ماڵپه‌ڕی یه‌کشه‌وه‌

یارمه‌تییه‌کانتان


به‌ڵگه‌ نامه‌

ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵکی بانە
ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵکی
پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی جێژنی قوربانەوە
پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان بە بۆنەی جێژنی
پەیامی کومیتەی ناوەندیی بە بۆنەی ٥ی خەرمانان، سیوحەوتەمین ساڵی دامەزرانی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان
پەیامی کومیتەی ناوەندیی بە بۆنەی ٥ی خەرمانان، سیوحەوتەمین ساڵی دامەزرانی ڕێکخراوی
پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆرشگێڕی کوردستان بە بۆنەی جێژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە
پەیامی کومیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆرشگێڕی کوردستان بە بۆنەی جێژنی پیرۆزی

سەلاحەددین عەبباسی: چوون بۆ سەر سەندووقه‌کان، هاودەنگ بوونە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی

وتوێژی ماڵپەڕی (ڕۆژی کورد) لەگەڵ بەڕێز (سەلاحەددین عەبباسی)، ئەندامی ڕێبەریی (ڕێکخراوی خەبات،ی شۆرشگێڕی کوردستان)

ڕۆژی کورد: هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارلمان و خیبره‌گانی ئێران له‌ چ به‌ستێن و هه‌لومه‌رجێكی سیاسی دا به‌ڕێوه‌ ده‌چێ

عەبباسی: وەک دەبینین ئەمڕۆ لە ئاستی جیهانییدا بوونی مەترسی تیرۆر و گەورەکردنەوە و زەقکردنەوەی ئەو مەسەلەیە، تا ئەو ئاستەی کە ترس و تارماییەکەی زۆربەی دەڤەر و ناوچەکانی جیهان بگرێتەوە، هێز و لایەنە کۆک و ناکۆکەکانی، بە تایبەتییش هێزە گەورە بەرژەوەندخوازەکانی لە بەرەی ئاڵۆز و جیاجیادا کۆکردۆتەوە٠ هەر بە پاساوی بوونی تیرۆر و شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵی سەرجەمسەری هێزە زەبەلاحەکان بۆ قەرەبووی شکستەکانی سەدەی پێشوویان لەسەر حیسابی گەلانی زوڵملێکراو و بەشخوراوی ئەم سەردەمە، خۆ ڕێکدەخەنەوە٠ ڕژیمی کۆماری بەناو ئیسلامیی ئێرانیش هەر بەو هەوا و هەویایە و لەسەر ئەو هەودایە یاری دەکا و بە گوڕ و تینێکی زیاترەوە، لەسەر حیساب و بە گیان و ماڵی ڕۆڵەکانی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی بندەستی، دەیەوێ بازنەی نفوزی خۆی لە جیهان بە گشتیی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتیی فراوانتر و بەهێزتر بکا٠

لە ئاستی ناوخۆییدا ڕژیمی تاران تا ڕادەیەك توانیویە خۆی وەک براوەی ململانێی کۆنی نێوان خۆی لە لایەک و ئەمریکا و بڕیاربەدەستەکانی دیکەی جیهان لە لایەکی ترەوە بناسێنێ و تا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو بووە٠ هەڵبژاردن و هەڵڵا و هەنگامەی دەنگدان و بەشدارییکردنی خەڵک تێیدا، یەکێك لەو هۆ و ڕێگایانە بووە کە کاربەدەستانی باڵادەستی ڕژیم لەو پێوەندییەدا پەنایان بۆ بردووە. ئەوان توانیویانە ئەو شانۆ و پرۆسانە وەک بەڵگەی دێموکراتبوونی خۆیان و ڕژیمەکەیان بخەنە بەردەم و چاوی ڕای گشتیی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و شانازیی بە ژمارەی پرۆسەکانی هەڵبژاردنەوە بکەن و وەک کارتێکی بەهێزی یاریی بە ڕووی ناوەندە نێونەتەوەییەکانیاندا بکێشێ٠

بەڕێوەبردنی پرۆسەی ئەمجارەش، ‌واتە هەڵبژاردنی دەورەی دەیەمی مەجلیسی شوڕا و دەورەی پێنجەمی مەجلیسی خیبرەگان، لەم دۆخە سیاسیی و  بڕگە زەمانییەدا کە ئێران و ناوچەکە و جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێ، هەم تەواوکەری سیاسەتی ڕابردوو دەبێ و هەم سەرەتایەکی نوێ دەبێ بۆ پەلاژۆی ئەو کۆمارە “ئیسلامیی”ـەی ئێستا حوکمی ناوچە دەکا، ئەوەش لە ڕێی بوونی ئابووریی بەهێزتر و دەرفەتی بەشداریی لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا.

