربازییه پێش هه‌موو شتێک هێرشی دڕندانه و نامرۆڤانه‌یه بۆسه‌ر پیرۆزییه‌کانی کورد و دژی ماف و ئازادییه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه. دواتر تێکدانی ئارامیی و ژیانی هێمنانه و دوور له شه‌ڕی ژن و منداڵ و پیاوی کوردستانه و دژایه‌تیی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ هه‌ستی مرۆڤانه و دنیای ئاشتییخوازانه و دراوسێیه‌تیی و پێکه‌وه‌ژیان و لێکتێگه‌یشتن هه‌یه. هه‌ڕه‌شه و هێرشی سوپای تورکیه بۆسه‌ر خاکی وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆی وه‌ک عێڕاق و باشووری کوردستان له‌گه‌ڵ عورف و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و په‌یامه ئاشتییه‌کان زۆر به توندیی دژایه‌تیی هه‌یه و به هه‌موو پێوانه‌یه‌ک پێچه‌وانه‌ی ژیانی ئاشتییانه و که‌شی گفتوگۆ و لێکگه‌یشتن و دنیای پێشکه‌وتووه.
ده‌وڵه‌تی تورکیه به‌و هێرشانه ده‌یه‌وێ که‌شی سه‌قامگیری باشووری کوردستان بشێوێنێ و ترس و دڵه‌ڕاوکێ و نائارامیی بخاته ناو خه‌ڵکی کوردستان تا دواتر به خه‌یاڵی خاوی خۆی پایه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بڕووخێنێ و له‌وێشه‌وه زه‌ربه له شووره‌ی شۆڕش و قه‌ڵای قاییمی باوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌ی کورد بدا. بێگومان بیری ره‌گه‌زپه‌رستیی و هه‌ستی شه‌ڕانگێزیی و حه‌زی سه‌رکێشی سته‌م و بێدادیی هه‌میشه هێزی پاڵنه‌ر و وزه‌به‌خشی هێرشی سوپای داگیرکه‌رانی کوردستان بۆسه‌ر خاک و خه‌ڵکی ئێمه‌ی کورد بوون به‌ڵام ئه‌و شه‌ڕخوازانه بۆ داپۆشینی کرده‌وه دزێو و نیازه گڵاوه‌کانیان له بیانووی جۆراوجۆر و سیاسه‌تی چه‌واشه‌کارانه که‌ڵکیان وه‌رگرتووه. ئه‌وان به درێژایی مێژووی نوێ له‌ژێر په‌رده‌ی پاراستنی ئاساییشی وه‌ڵات و راونانی "تیرۆریست" و "دژه‌شۆڕش" و "تێکده‌ر"و... هه‌موو هێز و توانا سه‌ربازیی و سیاسیی و ئابوورییه‌کانیان بۆ له‌ناوبردنی یه‌کجاره‌کیی کوردان و به سوتمانکردنی نیشتیمانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه کردووه.
به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی سوپای تورکیه و راوه‌ستان له‌دژی ئه‌و سیاسه‌ته دژه مرۆڤانه‌یه، ئه‌رکی هه‌نووکه‌یی و هه‌میشه‌یی هه‌موو رۆڵه‌یه‌کی کورد له هه‌ر شوێنێکی دونیایه هه‌روه‌ک له‌سه‌ر ئاشتییخوازان، داکۆکییکه‌رانی مافی مرۆڤ و دۆستان و خه‌مخۆرانی گه‌له‌که‌مان پێویسته به یه‌ک ده‌نگ و به یه‌ک هه‌ڵوێست له دژی ئه‌و هێرشه و حه‌زی نامرۆڤانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیه بووه‌ستن و رێگه نه‌ده‌ن ماف و که‌رامه‌تی مرۆڤانه‌ی گه‌لی زۆرییلێکراوی کورد پێخوست بکرێ و ژیان و ئارامییان بکرێته سووته‌مه‌نیی شه‌ڕی شه‌ڕخوازانی ده‌وڵه‌تی تورکیه.
سه‌رکه‌وێ خه‌باتی ئازادییخوازان بۆ هێنانه‌دی ژیانێکی ئارام و دوور له شه‌ڕ.
|
| ||||||||||||||||||||||||||||||||
|
|
|
|
All rights reserved khabat.org © 2002 - 2007