ماڵپه‌ڕی یه‌کشه‌وه‌

یارمه‌تییه‌کانتان


به‌ڵگه‌ نامه‌

پەیامی سەرەخۆشیی (ڕێکخراوی خەبات) بۆ کۆچی دوایی دکتۆر شوان قەڵادزەیی
پەیامی سەرەخۆشیی (ڕێکخراوی خەبات) بۆ کۆچی دوایی دکتۆر شوان قەڵادزەیی   به‌ نێوى
پەیامی سەرەخۆشیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانییەوە
پەیامی سەرەخۆشیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی مام جەلال
ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان
ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی
ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان
ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی

ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان

 

بە نێوی خودای بەخشندەی مێهرەبان

پاش تەواوبوونی یەکەمین شەڕی جیهانیی و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سنوورەکان و دابەشینەوەی دەستکەوتەکان و دروستکردنی چەندین دەوڵەتی نوێ، نەتەوەیەکی دێرین و زیندووی وەک کورد و نیشتمانەکەی نەك هەر لە مافەکانیان بێبەش کران بگرە بۆخۆیان

کرانە قۆچی قوربانیی و پاش بەش بەش و لەتوپەتکردن هەر بەش و کوتەی بە زۆر بە دەوڵەتێکی تازەوە لکێندرا.

 

هەر لەو کاتەوە کورد و بزووتنەوە ڕزگارییخوازییەکەی ڕێگایەکی سەخت و پڕ لە هەورازی لە شۆڕش و تێکۆشان بڕیوە و، بە دانی ملوێنان قوربانیی و دەربەدەریی و ماڵوێرانیی و ڕەنج و خوێن و خەباتی بەردەوام ملی بۆ هیچ زۆردارێک نەداوە و، زۆر ئازایانە پارێزگاریی لە مان و ماڵ و ماف و خەڵکەکەی کردووە و یەکپارچەیی خاك و یەکیەتیی نەتەوەیی خۆی بە خوێن پاراستووە و خەون و پیلانی دوژمنانی پووچەڵ کردۆتەوە.

کورد لە بەشی خوارووی کوردستان لە مەودای ئەو خەباتە دوورودرێژەدا فیداکاریی کەموێنەی لە خۆی نیشانداوە و قوربانیی زۆر گەورە و بەنرخی داون، بە ڕادەیەک کە جار هەبووە لە لێواری هەڵدێر و تێداچوون نزیک بۆتەوە و گەلێک جارانیش تا ترۆپکی ڕزگاربوون پێهەڵڵاچووە.

ئەمڕۆش کە لە دەیەی دووەمی سەدەی بیستویەک داین و ڕێك سەد ساڵ بەسەر دابەشکردنی کوردستان و لێکدابڕاندنی نەتەوەکەماندا تێدەپەڕێ، گەلی کوردستان لە باشوور، پاش ئەزموونی دوو دەیە و نیو لە دەسەڵات و خۆبەڕێوەبەریی، گرنگترین قۆناغەکانی خەبات و  هەستیارترین ڕۆژەکانی تەمەنی خۆی تێپەڕ دەکا. بڕیاری بوێرانەی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ٢٥/٩/٢٠١٧دا گەلەکەمان و هێزە سیاسییەکان و سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئەو بەشەی خستۆتە سەر دووڕیانێکی دژوار و بەردەم ئەزموونێکی چارەنووسساز و دەرفەتێکی زێڕین. لە لایەک خۆشیی و خرۆشانی کۆمەڵانی هەراوی خەڵک و ئامادەیی بەربڵاوی چین و توێژەکانی جەماوەر بۆ بەشدارییکردن و سەرخستنی ڕیفراندۆم دەبینێ و، لە لایەکی دیکەشەوە لە بەرابەر دێوی دزێوی زلهێزە بە ڕواڵەت دۆستەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و گەلەکۆمەگیی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستاندا وەستاوە. ئەوەش حەوجێ بە لێکدانەوەی ورد و لە هەمان کاتدا لێزانیی و ئیرادە و ئازایەتیی لە بڕیارداندا هەیە.

جێی داخە کە لەم قۆناغە هەستیار و گرنگەدا و لە کاتێکدا هەر دێ و ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم نزیک و نزیکتر دەبێتەوە، کەچی هێشتا بارودۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کوردستان و پێوەندیی و هاودەنگیی و هاوهەڵوێستیی هێزەکان، کە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی پێکهێنانی کەشێکی لەبار بۆ گشتپرسییەکی سەرکەوتوویە، لە ئاست گەورەیی مەسەلەکە و گرنگیی ڕۆژ و قۆناغەکەدا نییە و، دووبەرەکیی و گرژیی و ئاڵۆزیی پێوە دیارە. بۆیە جێی خۆیەتی داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان و لایەنە پێوەندییدارەکان بکەین کە ڕەچاوی هەستیاریی و چارەنووسسازیی پرسەکە بکەن و لە بەرابەر مێژوو و ئێستا و داهاتووی خۆیان و نەوەکانی سبەینێدا خۆ بە بەرپرس بزانن و، گرژیی و درزەکان کەمبکەنەوە و جیاوازییەکانیان وەلانێن و لەسەر خاڵە نەتەوەییە هاوبەشەکان کۆ ببنەوە و ئاواتە گەورە و لەمێژینەکەی کورد، کە سەربەخۆیی کوردستانە، دەستەبەر بکەن.

ئێمە لە ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان، لە کاتێکدا بە هەست و هومێدەوە لە ئاسۆی ڕوونی سەربەخۆیی گەلەکەمان لە باشوور دەڕوانین، داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندام و دۆستان و لایەنگرانی ڕێکخراوەکەمان دەکەین هەر چۆنێک و بە هەر ڕێگە و شێوەیەکی گونجاو بەپێی توانا هاوسۆز و هاودەنگ و هاوهەڵوێستی خوشک و براکانیان لە باشوور بن و چالاکانە بەشداریی و پشتگیریی چالاکییە مافخوازییەکان لەو پێوەندییەدا بکەن و، هانی دۆستان و نزیکانی خۆشیان بدەن تا بە هەستی پاکی نیشتمانپەروەریی و ئاواتی گەیشتن بە ڕزگاریی پشت و پەنا و هاودەنگ و هاوکاری یەکتر بن.

سەرکەوێ خەباتی ڕەوای کورد بۆ ڕزگاریی و گەیشتن بە سەربەخۆیی!

 

 

ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان

کومیتەی ناوەندیی

٢٩ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاویی

٢٠/٩/٢٠١٧ی زاینیی