ڕۆژی کورد: سیاسه‌تی باڵه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی ڕژیم له‌و پێوه‌ندییه‌دا چۆنه‌؟

عەبباسی: سەرانی ڕژیم و باند و بەرە و باڵەکانی سەر بە نیزام، کە لە ڕاستییدا باڵ نین بەڵکو پەڕوپۆی باڵێکن، بە تێکڕا لە سیاسەتی گشتیی و هێڵە سەرەکییەکاندا هاوڕێ و هاوڕان و لە هیچ بارودۆخ و کات و شوێنێکدا – مەگەر بە هۆی ئەسڵی تەقیە و بۆ چەواشەکاریی– دەنا لە خەتی کۆن لانادەن و لەمەڕ بابەتە لاوەکیی و ڕەمەکییەکانیش بۆ یەکتر دادەنوێنن. هەر بۆیە لەمەڕ پێوەندییە دەرەکییەکان و هەڵبژاردنەکانیش هەر بەو ڕبە و مەزندەیە مامەڵە دەکەن٠

ڕۆژی کورد: لێكدانه‌وه‌ و ڕوانینی خه‌ڵك بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چۆنه‌؟

عەبباسی: هەڵسەنگاندنی بۆچون و تێڕوانینی خەڵکی ئێران لەو پێوەندییەدا بە وردیی ئەستەمە، چونکە جیاوازیی ڕا و بۆچوونەکان بە ڕێژەیەکە کە دەکرێ بڵێین ژمارەی ڕا جیاوازەکان بەقەد ژمارەی کەسە بەشداربووەکانن٠ ئێمە پێمانوایە زۆرترین ڕا لە ئێرانی ئەمڕۆدا بۆ بەشدارییکردن و بەشدارییپێکردنی خەڵک لە هەڵبژاردندا بەمەبەستی نیشاندانی “وەحدەتی میللەتی ئێران”ە و زۆرینەی کاندیدەکان بە دوای ئاڵوگۆڕ و چاکسازییەوە نین٠

بۆ نموونە تاقمێک بە دوای کەم و زۆرکردنی ڕادە و ڕێژەی کەسانن لە توێژە جیاوازەکانی وەك لاوان ، ژنان ، “بەمێزەر” و بێمێزەر” ( “با کلاە” و “بی کلاە”) و زۆر شتی دیکەی لەو جۆرە. هێندێک باس لە کرانەوە دەکەن و لە هەوڵی کردنەوەی زیاتری دەرگاکان بە ڕووی ئابووریی ڕۆژاوا و دونیای دەرەوەدان و زۆر هێند و بڕی گەورە و بچووکی دیکەش هەن بە دوای داوی خولیا و خەیاڵ و حەزی بەرز و نزمەوە.

ڕۆژی کورد: ئایا به‌ ڕای ئێوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران دا هه‌لومه‌رج بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ کەش و هەوای هه‌ڵبژاردن ده‌خوڵقێ ؟

عەبباسی: بەپێی ئەوەی لە مەودای تەمەنی سیوپێنج ساڵەی “کۆماری ئیسلامیی ئێران”دا بیندراوە و بە پشتبەستن بەوەش کە لەوەپێش باسکرا، لەو باوەڕە داین کە هیچ هیوا و هومێدێك بۆ هیچ جۆرە ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنیی لە ئەنجامی هیچ هەڵبژاردنێک لە ئێران و کوردستان نیە، چونکە بنەماکان داڕژاو و کۆنکرێتیین، تێپەڕینی زەمان و هاتن و چوونی کەسەکان و مۆرەکان هیچ ئاماژەیەک بە کرانەوەی کەشی ئازاد و دڵخواز و جێی ئومێدی بڕێک لە خەڵکی ئێران نیە.

