ماڵپه‌ڕی یه‌کشه‌وه‌

یارمه‌تییه‌کانتان


به‌ڵگه‌ نامه‌

ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە بۆمبارانکردنی بنکەی سەرکردایەتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە بۆمبارانکردنی بنکەی
پەیامی کومیتەی ناوەندیی بە بۆنەی ٥ی خەرمانان، یادی ٣٨ ساڵەی ڕاگەیاندنی دامەزرانی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان
پەیامی کومیتەی ناوەندیی بە بۆنەی ٥ی خەرمانان، یادی ٣٨ ساڵەی ڕاگەیاندنی دامەزرانی
پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆرشگێڕی کوردستان بە بۆنەی جێژنی ڕەمەزانەوە
پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆرشگێڕی کوردستان بە بۆنەی جێژنی ڕەمەزانەوە
ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە هێرشی ئەرتەشی تورکیە بۆ سەر هەرێمی عەفرین لە ڕۆژاوای کوردستان
ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە هێرشی ئەرتەشی تورکیە بۆ

پەیامی کومیتەی ناوەندیی بە بۆنەی ٥ی خەرمانان، یادی ٣٨ ساڵەی ڕاگەیاندنی دامەزرانی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان

 

بەنێوی خودای بەخشندەی میهرەبان

 

خەڵکی ئازادییخوازی کوردستان!

تێکۆشەرانی نێو ڕیزی (خەبات)!

ئەمڕۆ سیوهەشت ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی دامەزرانی ڕێکخراوەکەمان، ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستاندا، تێدەپەڕێ. ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ و لە ٥ی خەرمانانی ١٣٥٩دا کۆمەڵێک خەباتگێڕی خاوەنڕابردوو و ڕووناکبیری بەبیر و لاوی ژیر لە ڕاگەیەندراوێکدا مزگێنی دامەزراندنی (ڕێکخراوی خەباتی نەتەوایەتیی و ئیسلامیی کوردستان)یان بە گوێی خەڵکی کوردستان گەیاند.

 

 

ڕاگەیاندنی دامەزرانی (خەبات) پاش تێپەڕاندنی قۆناغێکی پڕ لە سەروەریی بۆ ئامادەکردن و ڕەخساندنی بوار بۆ ڕاگەیاندنی ئەو ڕێکخراوە هات. لەو قۆناغەدا تێکۆشەرانی دامەزرێنەر و پێشمەرگە ئازاکان بە تێکۆشانی سیاسیی و خەباتی پێشمەرگانە لە بەرگریی لە خاک و خەڵکی کوردستان، بە تایبەتییش لە بەرپەرچدانەوەی هێزە داگیرکەرانی ڕژیمی بەناو کۆمار ئیسلامییدا، دەوری دیار و بەرچاویان نیشان دا.

کاتی دامەزرانی (خەبات) کوردستان لە کەشێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی تایبەتدا بوو. لە لایەک ڕژیمی خومەینی بە هەموو هێزی خۆیەوە پەلاماری بێبەزەییانەی بۆ داگیرکردنی کوردستان دەستپێکردبوو، لە لایەکی دیکەشەوە مەیلی ملهوڕیی و خۆبینیی حیزبیی مەیدانی کاری سیاسیی لە مەنگەنە دابوو. بۆیە تێکۆشەرانی (خەبات) هاوکات دەبوو هەم بەرپەرچی هێرشی جاش و پاسدارەکانی ڕژیمی خومەینیی بدەنەوە و داستانی پڕ لە حەماسە و قارەمانانە تۆمار بکەن، هەمیش بە پشوودرێژیی و وردبینییەوە بەربەست و پیلە و پیلانەکانی سەر ڕێگەی تێکۆشان بپەڕێنن.

