|
|
|
|
دیداری ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز کاک حامید مه‌عرووفیی
حامید مه‌عروفی، ساڵی 1959ی زایینی له دێیه‌کی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت له بنه‌ماڵه‌یه‌کی وه‌رزێر له دایکبووه.. له ناوه‌نده دینییه‌کاندا ده‌رسی خوێندووه، به وته‌ی خۆی له قوتابخانه‌ش به هۆی رووداوه‌کانی شۆڕشی گه‌لانی ئێران نه‌یتوانی قۆناغی ده‌بیرستان ته‌واو بکات. له رێبه‌ندانی1980 وه بۆته پێشمه‌رگه‌ی خه‌بات و تا ئه‌مڕۆ له ریزه‌کانی ئه‌و رێکخراوه دا کاری کردووه و ئێستاش له بنکه‌ی سه‌رکردایه‌تیی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستانه. ڕێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران ڕێکخراوێکی دیکه‌ی سیاسی کوردستانی ئێرانه و حامید مه‌عرووفی وه‌ک به‌رپرسی یه‌که‌می ئه‌م ڕێکخراوه ئه‌وه ڕه‌ت ده‌کاته‌وه که له کوردستاندا بوونیان نه‌بێت و ده‌ڵێت" ئێمه له ناوه‌وه‌ی وڵات و له لێواری وڵاتیش هه‌ین" ئه‌و که دوای کۆچی مامۆستا مه‌لا خدر عه‌بباسی دامه‌زرێنه‌ر و که‌سایه‌تی دیاری ئه‌م ڕێکخراوه به به‌رپرسی یه‌که‌می "خه‌بات" هه‌ڵبژێردراوه و له هه‌مان کاتدا نایشارێته‌وه که له کوردستانی ئێران‌دا یه‌ک سازمانی خه‌بات هه‌یه و ئه‌ویش " ڕێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران"ه. بۆ ئاشنابوونی زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێکخراوه و خوێندنه‌وه‌ی تێڕوانینه‌کانیان دیدارێکمان له‌گه‌ڵ ساز کرد.
* چۆن بوون به سکرتێری سازمانی خه‌بات؟ هه‌ر پارت و رێکخراوێکی سیاسی میکانیزمێکی تایبه‌تی بۆ دیاریکردنی پله و به‌رپرسیارییه‌تیه‌کان هه‌یه، که ئه‌گه‌ر بکرێ و بارودۆخی سیاسی رێگه بدا به شێوه‌یه‌کی سرووشتی په‌یڕه‌ویی بکا. له ئۆرگانیزه‌کردن و په‌یکه‌ریی رێکخراوه‌یی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆرشگێڕی کوردستان دا سکرتێر (وه‌ک ئێوه ده‌ڵێن) نی یه، به‌ڵکو به‌رپرسی یه‌که‌م هه‌یه که ئه‌وه‌ش له په‌یڕه‌وی نێوخۆی رێکخراوه‌که‌مان دا ئاماژه‌ی پێ کراوه. مه‌رگی مامۆستا مه‌لا خدر عه‌بباسی، به‌رپرسی یه‌که‌می رێکخراوه‌که‌مان، شتێکی له پڕ و ناکاو نه‌بوو به‌ڵکو ئه‌نجامی نه‌خۆشییه‌کی کوشنده بوو که نزیک به دوو ساڵی خایاند. له به‌شێکی ئه‌و ماوه دا راپه‌ڕاندنی کاروباره‌کانی به‌رپرسی یه‌که‌م به من سپێردرا. دوای کۆچی دوایی مامۆستاش له 4/11/1997 دا، له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌رینی ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی و کادره‌کانی رێکخراوه‌که‌مان دا ئه‌و ئه‌رکه به شێوه‌یه‌کی ره‌سمیی خرایه ئه‌ستۆی من.
