ماڵپه‌ڕی یه‌کشه‌وه‌

یارمه‌تییه‌کانتان


به‌ڵگه‌ نامه‌

ڕاگەیەندراوی (ڕێکخراوی خەبات) لەسەر کارەساتی بوومەلەرزە لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان
ڕاگەیەندراوی (ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان) لەسەر کارەساتی بوومەلەرزە لە
پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی بیستەمین ساڵی کۆچی دوایی مامۆستای ڕێبەر، مامۆستا خدر عەبباسیی
پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی بیستەمین ساڵی
پەیامی سەرەخۆشیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵاوە
به‌ نێوى خوداى به‌خشنده‌ى مێهره‌بان   بەڕێز مەکتەبی سیاسیی پارتی دێموکڕاتی
پەیامی سەرەخۆشیی (ڕێکخراوی خەبات) بۆ کۆچی دوایی دکتۆر شوان قەڵادزەیی
پەیامی سەرەخۆشیی (ڕێکخراوی خەبات) بۆ کۆچی دوایی دکتۆر شوان قەڵادزەیی   به‌ نێوى

پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی بیستەمین ساڵی کۆچی دوایی مامۆستای ڕێبەر، مامۆستا خدر عەبباسیی

 

بەنێوی خودای بەخشندەی میهرەبان

خەڵکی تێکۆشەر و  مافویستی کوردستان!

ڕێبوارانی ڕێگای پیرۆزی (خەبات)!

ئەمڕۆ ١٣ی خەزەڵوەر بیست ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستای ڕێبازی تێکۆشان و پێشمەرگەی سەنگەری بەرخودان و یەکێک لە ڕێبەرە مەزنەکانی خەباتی نەتەوایەتیی و ئیسلامیی گەلەکەمان، مامۆستا مەلا خدر عەبباسییدا تێدەپەڕێ.

مامۆستا خدر عەبباسی یەکێک لەو پێشەوا و سەرکردە تێکۆشەرانەی گەلەکەمان بوو کە تەواوی تەمەنی خۆی تەرخانی فێربوون و فێرکردن و خەبات و خوداناسیی و خەڵکدۆستیی و گەلویستیی و نیشتمانپەروەریی کرد و نزیکەی نیو سەدە لەو ڕێگا پیرۆز و پڕ کڵۆ و کۆسپەدا پشوودرێژانە و ماندوویینەناسانە تێکۆشا و، لە بڕگە و وێستگە پڕشنگدارەکانی مەودای تەمەنیدا دەسکەوت و شانازیی زۆری بۆ خۆی و خەڵک و خاک و خەباتەکەی دەستەبەر کردن. مامۆستا لە حوجرەی فەقێیان نموونەی زیرەکیی و زانستدۆستیی بوو، بۆیە زۆر خێرا بە سەرکەوتنەوە قۆناغەکانی خوێندنی بڕین و ئیجازەی مەلایەتیی وەرگرت و، قۆناغێکی گرنگ و پڕخێری ، کە قۆناغی فێرکردن بوو، دەست پێکرد. لەو بڕگەیەشدا سەرەڕای خەباتی سیاسی و ڕوونکردنەوەی جەماوەر و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتە نائینسانییەکانی ڕژیمی زۆرداری شایەتیی، ئیمان و ئەوینی نیشتمانی ئاوێتەی یەکتر کردن و مینبەر و میحڕاب و مزگەوت و ئەڵقەی خوێندن و حوجرەی کردنە زانکۆی زانست و سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی ستەم و بێدادیی و قەڵای داکۆکییکردن لە مافە ڕەواکانی گەلەکەی.  وتار و کۆڕ و کۆبوونەوەکان و ئەڵقەی دەرسەکانی مامۆستا بوونە سەرچاوەی هەستی نەتەوەیی و گەشەی بیری ئیسلامەتیی و فێرگەی زمان و ئەدەبی کوردیی، هەر بۆیە زۆر زوو ناو و ناوبانگی مامۆستا سنووری گوند و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی بڕی تا وەک کەسایەتییەکی تێکۆشەر و مامۆستایەکی شارەزا دەرکەوت و، مەدرەسەکەشی وەک پەنا و پەسیو و بنکەی تێکۆشەران و ئازادییخوازان ناوی دەرکرد.

 

خەبات و دەوری دیار و ڕێبەرانەی مامۆستا لە بەرپەرچدانەوەی سیاسەتە دژەئینسانیی و دژەئیسلامییەکانی ڕژیم و ڕێنوێنییکردنی خەڵک و فێرکردن و داڵدەدانی لاوانی زانستخواز و تێکۆشەری کورد دڵی کاربەدەستانی ڕژیمی شای لەرزاند. بۆیە دەزگای بەدناو و سامناکیی (ساواک) پایزی ساڵی ١٣٣٨ مامۆستایان گرت و پاش ئەشکەنجە و ئازاری زۆری دڕندانە حوکمی دە ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپاند. مامۆستا لە زیندانیشدا وەک قەڵایەکی قایم بە ڕووی ڕژیمدا ڕاوەستا و بووە نموونەی خۆڕاگریی و نەبەزین و، زیندانی کردە بنکەی فێربوون و فێرکردن و لەوێش بووە مامۆستای هابەندییەکان و هۆی دڵنەوایی و خۆڕاگریی هاوەڵانی.

لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٨ی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شایەتییدا مامۆستا مەلاخدر لە یەکەمین ڕێبەر و پێشڕەوانی دینیی کوردستان بوو کە ئەرکی سەرکردایەتییکردنی ڕاپەڕینی خەڵکی ناوچەی سەردەشت و  ناوچەکانی دیکەی گرتە ئەستۆ و بە بەرگی مەلایەتیی و دروشم و وتارە حەماسییەکانیەوە کەوتە پێش ژن و پیاو و پیر و لاوی ئازادییخواز و ڕقی پەنگخواردووی جەماوەری کردە گڕ و کڵپەی شۆڕش.

دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕین مامۆستا بەشداریی چالاکانەی لە کۆبوونەوەی مامۆستا و زانایانی ئیسلامیی بۆ گەڵاڵەکردنی ماف و داوا نەتەوەیی و مەزەبییەکانی کورد و جێگیرکردنیان لە یاسای بنەڕەتیی دەسەڵاتی تازەدا گێڕا، هەروەها وەک یەکێک لە ڕێبەرانی ڕاپەڕین و نوێنەرانی خەڵکی کوردستان لە چەندین دەوری وتووێژی نوێنەرانی خەڵکی کورد و ڕژیمی تازەدا بەشداریی کرد. بەڵام دوای ئەوەی خومەینی و دارودەستە خۆسەپێنەکەی لە بەڵێنەکانیان پاشگەزبوونەوە و خۆیان بۆ پەلاماردانی کوردستان و سەرکوتکردنی گەلەکەمان ئامادە دەکرد، مامۆستا خدری هەمیشە ڕێبەر لەگەڵ کۆمەڵێك زانا و ڕووناکبیر و تێکۆشەری ناسراوی کوردستان (ڕێکخراوی خەباتی نەتەوایەتیی و ئیسلامیی کوردستان)یان دامەزراند و ئەو ڕێکخراوەیان کردە سەنگەرێکی قایم بۆ بەشداریی بەرینی کۆمەڵانی خەڵک لە خەباتی دژی ڕژیمدا، بەوەش دەمامکی ئیسلامیبوونیان لەسەر ڕووی خومەینی و کۆمارەکەی هەڵماڵی و درۆ و سیاسەتی چەواشەکارانەی ئەو ڕژیمە دژەئینسانیی و دژەئیسلامییەیان بۆ هەموو لایەك ڕوون کردەوە. مامۆستا لەو قۆناغەشدا باری قورسی بەرپرسیاریی و ڕێبەرایەتیی هەڵگرت و زۆر لێزانانە و لێبڕاوانە ڕێکخراوەکەمانی سەرکردایەتیی کرد و تا  دوا بڕگەی ژیانی پڕسەروەریی خۆی بۆ گەشە و پێشکەوتنی (خەبات) و، پێگەیاندن و تێگەیاندنی تێکۆشەرانی ئەو ڕێبازە تێکۆشا، بە جۆرێك کە بە حەق وەفاداری ڕاستەقینەی رێی خەبات و سەرکردەی شۆرش و مامۆستا و پێشەوای هاوبیرانی بوو.

مامۆستای شەهید سەرەڕای سەختیی خەبات و بەربەستی زۆر گەورە و دژواریی ڕێگا زۆر لێهاتووانە و سەرکەوتووانە توانی ڕێکخراوەکەمان، ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان، لە چەندین قۆناغی گرینگ و هەستیاردا ڕێبەریی بکا و، لە هەموو ئەو ماوەشدا ڕێی ڕاستیی خەباتی نیشانداین و، دنیایەک ئەزموونی بەکەڵك و وانەی پڕ پەندی فێرکردین کە بۆ هەمیشە مەشخەڵی ڕێی خەبات و توێشووی شۆرشی تێکۆشەرانی رێکخراوەکەمان و هێڵ و پڕۆگرامی کار و تێکۆشانمان دەبن.

بێگومان کۆچی مامۆستا خدر زیانێکی قەرەبوونەکراوە بوو کە لە تێکڕای بزووتنەوە  و ڕەوتی خەباتی نەتەوایەتیی- ئیسلامیی کوردستان و هەروەها ڕێکخراوەکەمان کەوت. ئەمڕۆش کە یادی لەدەستچوونی ئەو ڕێبەرە گەورە و بە ئەزموونە دەکەینەوە و بارودۆخی بزووتنەوەی مافخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرچاو دەگرین، کەلێنی سەرکردەیەکی بەباوەڕ و لێزان و خاکیی و دڵسۆزیی وەک مامۆستا لەناو ڕێکخراوەکەمان و بزووتنەوەشدا لە هەموو کاتێک زیاتر و زەقتر خۆ دەنوێنێ.

لە بیرەوەریی بیست ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستا خدر عەبباسیدا، وێڕای ناردنی سڵاوی پڕ لە خۆشەویستیی و وەفا بۆ گیانی بەرزی ئەو ڕێبەرە گەورەی گەلەکەمان، خۆمان بە سەربەرز دەزانین کە ڕێبواری کاروانەکەی و درێژەدەری رێبازە پیرۆزەکەی مامۆستا و شەهیدانی دیکەی (خەبات)ین. بە لای ئێمەوە گەورەترین وەفاداریی بۆ شەهیدان هەڵگرتنی باوەڕەکەیان و خزمەتکردنی ئامانجەکانیان و درێژەدانی ڕێبازەکەیانە، هەر بۆیە لەم یاد و بیرەوەرییەدا پەیمان لەگەڵ مامۆستا خدر و هاوڕێ و سەرکردە شەهیدەکانی دیکەمان نوێ دەکەینەوە کە تا دوا هەناسەکانی ژیان لە کاروانی نەپساوەی (خەبات)دا درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدەین.

یاد و ڕێبازی ڕێبەری شەهیدمان مامۆستا خدر عەبباسیی هەمیشە زیندوو و ئاوەدان بێ و، گیانی لە بەهەشتی خودادا ئاسوودە بێ.

 

ڕێکخراوی خەبات،ی شۆرشگێڕی کوردستان

کومیتەی ناوەندیی

١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی ک ـ هـ

٤/١١/٢٠١٧ی ز