ماڵپه‌ڕی یه‌کشه‌وه‌

یارمه‌تییه‌کانتان


به‌ڵگه‌ نامه‌

ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵکی بانە
ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵکی
پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی جێژنی قوربانەوە
پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی جێژنی
پەیامی کومیتەی ناوەندیی بە بۆنەی ٥ی خەرمانان، سیوحەوتەمین ساڵی دامەزرانی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان
پەیامی کومیتەی ناوەندیی بە بۆنەی ٥ی خەرمانان، سیوحەوتەمین ساڵی دامەزرانی ڕێکخراوی
پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆرشگێڕی کوردستان بە بۆنەی جێژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە
پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆرشگێڕی کوردستان بە بۆنەی جێژنی پیرۆزی

ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان دەربارەی بەنێو هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی و شوڕاکانی ئێران

 

بە نێوی خودای بەخشندەی مێهرەبان

خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!

هێزە سیاسییە تێکۆشەرەکان!

وەک ئاگادارین ڕژیم بڕیاری داوە ڕۆژی جومعە ٢٩ی بانەمەڕ (١٩/٥/٢٠١٧) هاوکات هەڵبژاردنی دەورەی دوازدەیەمی سەرۆککۆماریی و هەروەها هەڵبژاردنی شوڕای شار و گوندەکان بەڕێوەبەرێ. هەر بۆیە لە چەند مانگ لێرە پێشەوە کاربەدەست و دامودەزگاکانیان، بە تایبەتییش دەزگاکانی ڕاگەیاندن سەرگەرمی بازاڕگەرمیی و خەڵك و خۆ ئامادەکردن بۆ ئەو ڕۆژەن.

 

ڕژیمێک کە بە زەوتکردنی بەرهەمی خەبات و ڕاپەڕینی خەڵکی ئازادییخواز دەستی پێکردبێ و بە پەت و سێدارە پێی گرتبێ و بە زەبری ئاور و ئاسن خۆی گرتبێ و بە کوشتار و خوێنڕێژیی خووی گرتبێ بە جۆرێك کە لە مەودای چوار دەیەی تەمەنیدا جگە لە ماڵوێرانیی و دەرد و نەهامەتیی هیچی دیکەی بۆ خەڵک پێ نەبووبێ، دەبێ چ مانا و نێوەرۆکێک بۆ مافی خەڵک و لەوانەش دەنگدان و هەڵبژاردن قایل بێ! بێگومان هەڵبژاردنی ئازادانەی کاربەدەست و نوێنەران لە لای ڕژیمێك کە سەرەتاییترین مافی ئینسانیی بۆ هیچ کەس و کۆمەڵێك بە ڕەوا نابینێ هیچ دەرفەت و قیمەتێکی نیە. ‌هەڵبژاردن و چوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان لە بەرنامەی کاری کاربەدەستانی تاراندا تەنیا و تەنیا بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵك و شاردنەوەی ڕووی ڕەشی خۆیان و ئاوەژووکردنەوەی ڕاستییەکان و جوانکاریی بۆ دۆخی سیاسییی و کۆمەڵایەتیی و باری خراپی پێشێلکردنی مافە ئینسانیی و نەتەوەییەکانە.

هەموو جارێک دەبینین کاربەدەستە فێڵەباز و دەزگا فریودەرەکانی ئەو ڕژیمە گەرەکیانە بە هەڵڵا و هەنگامەی هەمەڕەنگ ئاپۆرایەکی زۆرتر لە دەوری سندووقەکانی دەنگدان کۆبکەنەوە. مەسەلەی هەرە گرنگ لێرەدا بۆ ئەوان خڕکردنەوەی خەڵك و شانۆسازییەکی وەستایانەیە، هەر بۆیە زۆر زۆرزانانە ئەم یا ئەو کاندید لەژێر ناوی ڕیفۆرم و ڕیفۆرمخوازیی زەق و قوت دەکەنەوە تا وا لە خەڵکی ناوخۆ و دنیای دەرەوە بگەیەنن کە فرەڕەنگیی لە کاندیدەکان و ئازادیی هەڵبژاردندا هەیە. یەکی دیکە لەو سیاسەتە خاپێنەرانە ئەوەیە کە چەند ساڵێکە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی و هەڵبژاردنی شوڕاکانیان خستۆتە پاڵ یەک و هاوکات لە یەك ڕۆژدا بەڕێوەیان دەبەن، ئەوەش بۆ ئەوەیە کە ئەگەر خەڵک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش نەچنە سەر سندووقەکان، ئەوە بەو حوکمە کە کاندیدەکانی شوڕای شار و دێکان لە خەڵکی ناوچەکانن، ڕەنگە ڕێژەی بەشداریی خەڵک زیاتر ببێ.

