ماڵپه‌ڕی یه‌کشه‌وه‌

یارمه‌تییه‌کانتان


به‌ڵگه‌ نامه‌

ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان لە پێوەندیی لەگەڵ مردنی عەلی ئەکبەر ڕەفسەنجانییدا
ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان لە پێوەندیی لەگەڵ مردنی عەلی ئەکبەر
ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە تەقینەوە لە بارەگای سەرکردایەتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە تەقینەوە لە بارەگای
ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە دەستگیرکرانی (سەلاحەددین دەمیرتاش) و چەند پەرلەمانتارێكی دیکە
ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە دەستگیرکرانی (سەلاحەددین
پەیامی کومیتەی ناوەندیی بە بۆنەی نۆزدەهەمین ساڵی کۆچی دوایی مامۆستای ڕێبەرمان، مامۆستا خدر عەبباسیی
پەیامی کومیتەی ناوەندیی بە بۆنەی نۆزدەهەمین ساڵی کۆچی دوایی مامۆستای ڕێبەرمان،

پەیامی کومیتەی ناوەندیی بە بۆنەی نۆزدەهەمین ساڵی کۆچی دوایی مامۆستای ڕێبەرمان، مامۆستا خدر عەبباسیی

 

بە نێوی خودای بەخشندەی میهرەبان

هاوبیران و ڕێرەوانی ڕێزداری ڕێگای پیرۆزی خەبات!

ڕێبواران و تێکۆشەرانی گۆڕەپانی خەباتی نەتەوایەتیی و ئیسلامیی!

خەزەڵوەری ئەمساڵیش لەگەڵ وەرین و خزینی گەڵاکان و سروەی تەزیوی بای پاییزییدا خەمی ماڵاوایی و ئاوابوونی خۆری ئاسمانی خەبات و تێکۆشانی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆرشگێڕی کوردستان و، یادی کۆچی دوایی ڕێبەر و سەرکردەی شۆرش و کوردایەتیی، پێشەوا و پێشەنگی خەبات، مامۆستا مەلا خدری عەبباسی، لە دڵ و زەینی هەمووماندا نوێ کردەوە.

 

ئاشکرایە هەر کۆمەڵ و نەتەوەیەک کەس و کەسانێکی بژاردە و هەڵکەوتووی هەن کە خەم و مشووری کۆمەڵگە و نەتەوەکەیان دەگرنە ئەستۆ و بەرینتر لە بازنەی بەرژەوەندیی تاک بیر دەکەنەوە و بۆ خۆشبەختیی و ئازادیی و سەرفرازیی هەمووان خەبات دەکەن. گەلی کوردیش لەو دەستەبژێر و نوخبە و کەسایەتییانە بەشی باشی بووە و دیرۆکی دێرین و مێژووی هاوچەرخی بزاڤی نەتەوەییمان پڕە لەو سەرکردە و تێکۆشەرانەی ژیان و بەرژەوەندیی خۆیان و وزە و زەین و هێزی خۆیان بۆ ئاسوودەیی گەلەکەیان تەرخان کردووە.

مامۆستا مەلاخدر لە سەرەتای هەنگاوەکانی گەشە و هەڵدانی لە حوجرەی فەقێیان لە لای مامۆستایانی شارەزا و بە توانای سەردەمی خۆی دەستی پێکرد و، بە هۆی لێهاتوویی و هۆشیارییەک کە خودا پێیدا بوو، زۆر خێرا گەشەی کرد و قۆناغ دوای قۆناغ زانستە باوەکانی ئەو سەردەمە فێر بوو و، بۆ دەستبەرکردنی زانستی زۆرتر گەلێک گوند و شار و ناوچەی بەشە جیاجیاکانی کوردستان گەڕا و لە خزمەت دیارترین مامۆستاکانی ئەوکات دەرسی خوێند، تا لە تەمەنی بیست ساڵیی و لە هەڕەتیی لاوییدا دوابڕگەی خوێندنی تەواو کرد و ئیجازەی مەلایەتیی وەرگرت.

گەڕان بۆ خوێندن و ناسینی کەسایەتییە دیارەکانی نێو ناوەندە زانستییەکان و بینینی ناوچە و جەماوەری بەشە جیاجیاکانی کوردستان ئەزموونێکی دیکەی خستە سەر خەزێنەی زانیارییەکانی مامۆستا و، لەو ڕێگەوە لە بێبەشیی و چەوساوەیی گەلەکەی و ستەمی ستەمکارانی داگیرکەر باش تێگەیشت و، بیری خەبات لە پێناوی ئازادیی و ڕزگاریی گەل و نیشتمانەکەی بووە خەمی شەو و رۆژی ئەو مەزنەپیاوە. مامۆستا حوجرە و مزگەوتی کردنە سەنگەری بەگژداچوونەوەی نەفامیی و نەخوێندەواریی و بەربەرەکانیی دژی ستەم و بێدادیی و، دەیان ڕۆڵەی لەو سەنگەر و فێرگەدا پێگەیاندن و پێشکەشی کۆڕی خەباتی ئازادییخوازانەی کوردی کردن. حوجرەی مامۆستا بوو بە پەنا و سایەی حەوانەوەی تێۆکۆشەرانی کوردستان و مامۆستا بە بوێرییەوە داڵدەی خەباتگێڕانی دەدا و دەستی دەگرتن و دەبوو بە چاوساغ و رێنوێنیان. ئەو هەوڵ و چالاکییانە هێندە کاریگەر بوون کە جەرگی داگیرکەرانییان خستە ژان و ڕژیمی دیکتاتۆری پاشایەتیی حوکمی دە ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرد و ماوەی سێ ساڵ بەندی کرد، بەڵام نەیتوانی ئیرادە و گیانی مافخوازیی و نیشتمانپەروەریی مامۆستا لاواز بکا، بگرە بەندیخانەش بوو بە ئەزموونێکی نوێ و مەیدانێکی تر بۆ بەرینتکردنی پانتایی گۆڕەپانی خەباتی شۆرشگێڕانە و سەربەرزانەی ئەو سەرکردە.