* وا هه‌ست ده‌کرێت له کوردستان دا هیچ جموجۆڵێکتان نییه؟ ئه‌مه ره‌واڵێکی سرووشتیی و ئاساییه که له ژیانی سیاسی دا هێندێک که‌س و لایه‌ن له راده‌ی خۆیان بچووکتر بنوێندرێن یا به که‌متر سه‌یر بکرێن و ئیواش هه‌یه زۆر زیاد له خۆی زه‌ق ده‌کرێته‌وه یا خۆی زۆر گه‌وره دێته به‌رچاو. جموجووڵمان ره‌نگه له ئاستی پێویست و له راده‌ی چاوه‌ڕوانیی دۆستانمان دا نه‌بێ، ده‌نا له چاو ناسکیی بارودۆخه‌که و هه‌ستیاریی قۆناغه‌که جموجووڵمان هه‌یه.
* ده‌ڵێن نوێنه‌رایه‌تیشتان له کوردستانی عێراقدا نییه و گوایه چه‌ند که‌سێکن و له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن؟ ئه‌مه راسته؟ رێک به پێچه‌وانه‌وه‌یه. سه‌رکردایه‌تیی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕ له چه‌ند کیلۆمیتریی شاری هه‌ولێره که ئه‌مڕۆ هه‌ولێر به ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی کوردیی ده‌ژمێردرێ. هاوکات که له کوردستان هه‌ین، له ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵاتیش به تایبه‌تی له ئوروپا و ئوسترالیا و کانادا چه‌ندین کادر و ئه‌ندام و لایه‌نگرمان هه‌ن. ئێمه به‌ش به حاڵی خۆمان گله‌ییمان له‌و هه‌ستیاره نییه.
* ئێستا له کوردستانی ئێران‌دا ئێوه قبووڵی ده‌که‌ن که دوو سازمانی خه‌بات هه‌یه؟ بوونی دوو " سازمانی خه‌بات" به یه‌ک ناو ئه‌گه‌ر هه‌بن، گونجاوه و به دیدی ئێمه هیچ ناته‌بایی لێ دیار نییه. رێکخراوێکی سیاسی به نێوی ( رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران) له پێناو گه‌ل و خاکی کوردستانی ئێران دا خه‌بات و تێکۆشانی هه‌بووه و هه‌یه و رێکخراوێکی دیکه‌ش به نێوێکی نزیک له‌و ناوه به‌ڵام به بیروباوه‌ڕی جیاوازه‌وه هه‌یه که ئه‌مه‌ش جێگایه‌کی بۆ قبووڵی ئه‌م وئه‌و نه‌هێشتۆته‌وه. جیا له‌وه‌ش ده‌کرێ له وڵاتێک یا له نێو گه‌لێک دوو ، هێندێک جار، سێ حیزب به ناوێکه‌وه و ته‌نانه‌ت له به‌ره‌یه‌ک دا به جیاوازیی پێشگرێک یا پاشگرێکی زۆر بچووک له ناو دا، هه‌بن به‌ڵام له بیروبۆچوون و ئامانج و شێوه‌ی کارکردن دا که‌مێک لێک جیا بن و بگره له‌وانه‌یه جیاوازییشیان نه‌بێ. نموونه‌ی له‌و جۆره‌ش له خه‌باتی سیاسی گه‌لانی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا دا هه‌بوون و هه‌ن. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم که بوونی رێکخراوی سیاسی و شۆڕشگێڕ له قۆناغی شۆڕش دا به ئیزنی ئه‌م که‌س و ئه‌و لایه‌ن نییه.
