|
|
|
|
له رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامه‌وانییدا، تووندوتیژییه‌کان له دژی رۆژنامه‌نووسان هه‌ر به‌رده‌وامن
نووسینی: ناسر ح. رۆژنامه‌نووس و په‌یامنێرانی ده‌زگاکانی راگه‌یاندن ئه‌و که‌سانه‌ن که به حوکمی شێوه و شوێنی به‌ڕێوه‌بردنی کاره‌کانیان، له زۆر کات و شوێندا رووبه‌ڕووی رێ لێگرتن، بێڕێزیی پێکردن، راونان، ئازاردان، گرتن، ته‌نانه‌ت کوشتن و بێسه‌روشوێنکردنیش ده‌کرێنه‌وه. وه‌ك راپۆرته‌کانی هه‌واڵ و ئاماره راگه‌یه‌ندراوه‌کان ئاماژه‌ی پێده‌که‌ن، له هه‌ر گۆشه و که‌نارێکی ئه‌م جیهانه‌دا ساڵانه ده‌یان و زۆر جاریش سه‌دان په‌یامنێر و رۆژنامه‌نووس و وێنه‌گر و ئاماده‌کارانی به‌رنامه‌کانی ده‌زگا و دامه‌زراوه راگه‌یاندنه جیهانیی و ناوچه‌ییه‌کان ده‌کرێنه قوربانیی سیاسه‌ت و ویست و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه ناڕه‌واکانی ده‌سته و حیزب و ده‌وڵه‌ت و ته‌نانه‌ت هۆز و تیره جیاجیاکانیش. له وڵاتانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی سیسته‌مه دیکتاتۆر و دژهئازادییهکانی مرۆڤ و له‌و شوێنانه‌ی بیستنی بانگیی ئازادیی یاساغ کراوه و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆ و راستبێژ سنوور و که‌وشه‌نی ده‌ستکرد و به‌پێی حه‌زی ده‌سه‌ڵاتدار بۆ داندراوه، ئه‌و شوێن و ده‌ڤه‌رانه له هه‌موو جێگه‌یه‌ك زیاتر بوونه مه‌یدانی راوه‌دوونانی رۆژنامه‌نووس و په‌یامنێران و نووسه‌ران. ئه‌گه‌ر چاوێك به ئامار و راپۆرته‌کانی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی ساڵی-٢٠٠٨-ی زایینیی‌دا بخشێنین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که له ماوه‌ی نزیك به پێنج مانگی رابردوودا ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له رۆژنامه‌وان و کارمه‌ندانی ده‌زگاکانی راگه‌یاندن له شوێنه جۆراوجۆره‌کانی جیهاندا کراونه قوربانیی سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاته سته‌مکار و دژهئازادییهکان. له‌م رووه‌وه خوێندنه‌وه و شیکردنه‌وه‌ی چه‌ند راپۆرتێکی چه‌ندین رێکخراوی جیهانیی و ناوچه‌یی داکۆکییکهر له مافه‌کانی رۆژنامه‌وانان و لایه‌نگری راگه‌یاندنی ئازاد، کارێکی گرنگ و پێویسته. رێکخراوێکی نێوده‌وڵه‌تیی تایبه‌ت به کاروباری رۆژنامه‌گه‌ریی و لێکۆڵینه‌وه له بارودۆخی رۆژنامه‌وانان ئاشکرای کرد که له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵی زاینییه‌وه تا ئێستا زیاتر له-٢٨-رۆژنامه‌وان له-١٧-وڵات‌دا و له کاتی راپه‌ڕاندنی کاره‌کانیان و ئه‌رکه رۆژنامه‌وانییه‌کانیاندا کوژراون. ئه‌مه له کاتێکدا که ساڵی رابردوو له هه‌مان ماوه‌دا-٣٤-رۆژنامه‌وان بوونه قوربانیی. به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی رێکخراوی ”هه‌ڵمه‌تی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ دروشمی پاراستنی رۆژنامه‌وان“ (رێکخراوێکی تایبه‌ته به به‌رگرییکردن له رۆژنامه‌وانان له ناوچه پڕ گرفته‌کاندا) وڵاتی ”مێکزیك“ به کوژرانی شه‌ش رۆژنامه‌وان تێیدا به پله‌ی یه‌که‌م له‌ناو لیستی ترسناکترین وڵاتی جیهان بۆ رۆژنامه‌وانان دێ. هه‌ر ئه‌و رێکخراوه ئاماژه‌شی به‌وه کرد که هه‌ر یه‌ك له عێراق به کوژرانی پێنج رۆژنامه‌وان تێیدا، پاکستان سێ و رووسییه‌ش دوو رۆژنامه‌وان تێیدا، به پله‌ی دووه‌م، سێیه‌م