بە تێگەیشتنی ئێمە تا تەمەنی ئەو ڕژیمە درێژتر ببێتەوە، زیاتر ئاتاجی بە درێژەدان بە سیاسەتی کوشتوبڕ و هەڕەشە و تۆقاندن و هاوکات سەرگەرمکردنی خەڵک بە هێندێک شانۆ و مانۆڕی وەک هەڵبژاردن و چەواشەکردنی بیر و هۆشی خەڵک و وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەبێ. ئەو ڕژیمە ئەمڕۆ کە لە چوارەمین دەیەی تەمەنی نزیک دەبێتەوە زۆری بۆ گرنگە خەڵک بەوە سەرگەرم و دڵگەرم بکا کە ئەگەر دەنگ بە فڵان کاندید یا فیسارە نوێنەر بدرێ هیوای چاکتربوونی دۆخەکە و هاتنەدی ویستەکانیان زیاتر دەبێ، بەڵام لە ڕاستییدا ئەوەی بۆ ئەوان گرنگ و مەسەلەیە ئەوەیە کە هەتا دەکرێ ئەو مانۆڕە گەورە بکرێتەوە و لە وەختی خۆشیدا بە ئارامیی بەڕێوەبچێ. دەنا ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو دەریدەخا کە نە جیاوازیی کاندیدەکان هێندە دیار و بەرچاو بووە و، ئەگەر جیاوازییش هەبووبێ و خەڵک دەنگی بە یەکێکیان دابێ، ڕژیم بایەخی بۆ ئەو دەنگدانە دانەناوە. خۆ ئەگەر لە ڕووخساریشدا بایەخێک بە ئەنجامەکانی دەنگدان درابێ، ئەوە بەرنامە و کارنامەی کاندیدی دەنگپێدراو جیاوازیی لەگەڵ ئەوانی پێش خۆی نەبووە و جیاوازییەکە تەنیا لە ناو و سەر و سیمادا بووە.

خەڵکی ئازادییخوازی کوردستان!

ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان باوەڕی قووڵی بە دەسەڵاتی ڕاستەقینەی گەل هەیە و ڕێز لە ئیرادەی ئازادی خەڵک و مۆدێلی باوی دەنگدان وەک میکانیزمێک بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی خەڵکیی دەگرێ، بەڵام ئەو واقیعیەتە تاریکەشی لەبەرچاوە کە هەڵبژاردن و دەنگ و بڕیاری خەڵك لە سیستمی ئەو بەنێو کۆمارەدا هیچ قیمەت و جێیەکی نیە. لە لایەکی دیکەشەوە ئێمە زۆر باش ئەو ڕاستییە دەزانین کە یاسای هەڵبژاردن، پێوان و پاڵاوتەکردنی کاندیدەکان، بانگەشە و بەرنامەی بەربژێرەکان، بەڕێوەچوون و چاودێرییکردنی هەڵبژاردنەکان و..... هەموویان هەر لەژێر چاوەدێریی و کۆنتڕۆڵی وردی دامودەزگاکانی ڕژیم و لە سەروو هەمووشیانەوە ڕێبەری دەسەڵاتدا وەگەڕدەخرێن و بەڕێوەدەچن.

بە لەبەرچاوگرتن و بە‌هێندگرتنی ئەو ڕاستییانە و بە خوێندنەوەی مێژووی پڕ لە زوڵم و  تاوانی ڕژیم و بەرهەمەکانی بۆ گەلی مافخواز و ئازادییویستی کوردستان، ئێمە لە ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان باوەڕمان وایە کە بەشدارییکردن لەو بەنێو هەڵبژاردنانەدا نەك هەر کەڵک و قازانج بە بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان و ڕەوتی ئازادییخوازیی لە ئێران ناگەیەنێ، بگرە کۆی گشتییەکەی لە سوودی ڕژیم دەسووڕێ و هاوشان لەگەڵ ویست و مەبەستە پەستەکانی دەسەڵاتدا دەچێتەپێش. ڕژیم ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر حەوجێ بە خڕکردنەوەی خەڵك لەژێر ناوی بەشدارییکردن لە هەڵبژاردنەکان و، گەورەکردنەوەی ئەو مانۆڕە لەبەر چاوی نێوخۆ و دەرەوە دایە، بۆیە بەشداریینەکردن لەو بەنێو هەڵبژاردنانەدا هەڵوێستێکی ئازایانەی ئازادییخوازانە لە بەرابەر ویستی ڕژیمی دیکتاتۆر و خۆسەپێنی تاراندایە، هاوکات بەشداریینەکردنتان لەو گاڵتەجاڕییەدا خزمەتە بە بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان، ئەوەش داوا و چاوەڕوانیی ئێمە لە ئێوەی هەمیشە تێکۆشەرە.

 

ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان

کومیتەی ناوەندیی

٢١ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی ک. هـ    (١١/٥/٢٠١٧ی ز)