* له سایته‌که‌تاندا باسی ئه‌وه ده‌که‌ن که " له 3ی جۆزه‌ردانی توانیوتانه به‌سه‌ر موشکیلاتی ناوخۆییدا سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنن و ناوی رێکخراوه‌که‌تان بگۆڕن به ڕیکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران. ده‌کرێت باسی ئه‌و لێکترازانه بکه‌ن؟ ئایا ئێوه " رێکخراوی خه‌باتی کوردستانی ئێران" به رێبه‌ریی بابه شێخ به خه‌بات ناناسن؟ به‌رله 3 ی جۆزه‌ردانی ساڵی 1987 ناکۆکیی و ناته‌بایی له سه‌رکردایه‌تی و ریزه‌کانی خه‌بات دا، به گشتی، هه‌بوون. " لێکترازان" وه‌ک ئێوه ده‌ڵین یا جیابوونه‌وه گونجاوترین چاره‌سه‌ر بوو، که هه‌ردووک لا راسته‌وخۆ و لابه‌لا دانیان پێداناوه. ئه‌مه‌ش بۆ خاوێن مانه‌وه‌ی کارنامه‌ی رێکخراوه‌که به‌ڵام وه‌ک دیمان به داخه‌وه پڕیشکی خوێنی به ناهه‌ق رژاوی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ر پێ هه‌ڵپڕژا. سه‌باره‌ت به به‌شی دووه‌می پرسیاره‌که‌تان: له 3 ی جۆزه‌ردانی 1987 ناوی رێکخراوی خه‌بات نه‌گۆڕدراوه به‌ڵکو وشه‌ی ( شۆڕشگێڕ)ی لێ داندرا که دواتر له نێو پارت و رێکخراوه‌کانی کوردستان بوو به شتێکی باو. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نێک له ئه‌نجامی کرده‌وه‌ی ناپه‌سندی لایه‌نه‌که‌ی دیکه به‌رپرسیار نه‌بێ، یا به ده‌ربڕینێکی خاوێنتر و ساده‌تر تا لایه‌نێک ناوبانگی لایه‌که‌ی دیکه نه‌قۆزێته‌وه. سازمانی خه‌بات به سکرتێریی ( یا وه‌ک ئێوه ده‌ڵێن رێبه‌ریی) کاک بابه شێخ حوسێنی هه‌یه. خاڵی موسبه‌ت واته ئه‌رێنی له کرده‌وه دا ئه‌گه‌ر هه‌بن به قه‌ناعه‌ته‌وه دانیان پێ دا ده‌نێین. ده‌بێ ئێوه وه‌ک رۆژنامه‌نووس و ئاگادار له بارودۆخه‌که ئه‌وه‌تان زانیبێ که ئه‌وان له‌م دواییانه‌دا ئاڵ و گۆڕی زۆر زه‌ق و بنه‌ڕه‌تییان له په‌یڕه‌و و پڕۆگرام دا پێکهێناوه به جۆرێک وه‌ک ئه‌وه ناچێ ئێمه و ئه‌وان دوو په‌لی بنکێک یا ئاوی سه‌رچاوێک بین. راستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌رکی پیرۆزی درێژه‌دان به رێبازی رێکخراوی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی و ئیسلامیی کوردستانی ئێران له دوای 3 ی جۆزه‌ردانه‌وه که‌وته سه‌ر شانی ئێمه له رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران. له رابردوو دا ئێمه سه‌برمان کرد و له‌م دواییانه دا ئه‌وانیش قه‌ناعه‌تیان به‌و راستییه کرد و به زمانی خۆیان رایانگه‌یاند و به قه‌ڵه‌می خۆیان نووسیان.
* ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه که دوای مامۆستا مه‌لا خدر ئیتر شتێک به ناوی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران نه‌ماوه؟ ئێوه ده‌ڵێن چی؟ له ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه دا هه‌ڵه‌ی زه‌ق و به‌رچاو هه‌یه، وه‌ک له پرسیاری دووه‌م دا ده‌ڵێن ( چه‌ند که‌سێک له ده‌ره‌وه هه‌ن). به دڵنیاییه‌وه له کوردستان و له‌ناو جه‌رگه‌ی رووداوه‌کان دا ئێمه‌ش وه‌ک سه‌کردایه‌تی ڕێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان هه‌ین و چالاکییشمان هه‌یه.