ڕۆژی کورد: تاكتیكی بایكۆتی چالاك واته‌ ته‌حریمی فه‌عال چۆن ده‌توانرێ سازمان بدرێ و رێكخستنی بۆ بكرێ ؟

عەبباسی: بەهۆی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینیی و مەزەبیی و تێکهەڵکێشێک کە نەتەوەکانی نێو چوارچێوەی ئێرانی ئێستای پێکەوە بەستۆتەوە بایکۆتی کاریگەر لە ئێستادا ڕێک ناخرێ و ڕێ ناخرێ. بایکۆتەکان بە شێوەی پڕژوبڵاون و زۆرتر هەر بۆ ئەستۆپاکیی و هاتنەدەر لەژێر باری ئۆباڵ و خۆدوورخستنەوەیە لە زەلکاوی خەیانەت، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین کە دەکرێ هێمایەکیش بێ بۆ بێهێزیی.

لە دۆخێکی ئاوادا تەنیا هۆکار و پاڵنەرێک، کە دەتوانێ مەودای بایکۆت بەرینتر و هەودای هەڵوێست قایمتر بکا ئەوەیە کە تێکڕای ئەوانەی مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە بە چاوێکی واقعبینانە کارنامە و مێژووی کۆماری بەنێو ئیسلامیی وەخوێنن و لەو ڕاستییە ئاگادار بن کە لە هەموو قۆناغەکانی تەمەنی ئەو دەسەڵاتەدا جڵەوی فەرمانڕەوایی بەدەست هەر کەس و تاقمێکەوە بووبێ، سیاسەتی ڕژیمەکە هەر سەرکوت و چەوساندنەوە و کوشت و بڕ و پێشێلکردنی ئازادیی بووە. مەبەستی ڕژیم لەو کارانە ئەوە بووە کە بەشداریی و دەنگی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا وەک مۆری پەسندکردنی ئەو سیاسەتانە بەکاربێنێ و سەرانی دەسەڵاتیش هەر بۆ ڕەواییدان بە ڕەوت و ڕێبازی لەپێشدا داڕژاوی خۆیان کەڵکیان لە خەڵک وەرگرتووە.

چاوخشاندنێکی سادە بەسەر یاسا و بەندەکانی تایبەت بە خۆکاندیکردن و دەنگدان نیشانی دەدا کە دانانی ئەو هەموو بەربەست و کۆسپ و پێوەرانە، کە بە مەیلی دەمڕاستەکانی کۆماری ئاخوندەکان کراونە لەمپەر لەبەر دەم و سەر ڕێگەی پاڵێوراوەکان، بەر لە هەڵبژاردن ئەنجام و ئاکامەکەی بۆ هەموو خەڵک ئاشکرا دەکا و دەیسەلمێنێ کە جەماوەر بەشداریی بکەن یان نا، ئەوەی دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێ کەسێکە ڕەچاوی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت دەکا کە دژ و پێچەوانەی بەرژەوەندیی و ماف و ئازادییەکانی خەڵکە.

پێمانوایە ئەگەر خەڵك بەم تێڕوانینە تاوتوی دۆخی هەڵبژاردن لە ئێرانی ژێر سایەی ئاخوندەکان بکەن و هەڵیسەنگێنن، ئەو ڕاستییەیان بۆ دەردەکەوێ کە بە چوونیان بۆ سەر سندووق و بە دەنگی خۆیان دەبنە هاودەنگ و هاوهەڵوێست لەگەڵ کاربەدەستانی ڕژیم و بەرپرسیار دەبن لە ئەنجامی کارنامەی پڕ لە تاوانی ڕژیم. لە حاڵەتێکی وادا دەکرێ گەشبین و دڵخۆش بین کە ڕەوتی بایکۆت فراوانتر و کاراتر دەبێ و بەرهەمی دڵخوازی دەبێ.

 

http://www.rojikurd.net/sinduqi-dengdan-baykot-abbasi/