ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە تەقینەوە لە بارەگای سەرکردایەتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
بە ناوی خودای بەخشندەی مێهرەبان
شەوی سێشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٩٥ (٢٠/١٢/٢٠١٦) لە دوو تەقینەوەی تیرۆریستییدا لە نزیک بارەگای سەرکردایەتیی حیزبی دێموكڕاتی کوردستان لە کۆیە، پێنج پێشمەرگەی ئەو حیزبە و دوو کارمەندی ئاساییش شەهید بوون و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون.
ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان ئەو کردەوە تیرۆریستییەی ڕژیمی بەنێو ئیسلامیی تاران، کە بێگومان درێژەی سیاسەتی دژەئینسانیی و دژەئازادیی ئەو ڕژیمەیە، بە توندیی مەحکوم دەکا. ئەو تاقمە تاوانبارە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنە سەرکارییانەوە تا ئەمڕۆ بۆ تاوێکیش لە پیلانی پیسی تیرۆریستیی و خۆشکردنی ئاوری ئاژاوەگێڕیی و کوشتن و تیرۆرکردنی دژبەرانی خۆیان، بە تایبەتییش لەنێو ڕیزی خەباتگێڕانی کوردستاندا، دەستیان ڕانەگرتووە و سڵیان لە هیچ بەربەست و سنوورێك نەکردۆتەوە. هەموومان ئەوە باش دەزانین کە تیرۆر و تۆقاندن سیاسەتیی سەرەکیی و هەمیشەیی سەرانی ڕژیمی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوە بووە، هەر بۆیە هەر کەس و هەر باڵ و لاباڵێكیان لەسەرکار بووبێ و هەر کۆمەڵ و دەستەیەکیان دەستی ڕۆیشتبێ لە درێژەدانی ئەو بەرنامە و داڕشتنی ئەو جۆرە پیلانانە دەستیان نەپاراستووە.
وەک دەبینین ئەمڕٶش هەر ئەو دڵە ڕەش و چنگ و قامکە خوێناویانەی کە بە قسەی خۆیان باس لە ئازادییەکان و مافی هاووڵاتییبوون دەکەن و گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیەکی لەو جۆرە دەبەنە مەجلیسەکەیان، ، کەچی هەر ئەوانە لە دووریی هەزاران کیلۆمیتر لە تاران و لە دەرەوەی سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی نەگبەتیشیان، نەك هەر مافی هاووڵاتییبوون و ئازادیی، بگرە مافی هەناسەدان و ژیانیش بەوانە ڕەوا نابینن کە دڵیان بۆ ئازادیی لێدەدا و گیانیان بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین مافی گەلەکەیان بەخت دەکەن.
ئێمە هەمیشە باوەڕمان وا بووە کە سیاسەتی کوشت و کوشتار و پیلانە تیرۆریستییەکانی ڕژیم نەك هەر ڕاناوەستن، بگرە ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەدەستێنن و میتۆد و شێوەی ترسناکتر بەخۆوە دەگرن، هەر بۆیە خەباتی ئەم قۆناغە و ڕووبەڕووبوونەوەی بەرنامەکانی ڕژیم و بەتاڵکردنەوەی پیلان و پلانە دژەئینسانییەکانی حەوجێ بە وریایی زیاتر و، لەوەش گرنگتر بە هەماهەنگیی و هاوکاریی بە کردەوەی ئێمە، هێزە سیاسییەکانی کوردستان، و تێکۆشەرانی نێو ڕیزی بزووتنەوە هەیە.
بەو بۆنە دڵتەزێنەوە سەرەخۆشیی و هاودەردیی گەرمی ڕێکخراوەکەمان، ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان، بە دۆستانمان لە سەرکردایەتیی حیزبی دێموکڕات و هاوەڵان و هاوسەنگەران و بنەماڵە و کەسوکار و دۆستانی شەهیدەکان ڕادەگەیەنین و هیوای چاکبوونەوەی هەرچی زووتریش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان
کومیتەی ناوەندیی
١ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاویی
٢١/١٢/٢٠١٦ی زایینیی