دامەزراندنی ڕێکخراوی خەباتی نەتەوایەتیی و ئیسلامیی کوردستان لەو سات و سەردەمەدا چەند پەیامی بۆ خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەکەی و دەسەڵاتدارانی تازە پێبوو. دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سیاسیی خاوەن هێزی پێشمەرگە ، کە هەڵگری بەرنامەیەکی سەرچاوەگرتوو لە ئیسلام و نزیک لە بیروباوەڕی خەڵکی کوردستان بێ، کەلێنێکی گەورەی لە بزووتنەوەی کوردستاندا پڕ کردەوە و بواری تێکۆشانی سیاسیی و جۆرەکانی دیکەی خەباتی بەرینتر کرد. لە لایەکی دیکەشەوە ڕژیمی تازەی تاران لە بن دەمامکی دین و تاپۆی "کۆماری ئیسلامیی"دا بە پیلانی جۆراوجۆر دەیویست شۆڕشی کوردستان بە دژەدین و دروستکراوی ئێر و ئەوێ بناسێنێ، کە بە داخەوە بیر و ئاکار و ئەتواری هێندێک لایەنیش، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لە قازانجی ئەو پیلانەی سەرانی ڕژیم دەشکانەوە. دامەزرانی (خەبات) ئەو دەمامکەی لەسەر سەرانی ڕژیم داماڵی و ڕیسەکەی کردنەوە خوری.

دیارە دامەزران و ڕەوتی کار و هەڵکشانی هەر هێزێکی سیاسیی بەربەست و لەمپەری زۆری دێنە پێش، کە ڕێکخراوەکەی ئێمەش بێگومان لەو یاسا گشتییە بەدەر نییە، بەڵام چاوخشاندن بە مێژووی ئەو ٣٨ ساڵەدا نیشانی دەدا کە سەرەڕای ئەو هەموو لەمپەر و ئەو گشتە دژوارییانە خەباتەکەمان زۆر سەربەرزانە ئەو قۆناغە سەخت و پڕ لە هەڵەمووتانەی بڕیون و وەک هێزێکی سیاسیی سەربەخۆ و خاوەن ئیرادە خۆی بە خەڵک و بزووتنەوەی کوردستان نیشان داوە و لە کڵ و کوورەی فیداکاریی و پشوودرێژییدا قاڵ بووە.

هاوبیرانی خەباتیی! ئەمڕۆ کە یادی سیوهەشت ساڵەی ٥ی خەرمانانی ١٣٥٩ دەکەینەوە، ئێمەی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان، لە یەک کاتدا هەم هەست بە بەرپرسیاریی دەکەین هەم شانازیی. بەرپرسیاریی دینیی و ئینسانیی کە دەزانین خەباتەکەمان لە جاران زیاتر پێویستیی بە پشوودرێژیی و لەخۆبوردوویی هەیە. شانازیی ئەوەش کە میراتگری خوێنی شەهیدان و درێژەدەری قافڵەی (خەبات) و ڕێبواری کاروانی دەیان ساڵ خەباتی نەپساوە و مێژووی پڕ لە سەروەریی و دەستکەوتین.

لە یادی پیرۆزی ٣٨ ساڵەی دامەزرانی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستاندا لەگەڵ ناردنی قافڵەی سڵاو بۆ هەموو مامۆستا و هاوبیر و هاوسەنگەرانی شەهیدمان، پیرۆزبایی گەرم پێشکەش بە خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی نێو شۆڕش و ئەندام و لایەنگر و دۆستانی ڕێکخراوەکەمان دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان لە ژیان و خەبات بۆ دەخوازین.

لەو یادە پیرۆزەدا سڵاو لەو ڕێبەر و پێشەوایانەی (خەبات)یان دامەزراند و پێشمان کەوتن و ڕێی ڕاستی تێکۆشانیان نیشان داین!

سڵاو لەو خوشک و برایانەمان کە لە سەنگەری پێشمەرگایەتیی، یا لە زیندانە پڕ لە تاوانەکانی تاریکپەرستانی تاراندا سەربەرزانە گیانیان سپارد.

سڵاو لەو ئەندام و پێشمەرگە خۆڕاگرانەی لە ساتە سەختەکانی خەباتدا وەک کێو وەستان و لە خزمەت بە (خەبات) و بزووتنەوەی کوردستان درێغییان نەکرد!

سڵاو لە خەڵکی کوردستان، خاوەنی ڕاستەقینەی (خەبات) و پشتیوانی هەمیشەیی بزووتنەوەکەمان!

پیرۆز بێ یادی ٥ی خەرمانانی ١٣٥٩!

 

 

ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان

کومیتەی ناوەندیی

٥ی خەرمانانی ١٣٩٧ ( ٢٧/٨/٢٠١٨)