و چواره‌م دێن. به گوێره‌ی ئاماره‌کانی ئه‌و رێکخراوه که بنکه‌که‌ی له ”ژنێف“ی پێته‌ختی ”سویس“ه، له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه له هه‌ر یه‌ك له هیندوستان، فلیپین، پاناما، که‌رتی ”غه‌ززه“، پۆلیڤیی، کۆڵۆمبیا، ئوگاندا، هێندوراس، برزیل، نیجێر، نیپاڵ، ئه‌فغانستان و سۆماڵیی، لانیکه‌م رۆژنامه‌وانێك کوژراوه. ده‌رباره‌ی بارودۆخی سه‌خت و دژواری شوێنی کار و ئه‌رکه‌کانی رۆژنامه‌وان و ده‌زگاکانی راگه‌یاندن له ئاستی ناوچه‌ییدا، راپۆرتی رێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆی عێراقیی به ناوی ”چاوه‌دێری ئازادییه رۆژنامه‌وانییه‌کان“ ئاشکرای کرد که له ماوه‌ی نێوان مانگی مای ساڵی پار و مانگی مای ئه‌مساڵدا نزیکه‌ی-٣٧-رۆژنامه‌وان و کارمه‌ندی ده‌زگاکانی راگه‌یاندن له‌و وڵاته تیرۆرکراون. رێکخراوی ناوبراو که بایه‌خ و گرنگیی به به‌رگرییکردن له رۆژنامه‌وانان و ئازادییه رۆژنامه‌وانییه‌کان له عێراق ده‌دا، هه‌ر له هه‌مان ماوه‌دا-١٩٧-حاڵه‌تی دهستدرێژییکردنهسهر و سووکایه‌تییپێکردنی له دژی رۆژنامه‌وانان و ده‌زگاکانی راگه‌یاندن تۆمارکردووه. هه‌مان رێکخراوه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه که شه‌ش که‌س له‌و رۆژنامه‌وانانه پاش گرتن و شوێنهونکردنیان له‌لایه‌ن چه‌کدارانی نه‌ناسراوه‌وه، کوژراون. ”لیژنه‌ی پاراستنی رۆژنامه‌وانان“یش که باره‌گاکه‌ی له ”نیویۆرك“ه، رۆژی-١⁄٥⁄٢٠٠٨-له راپۆرتێکی تایبه‌تیی خۆیدا که له باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بڵاوکرایه‌وه ئاشکرای کرد که له دوای هێرشی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر عێراق، ئێستا عێراق بۆته ترسناکترین وڵاتی جیهان بۆ رۆژنامه‌وانان. پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و راپۆرت و ئامارانه و له چوارچێوه‌ی به‌رگرییکردن له ئازادیی رۆژنامه‌وانیی و پاراستنی ژیان و گیانی رۆژنامه‌وان و په‌یامنێر و کارمه‌ندانی ده‌زگا و ناوه‌نده‌کانی راگه‌یاندندا، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، ”بان کی مون“، بانگه‌وازی کرد که ده‌بێ جیهان به‌رگریی له ئازادیی راگه‌یاندن بکا و رێگه نه‌ده‌ن ئه‌وانه‌ی ده‌ستدرێژیی ده‌که‌نه سه‌ر رۆژنامه‌وان و په‌یامنێران به‌بێ سزا و لێپرسینه‌وه ده‌ربچن. ناوبراو له نامه‌یه‌کدا که له ”نیۆیۆرك“ و به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامه‌وانییه‌وه بڵاویکرده‌وه، داوای له هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانیی کرد هیچ درێغیی و که‌مته‌رخه‌مییه‌ك له ناساندنی دهستدرێژییکهرانی سه‌ر رۆژنامه‌وانان نه‌که‌ن و تاوانبارانی ئه‌و جۆره تاوانانه بخه‌نه به‌رده‌ست دادگا. هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا، ”ماری هوبز“، وته‌بێژی رێکخراوی نێوده‌وڵه‌تیی له ”ژنێف“، به‌داخبوونی خۆی بۆ ”نه‌بوونی سزای دادپه‌روه‌رانه به گشتیی بۆ ئه‌و کرده‌وه پڕ له تاوانانه“ ده‌ربڕی. هه‌ر له‌مه‌ڕ بارودۆخی کار و هه‌ڵسووڕانی رۆژنامه‌وانان و به‌ربه‌سته‌کانی سه‌رڕێیان و هه‌ڕه‌شه‌کانی سه‌ر گیانیان، ”جۆرج بوش“ی سه‌رۆك کۆماری وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ره‌خنه‌ی تووندی ئاڕاسته‌ی سیستمی سیاسیی جیهانیی کرد که ده‌زگاکانی راگه‌یاندن و رۆژنامه‌وانان سه‌رکوت