ماڵپه‌ڕی یه‌کشه‌وه‌

یارمه‌تییه‌کانتان


به‌ڵگه‌ نامه‌

ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵکی بانە
ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵکی
پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی جێژنی قوربانەوە
پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی جێژنی
پەیامی کومیتەی ناوەندیی بە بۆنەی ٥ی خەرمانان، سیوحەوتەمین ساڵی دامەزرانی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان
پەیامی کومیتەی ناوەندیی بە بۆنەی ٥ی خەرمانان، سیوحەوتەمین ساڵی دامەزرانی ڕێکخراوی
پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆرشگێڕی کوردستان بە بۆنەی جێژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە
پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆرشگێڕی کوردستان بە بۆنەی جێژنی پیرۆزی

پەیامی کومیتەی ناوەندیی بە بۆنەی ٥ی خەرمانان، سیوحەوتەمین ساڵی دامەزرانی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان

 

بە نێوی خودای بەخشندەی مێهرەبان

خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان و هاوبیرانی خەباتیی!

پێنجی خەرمانانی ئەمساڵ سیوحەوت ساڵ بەسەر دامەزرانی ڕێکخراوەکەمان، ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستاندا تێدەپەڕێ. بەو بۆنە پیرۆزەوە پیرۆزبایی گەرم لە خۆمان و ئێوەی تێکۆشەر و هەموو ئازادییخوازانی کورد دەکەین.

پێنجی خەرمانانی ١٣٥٩ی هەتاویی (٢٧/٨/١٩٨٠ی زاینیی) و لە جەنگەی پەلاماری دڕندانەی هێزە بێبەزەکانی ڕژیمی خۆسەپێنی خومەینیی بۆ سەر کوردستان مژدەی دامەزرانی ڕێکخراوێکی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی وڵات بە ناوی ڕێکخراوی خەباتی نەتەوایەتیی

و ئیسلامیی کوردستان بە گوێی خەڵکی کوردستان گەیشت. دامەزرانی ئەو ڕێکخراوە لەلایەن کۆمەڵێک مامۆستا و کەسایەتیی سیاسیی و ڕووناکبیری بەبیر و تەگبیر، کە بەشی زۆریان خاوەنی ئەزموونی چەندین ساڵ خەبات و خزمەت بە خەڵکی کوردستان و پرسە ڕەواکەیدا بوون و لە ڕاپەڕینی ١٣٥٧ و ڕوخاندنی ڕژیمی شادا دەوری ڕێبەرانەیان گێڕابوو، لەو سات و قۆناغەدا گۆڕانێکی ئەرێنیی و وەرچەرخانێکی گرنگ لە بزووتنەوەی کوردستاندا بوو، چونکە نەک هەر لە ڕۆژهەڵات بگرە دەکرێ بڵێین لە سەراسەری کوردستاندا بۆ یەکەم جار بوو حیزبێکی سیاسیی خاوەن بیری نەتەوەیی- ئیسلامیی لە خەباتی چەکدارانەی بزووتنەوە و بەرپەرچدانەوەی هێرشی داگیرکەردا بەشداریی بکات.

 

دامەزرانی (خەبات) هەم لە ڕووی فکریی و هەم لە ڕووی شێوازیی خەباتەوە دەرگایەکی گەورەتر و بەرەیەکی بەرینتری بۆ بەرگریی و خەباتی ڕۆڵەکانی کورد کردەوە، بە تایبەتییش کە خومەینی و تاقمی تازە بە دەسەڵاتگەیشتووی تاران لەژێڕ ناو و لە بن بەرگی ئیسلامدا زۆر وەحشییانە بە گژ خەڵکی موسڵمانی مافخوازی مافزەوتکراوی کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەیدا چووبوونەوە و کوردستانیان خەڵتانی خوێن کردبوو.

دامەزرانی ڕێکخراوی (خەبات) لە دوو لاوە لە نێوخۆی کوردستان بەرەوڕووی دوو هەوڵوێستی لێک جیا و پێک نامۆ بۆوە. لەلایەک لەگەڵ پێشوازیی گەرم و متمانەی بەتینی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵانی هەراوی کوردستان بەرەوڕوو بوو، بە جۆرێک کە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ئەو ڕێکخراوە بووە لانەی لاوانی بەهەست و سەنگەری ڕووناکبیرانی بەهەڵوێست، ئەوەش نیشاندەر و سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو کە (خەبات) لە داوێنی خاوێنی دایکی نیشتمان، کوردستان، بەربۆتەوە و هەڵقوڵاوی کانیاوی بیری ڕوونی کوردەواریی و باوەڕی پاکی خەڵکەکەی و درێژەی ڕێبازی ڕەسەنی تێکۆشەرانی "کۆمەڵە" و "کۆمار"ە. بەڵام هاوکات لە لایەکی دیکەوە لە ڕاست و چەپەوە کەوتە بەر پلار و پەرچ و تانە و توانج و، تەنانەت هێرشی فکریی و فیزیکیی هێزە چەپ و ڕاستەکانی کوردستان و ئەو تاقمە نەناسراو و ناکەس و نامۆیانەی کە لە تاران و تەورێز و کوێ و کوێ ڕەتێندرابوون کەچی خۆیان بە کوێخا و دەمڕاستی خەڵکی کوردستان و بگرە بزووتنەوەکەشی دەزانی. ئەوە سەرەڕای هێرشی بەرین و بەردەوامی جاش و پاسدارەکانی ڕژیم بۆ داگیرکردنی کوردستان و بەربڵاوتربوونی مەیدانی شەڕ، کە ئەوانە هەموویان بەربەستی گەورە و جیددیی لەسەر ڕێی گەشەی ڕێکخراوێکی تازە دامەزراو بوون، بەڵام (خەبات) لە ماوەیەکی زۆر کەمدا گەشەی کرد و بە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا ڕەگاژۆی کرد و بنکە و بارەگای لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستان کردنەوە و دەستی بە خەباتی هەمەلایەن و، بە تایبەتییش خەباتی ڕێکخراوەیی و بەشداریی لە بەرگریی پێشمەرگانەدا کرد. بەشداریی بەرچاو و ئازایەتیی کەموێنەی سەرکردە و پێشمەرگەکانی ڕێکخراوی خەباتی کوردستان بە بەرینایی بەرەکانی شەڕ و دواتریش لە قۆناغی خەباتی پارتیزانییدا بە ڕادەیەک بوو کە خەڵکی کوردستان و هێزەکانی دیکە و دۆست و دوژمن شاهیدی لەسەر دەدەن. ئەو ئازایەتیی و فیداکارییە کەموێنەیەی ڕۆڵە خۆنەویست و گەلویستەکانی (خەبات) لەو ماوەدا لە خۆیان نیشاندا نیشانەی باوەڕی قووڵی موسڵمانانە و بیری بەرینی نیشتمانپەروەریی و ڕاست و ڕەوایی ڕێبازی خەباتییەکان بوو کە بە خوێنی گەشی سەدان لاوی ناکام و پێشمەرگەی فیداکار نەخشێندرا.

