ماڵپه‌ڕی یه‌کشه‌وه‌

یارمه‌تییه‌کانتان


به‌ڵگه‌ نامه‌

ڕاگەیەندراوی (ڕێکخراوی خەبات) لەسەر کارەساتی بوومەلەرزە لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان
ڕاگەیەندراوی (ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان) لەسەر کارەساتی بوومەلەرزە لە
پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی بیستەمین ساڵی کۆچی دوایی مامۆستای ڕێبەر، مامۆستا خدر عەبباسیی
پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی بیستەمین ساڵی
پەیامی سەرەخۆشیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵاوە
به‌ نێوى خوداى به‌خشنده‌ى مێهره‌بان   بەڕێز مەکتەبی سیاسیی پارتی دێموکڕاتی
پەیامی سەرەخۆشیی (ڕێکخراوی خەبات) بۆ کۆچی دوایی دکتۆر شوان قەڵادزەیی
پەیامی سەرەخۆشیی (ڕێکخراوی خەبات) بۆ کۆچی دوایی دکتۆر شوان قەڵادزەیی   به‌ نێوى

ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان لە پێوەندیی لەگەڵ مردنی عەلی ئەکبەر ڕەفسەنجانییدا

بە نێوی خودای بەخشندەی مێهرەبان

دەزگا هەواڵنێرییەکانی ڕژیم بڵاویانکردەوە کە شەوی یەکشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاویی (٨/١/٢٠١٧ی زاینیی) عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانیی، سەرۆکی "کۆڕی دیارییکردنی بەرژەوەندیی"ی ڕژیمی تاران لە تەمەنی ٨٢ ساڵییدا بە سەکتەی دڵ مردووە.

 

هەر کەس ئاگاداری دامەزرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی خومەینیی بێ ئەو ڕاستییە بە ڕوونیی دەبینێ کە ڕەفسەنجانیی لەو کەسە کەم و دیارانە بووە کە لە نووسینی قانوونی بنەڕەتیی و بڕیاردان لەسەر بڕیارە گرنگ و هەستیار و چارەنووسسازەکانی ئەو ڕژیمە و جێبەجێکردنیان ڕۆڵی ئەسڵیی و یەکلاکەرەوەی دیتووە. ئەو یەکێک لە دامەزرێنەرانی پایەکانی ڕژیمی کۆماری بەنێو ئیسلامیی ئێران و تا کاتی مردنیشی لە کۆڵەکە قایمەکان و کەسە هەرە کاریگەرەکانی ئەو دەسەڵاتە بوو. ئەوەی بە ئاشکرا دیار بووە ناوبراو لەو ماوە دوورودرێژەدا، تەنانەت لە سەردەمی دەسەڵاتی خودی خومەینییشدا، هەمیشە یەك، یا هێندێک جار هاوکات چەند پۆستی گەورە و گرنگی بەدەستەوە بوون و قسەی کۆتایی کردووە، لەوانەش پۆستەکانی وەک ئەندامەتیی "شوڕای شۆڕش"، سەرۆکایەتیی "مەجلیسی شوڕا"، نوێنەرایەتیی و جێگرێتیی خومەینیی وەک فەرماندەی گشتیی هەموو هێزە چەکدارەکان لە شەڕی کوردستان و شەڕی ئێران- عێراق، سەرۆکایەتیی "شوڕای بەرزی بەرگریی"، دوو خول سەرۆککۆماریی، سەرۆکایەتیی "کۆڕی پسپۆڕانی ڕێبەریی" و دوایین پۆستیشی سەرۆکایەتیی " کۆڕی دیارییکردنی بەرژەوەندیی نیزام".