ده‌که‌ن. ”بوش“ له قسه‌کانیدا ده‌وڵه‌تی چینی به گرتن و زیندانییکردنی زۆرترین ژماره‌ی رۆژنامه‌وانان تاوانبار کرد و ناوی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی خسته ئه‌و لیسته تایبه‌تییه‌وه که ئه‌مریکا هه‌یه‌تی و پێی ده‌گوترێ ”لیستی ره‌ش“. ناوبراو له وته‌که‌یدا به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامه‌وانییه‌وه، گوتی: ”سیسته‌مه سیاسییه توندڕه‌وه‌کان و چه‌ند سیسته‌مێکی دیکه هه‌وڵده‌ده‌ن ئازادیی بخنکێنن. ئه‌و سیسته‌مانه زۆرجار ده‌زگاکانی راگه‌یاندن سه‌رکوت ده‌که‌ن ئه‌ویش له رێگه‌ی داخستنی رۆژنامه تایبه‌تییه‌کان، رادوێکان و تۆڕ و کاناڵه‌کانی ته‌له‌فیزیۆن.“ ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له بارودۆخی ئازادیی راگه‌یاندن و هه‌ڵسووڕان و چالاکییه‌کانی رۆژنامه‌وانان له ئێران بده‌ینه‌وه، به روون و ئاشکرایی ده‌رده‌که‌وێ که ئێران له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و رژیمه‌دا له سه‌ختترین و دژوارترین وڵاتانی جیهانه بۆ رۆژنامه‌وانان دێته‌ژمار. هه‌موو لایه‌نێکی ده‌ره‌کیی و ناوخۆیی باش ده‌زانن که له ئێرانی ئه‌مڕۆدا، هه‌موو جۆره ئازادییه‌ك، وه‌ك ئازادییه تاکه‌که‌سییه‌کان، ئازادیی سیاسیی، ئازادیی رۆژنامه‌وانیی و راگه‌یاندن، سه‌رتاپای کۆت و به‌ند و زنجیرکراوه. به تایبه‌تی له بواریی راگه‌یاندندا ده‌بینین هیچ که‌س و رۆژنامه و ده‌زگا و ناوه‌ندێکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ ناتوانێ ئازادانه و دوور له سانسۆر و راونان و گرتن و بێسه‌روشوێنکردن و ئیعدامکردن کار و چالاکییه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رێ. ئه‌گه‌ر له ئاماره‌کان و راپۆرته‌کانی ساڵانه‌ی تایبه‌ت به بارودۆخی راگه‌یاندن بڕوانین، ده‌رده‌که‌وێ که ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری به‌ناو ئیسلامیی، یه‌کێك له دیارترین و ترسناکتریین ئه‌و وڵاتانه‌یه ئازادیی رۆژنامه‌وانیی و رۆژنامه‌وانان به دڕندانه‌ترین شێوه تێیدا سه‌رکوت ده‌کرێن. له کوردستانیش رۆژنامه‌نووسان و بڵاوکراوه و ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی ناده‌وڵه‌تیی، له که‌شێكی پڕ له قه‌ده‌غه و یاساغ و ته‌واو دیکتاتۆرانه‌دا ژیان ده‌به‌نه‌سه‌ر. داخستنی یه‌ك له دوای یه‌کی هه‌فته‌نامه و گۆڤار و رۆژنامه و بڵاوکراوه جۆراوجۆره‌کان، سانسۆڕکردنی هه‌ر نووسراوه و راگه‌یه‌ندراوێك له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و بۆچوونه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا نه‌یه‌ته‌وه، فشارهێنان بۆ نووسه‌ر و رۆژنامه‌وان و چالاکانی بواری راگه‌یاندن، گرتنی رۆژنامه‌وانان له ژێر ناو و بیانووی جۆراوجۆری چه‌واشه‌کارانه‌دا و زیندانییکردن و حوکمدانیان به ”سزا“ی قورس و نامرۆڤانه و ته‌نانه‌ت کوشتن و بێسه‌روشێنکردنی رۆژنامه‌وانان و له هه‌مووشیان ترسانکتر و به‌ربڵاوتر ئیعدامکردنی رۆژنامه‌وانانی کورد و هه‌ڵسووڕاوان و چالاکانی بواره جیاجیاکانی راگه‌یاندن، له سیما دزێو و نامرۆڤانه‌کانی بواری رۆژنامه‌وانیی له کوردستانی ژێر ده‌ستی رژیمی خومه‌ینیی دایه.
تێبینیی/ له ژماره (٩٩)ی گۆڤاری (تێکۆشان)دا بڵاوکراوه‌ته‌وه
|
| ||||||||||||||||||||||||||||||||||
|
|
|
|
All rights reserved khabat.org © 2002 - 2008