* به‌رنامه‌ی ئێوه بۆ کوردستانی ئێران چییه؟ ئایا داوای کوردستانێکی ئیسلامیی ده‌که‌ن؟ ئێمه له رێکخراوێکی سیاسی داین له وڵاتێک دا به نێوی کوردستان که له گه‌لێکی کوردی موسڵمانی چه‌وساوه پێکهاتووه. هه‌وڵ و تێکۆشانی ئێمه له پێناو ئازادکردنی ئه‌و گه‌له و رزگارکردنی ئه‌و خاکه دایه. ئێمه باوه‌ڕمان وایه که ده‌بێ رۆژێک بڕه‌خسێ کورد ئازادیی هه‌ڵبژاردنی شێوه‌ی ژیانی خۆی هه‌بێ ئه‌وه‌ش مافێکی سرووشتی و بنه‌ڕه‌تیی هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه و تاکێکه. دڵنیاشین ئه‌گه‌ر ئه‌و رۆژه هات گه‌له‌که‌مان شتێک هه‌ڵده‌بژێرێ که لێی حاڵی ده‌بێ و تامی لێ ده‌کا و رابردوویه‌کی زێڕینی له‌گه‌ڵ دا هه‌یه، ئه‌ویش ئیسلامه.
* ئه‌ی په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ حزبه کوردییه‌کان چۆنه؟ په‌یوه‌ندییمان له‌گه‌ڵ حیزبه سیاسیه‌کانی کوردستان رێژه‌ییه. خاڵه‌هاوبه‌شه‌کان و خاڵه جێی ناکۆکییه‌کانمان ئه‌و رێژه‌یه دیاریی ده‌که‌ن. ئێمه پێمان خۆشه و هه‌وڵیش ده‌ده‌ین له‌م قۆناغه‌ی خه‌بات و تێکۆشان دا خاڵه ره‌شه‌کان بچووک نیشان بده‌ین و خاڵه هاوبه‌شه‌کانیش گه‌وره.
* له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی کوردستانی دا قسه زۆر کراوه، قسه‌ی ئێوه چییه؟ ئه‌م پرسیاره وه‌ڵامێکی درێژ ده‌خوازێ، به‌ڵام به کورتی ده‌ڵێم: به‌ره‌ی کوردستانیی یا هه‌ر ناوێکی هاومانای ئه‌و ده‌بوو زۆر زووتر و زیاتر له‌وه‌ی که باسی ده‌کرێ، به کرده‌وه هه‌وڵی بۆ درابایه. به تێڕوانینی ئێمه به‌ره‌ی کوردستانی ده‌بێ له رێکخراو و که‌سایه‌تییه کوردستانییه چالاکه‌کان پێک بێ، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌که‌م: گوڕ و تینێک بداته ره‌وتی شۆڕش و دووه‌م: کورد به قورساییه‌کی زیاتره‌وه هه‌وڵ بدا بۆ رێکخستنی به‌ره‌یه‌کی سه‌رانسه‌ریی یان بچێته به‌ره‌یه‌کی له‌و چه‌شنه‌وه. دیاره بێ گومان له هه‌ردووک بارانیش دا هێندێک کۆسپی گه‌وره و بچووک دێنه سه‌ر رێ.
* ئێوه خۆتان به حیزبێکی ئیسلامیی ده‌زانن یا نه‌ته‌وه‌یی؟ پێشتر گوتم ئێمه حیزبێکی کورستانیین. خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیی و ئیسلامیی له ناوی رێکخراوه‌که‌مان دا هه‌یه و له پێناو ئامانجه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان دا خه‌بات ده‌که‌ین، باوه‌ڕیشمان وایه هه‌ر که‌س و لایه‌نێکی سیاسی پیرۆزییه‌کانی گه‌له‌که‌ی له‌به‌رچاو نه‌گرێ و رێزیان لێ نه‌نێ و هه‌وڵی په‌ره‌پێدانیان نه‌دا- با خۆشی باوه‌ڕی پێ نه‌بن- ناکرێ به دڵسۆزی ئه‌و گه‌له حیساب بکرێ.
* ئێوه لایه‌نگریی لێدانی نیزامی ئێران ده‌که‌ن له لایه‌ن ئه‌مریکاوه؟ به باوه‌ڕی من ئه‌گه‌ره‌کانی هێرشی سه‌ربازیی له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه بۆ سه‌ر ئێران له کورت ماوه دا زۆر که‌من. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ده‌کرێ کورد بۆ وه‌ها بارودۆخێک خۆی رێک بخا و له کاتی روودانی شتێکی له‌وجۆره دا ئه‌و هه‌له بقۆزێته‌وه و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی دا که‌ڵکی لێ وه‌رگرێ.