دوای مردنی خومەینیی و زەقبوونەوەی زیاتری ملبەملە و شەڕەدندووکەی دەستە و قۆڵەکانی ڕژیم، هەڵبەت لەسەر قۆرغکردنی زیاتری دەسەڵات نەک لەسەر دابینکردنی ماف و ئازادییەکان و ویست و داواکانی کۆمەڵ، بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵك دوو باڵ و بەرەی "توندڕەو" و "چاکساز" زەق و قوت کرانەوە. لەو نێوەدا زۆر کەس و لایەن ڕەفسەنجانییان بە لایەنگری چاکسازیی و ڕێبەری پشتی پەردەی بەرەی چاکسازان چاولێدەکرد و دەناساند. بە بڕوای ئێمە ئەو قسەیە ئەگەر لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی ڕژیم و چاکسازیی بۆ چاکتر قایمکردنی پایەکانی ئەو دەسەڵاتە و درێژترکردنەوەی تەمەنی پڕ لە تیرۆر و تاوانی ئەو ڕژیمە لێکبدرێتەوە تەواو ڕاستە، بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەی خەڵك و بە پێوەری چل ساڵ کار و ڕەفتاری ڕژیم و ڕۆڵی بنەڕەتیی ڕەفسەنجانیی لە تەواوی ئەو ماوەدا، ئەویش لە هەر دوو دەسەڵاتی گرنگیی بڕیاردان و جێبەجێکردندا، تەماشا بکەین دەبینین ناوبراو نەك هەر ئیسڵاحخواز و ئاشتییخواز و مافپارێز نەبووە، بگرە لە ڕیزی هەرە پێشەوەی تاوانبارانی چنگبەخوێنی ئەو ڕژیمەیە و دەبێ لە ڕیزی دامەزرێنەرانی وەك خومەینی و خامنەیی بژمێردرێ. جێگیرکردن و پاراستن و خزمەتکردنی ڕژیمێک کە ئەوە بەرهەمی ٣٨ ساڵ دەسەڵاتی بێ و، هەروەها بەدەستەوەگرتنی گرنگترین و بەرزترین پلە و پۆستەکان لەو دەسەڵاتەدا، بۆ خۆی بەسە بۆوەی بزانین ڕەفسەنجانیی و هاوکارەکانی چ کەسانێك بوون و کارنامەکەیان چەند پاک و خاوێنە! خۆ ئەگەر زیاتر لێی وردوەبین و دەفتەری کردەوەکانی ناوبراو هەڵدەینەوە دەبینین کە ئەو لە شەڕی ئێران – عێراق و، هێرش بۆ سەر کوردستان و، هەوڵدان بۆ سەرکوتی ئازادییخوازان و، کوشتن و ئیعدامی بە کۆمەڵی مافخواز و تێکۆشەرانی کوردستان و ئێران و، بڕیاردان و جێبەجێکردنی کردەوەی تیرۆریستیی لە دەرەوە و ناوەوە و، بڵاوکردنەوەی تۆڕە جاسووسیی و تیرۆریستییەکان و، دزین و بەتاڵانبردنی ماڵ و سامانی خەڵک و، بڵاوکردنەوەی فەسادی ئەخلاقیی و ئیداریی و ماڵیی لە کۆمەڵگەی ئێران و لە دامودەزگا و جومگە گەورە و گچکەکانی دەوڵەتدا دەست و ڕۆڵی گەورەی هەبووە. ڕەفسەنجانیی ئەگەر بە ڕاستیی خوازیاری دابینکردنی بەرژەوەندیی و ماف و ئازادییەکانی خەڵك و چاکسازیی لە دامودەزگاکانی دەسەڵات و کردنەوەی دەرگا و پەنجەرەکان بەڕووی ئازادییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکاندا بوو، دەبوو ئەو کاتە نیشانی دابا کە قانوونی بنەڕەتیی ڕژیمەکەیانی دەنووسیەوە، یا ئەو کاتە کە لە ترۆپکی دەسەڵاتەکانی بڕیاردان و جێبەجێکردندا بوو، نەك کاتێك لە ئەنجامی دەبەرێکڕاچوونی بەرەکانی دەسەڵات، بە تایبەتییش لەگەڵ خامنەیی ڕێبەری ڕژیم، وردە وردە دەنگ و دەستی کەمتر و کورتتر دەبوونەوە.

ڕەفسەنجانییش وەك هەر زۆردارێکی دیکە بە خۆی و نامەی کردەوەکانییەوە دنیای جێهێشت و بەرەو دادگای پڕ دادی خودا ڕەپێچەك درا و لەوێ پاداشی ورد و درشتی کردەوەکانی وەردەگرێتەوە، بەڵام خۆشتر ئەوە بوو ئەویش وەک زۆر لە یاغیی و ملهوڕانی دیکەی مێژوو تۆڵەی تاوانە بێئەژمارەکانیان لەم دنیایە لێ ستێندرابایەوە و بە دەست و بازووی پیرۆزی لاوانی بەهەست و سۆز بە داری دادی خەڵکدا هەڵاوەسرابا.

 

ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان

کومیتەی ناوەندیی

٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاویی

٩/١/٢٠١٧ی زایینیی