لە بەرەبەری شۆرشی گەلانی ئێران و دەسپێکی رێپێوان و ڕاپەڕین دژی دیکتاتۆریی پاشایەتیی، مامۆستا مەلا خدر بوو بە پێشەنگی جەماوەر و، بە بە بەشداریی ڕاستەوخۆ و وتاری شۆرشگێڕانە ورەی خەڵكی بەرز دەکردەوە و ئاپۆرەی جەماوەری ڕاپەڕیوی دەخرۆشاند و بڵێسەی ئاگری شۆرشی گەرم و بەتینتر دەکرد. دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینیش قۆڵی لە قۆناغی نوێی خەبات هەڵماڵی و لە وتوێژ و دانوستانەکانی نێوان کورد و حکومەتی تازە بەشداریی چالاکانەی هەبوو. کاتێک دەسەڵاتی تازەی ئاخوندەکانیش دوای خۆگرتنەوە و خۆقایمکردن هاوچەشنی رژیمی پێشوو مافی کورد و گەلانی تری ئێرانی بە هەند نەگرت و دەستی کرد بە سەرکوتی کورد و داگیرکردنەوەی کوردستان، مامۆستا لەگەڵ کۆمەڵێك زانا و رووناکبیری دیار و تێکۆشەری کوردستان (ڕێکخراوی خەباتی نەتەوایەتیی و ئیسلامیی کوردستان)یان دامەزراند و، بە بیروباوەڕ و ڕێبازێک گۆشیان کرد کە بوو بە سەنگەرێکی بەرین و بەهێز بۆ بەشداریی کۆمەڵانی خەڵک لە خەباتی دژی رژیمدا و، بەوەش ئیددیعای ئیسلامیبوونی کۆماری ئاخوندەکانی خستە ژێر پرسیار و ناڕەوایی بانگەشە و دروشمەکانی ئەو ڕژیمەیان بۆ هەموو لایەك ڕوون کردەوە.

مامۆستا مەلا خدر لەم قۆناغەدا لە بەرزترین پلەی بەرپرسیارییدا  زۆر لێزانانە و لێبڕاوانە ڕێکخراوەکەمانی سەرکردایەتیی کرد و تا  دوا بڕگەی ژیانی پڕسەروەریی خۆی بۆ گەشە و پێشکەوتنی (خەبات) هەوڵی دەدا، بە جۆرێك کە بە حەق وەفاداری رێی خەبات و سەرکردەی شۆرش و مامۆستا و پێشەوای هاوبیرانی بوو.

مامۆستای شەهیدمان سەرەڕای سەختی خەبات و بەربەستی زۆر توانی زۆر لێهاتووانە و سەرکەوتووانە ڕێکخراوەکەمان، ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان، لە چەند قۆناغی گرینگ و هەستیاردا ڕێبەریی بکا و، لە تەواوی ئەو ماوەشدا ڕێی ڕاستیی خەباتی نیشانداین و، گەلێک ئەزموونی بەکەڵك و وانەی پڕ پەندی بۆ بەجێهێشتین کە بۆ هەمیشە مەشخەڵی ڕێی خەبات و توێشووی شۆرشی تێکۆشەرانی رێکخراوەکەمان و هێڵ و پڕۆگرامی کار و تێکۆشانمانن.

کۆچی مامۆستا زیانێکی قەرەبوونەکراوە بوو لە تێکڕای بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان  و ڕەوتی خەباتی نەتەوایەتیی- ئیسلامیی کوردستان کەوت. ئەمڕۆش لە یادی ١٩ ساڵەی کۆچی ئەو ڕێبەرە گەورەی کورد و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی وڵات کەلێنی نەبوونی سەرکردەیەکی لێزان و دڵسۆز و خاکیی وەك مامۆستا لەنێو بزووتنەوە و ڕێکخراوەکەماندا لە هەموو کاتێک زەقتر خۆ دەنوێنێ.

لە یاد و بیرەوەریی ١٩ ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستای ڕێبەر، مامۆستا مەلا خدر عەبباسیدا، لەگەڵ ناردنی قافڵەی سڵاوی پڕ لە خۆشەویستیی و وەفا بۆ گیانی بەرزی، خۆمان بە سەربەرز و ئەرکدار دەزانین کە قوتابی قوتابخانە و ڕێبوار و درێژەدەری رێبازە پیرۆزەکەی مامۆستا و شەهیدانی دیکەی (خەبات)ین. ئێمە لەو باوەڕەداین کە گەورەترین وەفا بەرامبەر گیانی شەهیدان خزمەتکردنی باوەڕ و ئامانجە بەرزەکانیانە، هەر بۆیە لەو یاد و بیرەوەرییەدا پەیمان لەگەڵ مامۆستا و هاوڕێ شەهیدەکانمان نوێ دەکەینەوە کە تا دواهەناسەکانی ژیان بەو پەڕی توانا و وزەوە لە کاروانی نەپساوەی (خەبات)دا درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدەین.

یاد و ڕێبازی ڕێبەری شەهید مامۆستا خدر عەبباسیی هەمیشە زیندوو و ئاوەدان بێ و، گیانی لە بەهەشتی خودادا ئاسوودە بێ و ڕێگای خەباتی پڕ ڕێبوار بێ.

 

ڕێکخراوی خەبات،ی شۆرشگێڕی کوردستان

کومیتەی ناوەندیی

١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی کۆچیی ـ هەتاویی

٣/١١/٢٠١٦ی زایینیی