هاوبیرانی دڵسۆزی خەباتیی!

ئەمڕۆژانە کە یادی سیوحەوتەمین ساڵی لەدایکبوونی ڕێکخراوە خۆشەویستەکەمان دەکەینەوە دەبێ بەو هیوا و هومێد و دیدەوە بۆ داهاتووی (خەبات) و تێکۆشانەکەمان و بزووتنەوەکەمان بڕوانین کە ئێمە ڕێبواری ڕێباز و ڕێکخراوێکین کە لە بیردا هەڵقوڵاوی کۆمەڵی کوردەواریی و لە سیاسەت و پڕاکتیکدا هەمیشە خاوەن بڕیار و کردار و گوفتاری ڕوون و سەربەخۆ بووە و هیچ کات و لە هیچ دۆخێکدا سەربەخۆیی بیر و بڕیاری بۆ هیچ هێز و لایەنێك لەدەست نەداوە و، لەو پێناوەشدا دەستکەوت و مایەی گەورەی لەخۆی داناوە. دەبێ بەو ڕاستییە بەرچاومان ڕوون و ویژدانمان ئاسوودە بێ کە ئێمە خاوەنی خەرمانی خوێنی دەیان ساڵ سەروەریی و فیداکاریی و تێکۆشانین، ڕێبواری ڕێبازی سەدان سەرکردە و پێشمەرگەی شەهیدین، میراتگری مێژوو ناو و ناسنامەی خەباتی نەتەوایەتیی و ئیسلامیی کوردستان و مەشخەڵداری بزووتنەوەی نەتەوەیی- ئیسلامیی لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتین. بەڵام دەبێ ئەوەش باش بزانین کە ئاوەدان ڕاگرتنی ئەو سەنگەرە و بەردەوامیی ئەو کاروانە بێ لەمپەر و بەربەست نییە، بەڵکو چەندە کار و بەرپرسیارییەکی گەورە و پیرۆزە، زۆر زیاتر لەوەش سەخت و دژوارە و حەوجێ بە حیکمەت و دڵسۆزیی و لێبوردەیی و لەخۆبوردوویی هەیە. خۆ ئەگەر نەشتوانین دەستکەوتی زۆر وەدەست بخەین و سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکەین، نابێ بێڵین ئەو بەرپرسیارییە گەورەی دین و نەتەوەکەمان و هەروەها خوێنی هاوڕێ شەهیدەکانمان خستوویانەتە ئەستۆی ئێمە لەبیر بکەین و ناسنامە و ڕێباز و سەروەریی و شانازییەکانمان بەهەدەر بدەین.

لە یادی ٣٧ساڵەی دامەزرانی ڕێکخراوەکەمان، ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستاندا، لەگەڵ پیرۆزبایی گەرم لە تەواوی خەڵکی مافخوازی کوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدەکان و بەندییە خۆڕاگرەکان و ئەندام و پێشمەرگە دڵسۆز و فیداکارەکانی (خەبات) دەکەین.

لەو یاد و ڕۆژە پیرۆز و مێژووییەدا سڵاو لە خەڵکی بەباوەڕ و خۆڕاگری کوردستان، خاوەنی (خەبات) و پشتیوانی دڵسۆزی بزووتنەوەکەمان!

سڵاوی پڕ لە وەفا و ڕێز بۆ گیانی پاکی یەکەیەکەی ئەو پێشەوا و پێشمەرگە شەهیدانەی بوونە پێشەنگ و سەرقافڵەی خەباتەکەمان!

سڵاو لە هەموو ئەو هاوڕێ و هاوبیرانەی لە سەنگەری دیفاع لە خەڵک و خاكی خۆیان، یا لە زیندانە تاریک و پڕ لە تاوانەکانی تەتەرەکانی تاراندا بە سەخاوەت و شەهامەتەوە ژیانیان بەخشی و گیانیان سپارد.

سڵاو لە خەباتی نەتەوایەتیی و ئیسلامیی کوردستان و ڕێبوارانی کاروانە ڕانەوەستاوە نەپساوەکەی!

 

ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان

کومیتەی ناوەندیی

٤ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاویی

٢٦/٨/٢٠١٧ی زاینیی