* به حوکمی ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن، دیپلۆماسییه‌تی کوردی ئێران له ده‌ره‌وه چۆن ده‌بینن؟ به‌شێکی ئه‌م پرسیاره پێشتر وه‌ڵام درایه‌وه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستتان له وڵات کوردستانی ئێران بێ ئه‌وه ئێمه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له ناوه‌وه‌ی وڵات و له لێواری وڵاتیش هه‌ین. له چاو په‌یوه‌ندیی رێکخراوه‌کان به یه‌که‌وه له کوردستان، په‌یوه‌ندیی دیپڵۆماسی له ئاستی باش دایه. به‌ڵام له چاو پێویستییه‌کانی ئه‌م بڕگه زه‌مانیه دا لاوازن. به دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیی رێکخراو و هێزه سیاسیه‌کان له ئاستی سه‌رکردایه‌تی دا به‌ره و باش بچێ، کاری دیپڵۆماسیش گوڕ و تینێکی زیاتر به‌خۆوه ده‌بینێ و باشتریش پێشوازیی لێ ده‌کرێ.
* له ناو بلۆک به‌ندی سیاسی کوردستانی ئێران چ جێگایه‌ک بۆخۆتان قایل ده‌بن و پێتان وایه حیزبی چه‌نده‌من؟ تێگه‌یشتنم له‌م پرسیاره ئه‌وه‌یه که بڵێم له باری بیر‌و باوه‌ڕه‌وه نزیکترین کۆمه‌ڵین له گه‌ل و خه‌ڵکی خۆمان. له باری بوونمان له مه‌یدانی خه‌باتی به کرده‌وه دا نزیک به بیست و هه‌شت ساڵه بێ ئه‌م به‌راوبه‌ر له‌و مه‌یدانه‌دا به گیان و ژیان و ماڵ و منداڵ قوربانیمان داوه و ئازیزان و ئه‌ندامانی خێزان و ئه‌ندامانی جه‌سته‌مان پێشکه‌ش به باره‌گای شۆڕش کردوون. دیاریکردنی ئه‌و جێگایه به ئێوه و به ویژدانی زیندوو ده‌سپێرین. ده‌مێنێته‌وه چه‌ندایه‌تیی و قه‌واره‌مان، به دابه‌ش بوونی هه‌ر رێکخراوێک به چه‌ند به‌شی وه‌ک ئه‌ندام ، لایه‌نگر ، دۆست و هه‌رکام له‌وانه‌ش به سێ به‌ش له ناوه‌وه‌ی وڵات و له کوردستانی ئازاد و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و به له‌به‌رچاوگرتنی چه‌ند شتێک و بۆ خۆپاراستن له خۆ قه‌به نیشاندان یان زۆر خۆ به‌که‌مگرتن، خۆی لێ ده‌پارێزم. زانینی ئه‌م قورساییه ره‌نگه له کاتی پێویستدا ده‌رکه‌وێ. ده‌بێ ئه‌وه‌ش زیاد بکه‌م که ئه‌و قه‌واره‌یه به پێی تێڕوانینی که‌س و لایه‌نه‌کان ده‌گۆڕێ.
* سوپاس و دوا وته بۆ ئێوه داده‌نێم. وه‌ک دوا وته جارێکی دیکه سوپاستان ده‌که‌م بۆ پێکهێنانی ئه‌م گفتوگۆیه. پێم وایه راگه‌یاندن له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ دا ئه‌رکێکی زۆر گه‌وره و گرنگ و هه‌ستیاره. هیوادارین ئێوه و پێگه ئینتێرنێتییه‌که‌تان ببنه یه‌کێک له‌و سه‌کۆیانه که بره‌و به راگه‌یاندنێکی ئازاد و سالم بده‌ن و به‌رپرسانه رووداوه‌کان بخه نه به‌رچاوی خوێنه‌رانتان. هیوای سه‌رکه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم و زۆر سوپاس.
|
| ||||||||||||||||||||||||||||||||
|
|
|
|
All rights reserved khabat.org © 2002 - 2007